Monday, April 7, 2014









 
http://www.emrro.com/kaziwesalihleshesh.htm




کازیوە ساڵح لە شەش مانگی رابردوودا سێ پەرتووکی بە چاپ گەیشتن.




لە هەموو شوێنێک ئاسمان شینە.

''لە هەموو شوێنێک ئاسمان شینە'' کۆمەڵێک دیدار لە لایەن کۆمەڵێ ڕۆژنامەنووسی جیاوازەوە لە گەڵ نووسەر سازدراوە ، لە دوو تۆی ٢٨٠ لاپەرەدا دەزگای سەردەم چاپی کردوە.







خطیبی الطینی.

''خطیبی الطینی'' کۆمەڵە چیرۆکێک بە زمانی عەرەبی دەزگای چاپ و پەخشی ' الجمل' لە بەیروت/ لوبنان بە چاپی گەیاندوە ، قەوارەی ئەم پەرتووکە ١٨٠ لاپەڕەیە، ئەم چیرۆکانە لە لایەن جمعە جبارییەوە وەرگێرادراوەتە سەر زمانی عەرەبی.

 
 
 
 
 
 
دەزگیرانە قوڕینەکەم:

''دەزگیرانە قوڕینەکەم'' کە پێک هاتووە لە ٢٨ کورتە چیرۆک ، لە دوو توێ پەرتووکێکی ٢٠٨ لاپەڕەیدا بە چاپ گەشت. دەزگای ئاراس بە چاپی گەیاندوە ، لە پێشانگای پەرتووک لە هۆڵی میدیا لە هەولێر و پەرتووکخانەی ئەندێشە سلێمانی دەست دەکەوێت. چیڕۆکەکانی ناو ئەم پەرتووکە ژمارەیەکی بڵاو کراونەتەوە و ژمارەیەکیشی لە هیچ شوێنێک پێشتر بڵاو نەکراونەتەوە.

 
 
ئەم زانیاریانە سەبارەت بە نووسەر لە دوا لاپەڕەی پەرتووکەکاندا بڵاوکراونەتەوە.

پەرتووکە چاپکراوەکانی نووسەر:

١- لە هەموو شوێنێک ئاسمان شینە ، کۆمەڵێک دیدار ، دەزگای ئاراس ، هەولێر ، ٢٠١٣.
٢- ' خگیبی الگینی" کۆمەڵە چیرۆک ، دەزگی چاپ و پەخشی ' الجمل' ٢٠١٣ بەیروت - لوبنان.
٣- دەزگیرانە قوڕینەکەم ، کۆمەڵە چیرۆک ، دەزگای وەشاندنی ئاراس ، ٢٠١٢.
٤- نامەکان بەر لە مردن ناخوێندرێنەوە ، کۆمەڵە چیرۆک، دەزگای وەشاندنی ئاراس ، ٢٠٠٤.
٥- حیکمەتەکانی بە قەرەج بوونم ، کۆمەڵە چیرۆک، دەزگای زاموا چاپی یەکەم و گۆڤاری نڤار چاپی دووەمی بڵاو کردوەتەوە، ١٩٩٨.
٦- فێمنستناسی و جڤاکی کوردی ، لێکۆڵینەوە ، دەزگای وەشاندنی ئاراس، ٢٠٠٥ .
٧- ژنی کورد لە دەروازەی هەزارەی سێهەم و سەردەمی بە جیهانی بووندا ، کۆمەڵە وتار ، دەزگای وەشاندنی سەردەم ،٢٠٠٢.
٨- دوو هاوڕێ و جادووگەریەک ، چیرۆک بۆ مناڵان، دەزگای وەشاندنی ئاراس ، ٢٠٠٣.
٩- هاوناز و خاڵخاڵۆکە، چیرۆک بۆ مناڵان، دەزگای ئێم .ئەی. جی ، بە هەردوو زمانی ئنگلیزی و کوردی ( سۆرانی و بادینی) بڵاوکردوەتەوە بە سەر قوتابخانەکانی کوردستاندا ، ١٩٩٩.
١٠- باخچە ، ڕۆمان ،وەرگێران ، لە نووسینی 'مارگرێت دۆرا' لە بڵاوکراوەکانی گۆڤاری نڤارە ، ٢٠٠٠.
١١- پرۆژەیەک بۆ تێکشکاننی بێ دەنگی لە سەر پرسی ئەنفال ، ڕاو و بۆچوونەکانی نووسەرە سەبارەت بە کۆکوژی کورد ' ئەنفال ' ئەم دواندنە لە لایەن ڕۆژنامەنووس تەها سلێمانەوە ئەنجام دراوە و ڕۆژنامەی ڕیگای کوردستان ئەم پەرتووکەی چاپ کردوە ، ٢٠٠٨.
١٢- بەشداریکرسنی نووسەر لە پەرتووکی" گفتووگۆ لە سەر خوانی خوێنین" دیالۆگی کۆمەڵێک نووسەرە سەبارەت بە پرسی ئەنفال و جینۆسایدی کورد ، لە سازدانی حەمە کاکە ڕەش ، لە بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەی هاوڵاتی ، ٢٠٠٧.

ئەزموونی ڕۆژنامەنووسی:

١- لە ساڵی ١٩٩٨ گۆڤاری " نڤار" ی دەرکرد ، گۆڤاریەکی فکری و تیوری بوو. ئەم گۆڤارە ڕووبەڕووی دوو جۆر کێشە بوویەوە : یەکێکی یاسایی لە بەر ئەوەی یەکەم ژن بوو گۆڤارێک دەربکات لە کوردستاندا، تا ئەو کاتە وەزارەتی ڕۆشنبیری یاسایی مۆڵەتدانی بە تاک و ژن نەبوو، پێێ گوترا مۆڵەت بۆ کەسی 'مادی و مەعنەوی' ئەبێت ، بۆیە ناچار بوو پیاوێک بکات بە خاوەنی ئیمتیاز . دووەم کێشەی توندڕەوەکان کە ڕووبەڕووبونەوەی فکری و دیالۆگیان پێ پەسەند نە ئەکرا... ئەم گۆڤارە لە ژێر ئەم جۆرە فشارانەدا لە ساڵی ٢٠٠٠ داخرا.
٢- ساڵی ٢٠٠٠ گۆڤاری ' نوێکار' دەرکرد وەکو سەرنووسەر و خاوەنی ئیمتیاز ، گۆڤارێکی فکری ، تیوری و ڕاڤەیی بوو ، بایەخی بە کێشەکانی کۆمەڵی مەدەنی و بە جیهانی بوون ئەدا ، بەردەوام بوو هەتا ٢٠٠١ و بە جێهشتنی کوردستان لە لایەن نووسەرەوە.
٣- ساڵی ٢٠٠٧ بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی ' ئەمڕۆ ' بووە.
٤- ساڵی ٢٠٠١ یەکەم ئافرەتی کورد بووە بانگههێشت کراوەو سەفەری میسری کردوە بۆ کاری ڕۆشنبیری و پاشان لوبنان .

ئەو خەڵاتانەی نووسەر وەریگرتوون:

١- خەڵاتی یەکەمی ڤێستڤاڵی ' ئامێتا ' بۆ ئەدەب و هونەر ساڵی ٢٠٠١.
٢- خەڵاتی یەکەمی ڤێستڤاڵی ' ئامێتا ' بۆ ئەدەب و هونەر ساڵی ٢٠٠٢.
٣- خەڵاتی حزبی سۆشیالستی کوردستان بۆ ' ڕۆژنامەنووسانی چالاک' ساڵی ٢٠٠٣.

نووسەر هەڵگری بڕوانامەی:

١- بەکالۆریوس لە کەمیونیکەیشن ، زانکۆی یورک، کەنەدا.
٢- دبلۆمی باڵا لە ڕۆژنامەنووسید ، کۆلێجی شەرەدن ، کەنەدا.
٣- بڕوانامەی باڵا لە فشار و قەیرانەکانی پەناهەندە و کۆچبەر، زانکۆی یورک ، کەنەدا.

نووسەر ئێستا خوێندکاری خوێندی باڵایە ، نیشتەجێی کەنەدا و خەڵکی باشوری کوردستانە.
 

بەرایی لە هەموو شوێنێک ئاسمان شینە.
- بە پێنووسی نووسەر خۆی -
 

ئەگەر بتەوێت پەلەکەزێڕێنە ببینت پیویستە نیگات بە ئاسماندا هەڵواسیت. ئەگەر هێزێکی ناچیزە ئاسمانی شینی پەردەپۆشی ڕەش کرد لێت ، ئەوا نیشتمان بخەرە جانتای سەفەرێکەوە و بیبە بۆ بەر هەتاو و ڕۆناکی ئاسمانێکی تر ، چوون لە هەموو شوێنێک ئاسمان هەیە و لە هەموو شوێنێکیش ئاسمان هەر شینە . تەنها جیاوازیەک لە سایەی هەندێک ئاسماندا مرۆڤی تاریکی پەرست زۆرە، بەڵام تەنها ڕوناکی پەرستەکان پەلکە زێرینە ئەبینین، وە تەنها مرۆڤ گەشبینەکان ڕوو لە ئاسمان و پشت لە تاریکی هەنگاو ئەنێن. ئەم جوتەش هاوتەریب نین و نابن ، هێز و دەسەڵات چونکە عاشقی شەمەشەمە کوێرەیە ، زیاتر لە ئامێزی ئاریکی پەرستەکانەوە باڵا ئەبێ و بە خراپی بە کاردەهێنرێت . تاریکی پەرست هەمیشە ترسی ئەوەی هەیە تۆ هەموو خەڵک فێر بکەیت ببن بە هاوڕێی ئەستێرە، بۆ ئەوەی هێزی ڕوناکی شوێن بە تاریکی لێژ نەکات ، وەدەرئەنرێیت لە ژێر ئاسمانێکدا کە ئەسێرەکانی بوون بە هاوڕێت . بەمەشیان نیگەران مەبە چونکە مرۆڤی ڕوناکی پەرست وەکو باڵندە لە دووری هەزران مایلەو جوانتر ڕاڤەی تاریکی پێ ئەکرێت. ئەکرێت ببیت بە باڵندەیەکی بریندار ، بەڵام دواجار وەکو جەلالەدینی ڕۆمی ئەفەرمویت، " برین ئەو پەنجەرەیە کە ڕوناکی دەهێنێتە ناوتەوە" و نیشتمانیش کاتێک جوانترە کە تۆ بزانیت لە چ ساتێکد و لە کوێدا و بە چ میکانیزمێک پریاسکەی غەمەکانی بکەیتەوە. خوێندنەوەی ئەم دیدارانە و بەراورد بە ساتی دەربڕینیان لە ژێر دوو ئاسمانی دوو شوێنی جیاوازدا ئەو ڕاستیانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد ئەسلمێنێت. هەندێک هاوڕێی نزیک و دڵسۆز گلەییان لێ کردم کە نەئەبوو دەرگای زۆر فکر و کاری جدی لە دیدارەکانما بکەمەوە ، کە دەبوو ببن بە پرۆژەی لێکۆڵینەوەی جدی لە داهاتوودا . بەڵام من ئەمەم بە مەبەست کردوە ، چونک لە ئەمڕۆدا ئەژیم، گەر ئەمڕۆ ئەو کاتەم بۆ نەرەخسا و گارەنتی سبەیش ناکەم ، با ئەوەی من ئەڵێم لە جەند دێڕیکدا لای کەسێکی دی ببن بە پرۆژەی جدی بە مەرجێک ئاماژە بە سەرچاوەکەی بدات. دڵتەنگم بەوەی کەسانێک هەن ' زیاتر ڕەگەزی مێن' وەڵامی پەسیارێکم و پەرەگرافی نووسینێکم ئەلکێنن بە یەکەوە بە ناوی خۆیانەوە بە سەقەتی بڵاو ئەکەنەوە، ئەمەیە تاریکستانی ڕاستەقینە. کۆکردنەوەی ئەم دیدارانە لە بەرگی پەرتووکێکدا ڕووی ڕاستەقینەی ئەم جۆرە ' گێل' ە نووسەرە ئاسانترهەڵئەماڵێت، هەتا ئەو کاتەی خۆم هەلم بۆ ئەرەخسێ و ڕیسی چەند ساڵەیان لێ ئەکەمەوە بە خۆری. خوازیارم هێزێک و یاسایەک لە کوردستاندا دروست ببێت بۆ پاراستنی موڵکی فکری نووسەر و دژی ئەم جۆرە تریسکتانە بوەستن.

ئەوەی دەخوێننەوە سەرجەم دیدارەکان نین ، لە قەیرانی ئەرشیفکردن و ئنتەرنێت لە دنیای کوردیدا هەر ئەوەندەم پێ کۆکرایەوە. خوازیارم لە داهاتوودا ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دیداریان لە گەڵ ئەنجام داوم خۆیان بە فایل بۆم ڕەوانە بکەن ، بۆ ئەوەی لە دووەم چاپکردندا سەرباری ئەمانەی ئێستا بکرێن . جگە لەمەش بە هۆی نەبوونی کاتەوە بۆ پێداچوونەوە ، ئەکرێت کەم و کوڕی تێ بکەوێت ، داوای بەخشین لە خوێنەرانی میهرەبان ئەکەم ، با وا بخوازین کە سبەی لە ئەمڕۆ باشتر ئەبێت و بەرگی دووەم بێ کەم و کوڕی و جێگەی هەموو دیدارە ونبووکانی ئێستا ئەبێت.

No comments:

Post a Comment