Wednesday, January 28, 2015

عەشتار

جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری ئێزدیەکان
کازیوە ساڵح
٦
عەشتار
 
شوێنەوارە کلپوریەکانی ناوچەکانی هلال خەسب و دۆڵی ڕافدەین،شتال حیوک و خوارووی ئەنازۆل و چیای زاگرۆس بوونی دوو جۆر شارستانیەتی سەلماندوە یەکێکیان چەرخی بەردین ، ئەم چەرخە سێ ملیون و چوارسەد ساڵ دڕێژەی کێشاوە و لە نێوان ٦٠٠٠-بۆ ٢٠٠٠ پێش زاین کۆتایی هاتووە ( 2008Lawrence& Peter) بە دوای ئەم مێژووەشدا شارستانیەتی کشتوکاڵی دەرکەوتووە کە کە مرۆڤ تێدا فێری کشتوکاڵ و ئاژەڵ پەروەردەکردن و نیشتەجێ بوون بووە ئەمەش مێژووەکەی ئەگەڕێتەووە بۆ نێوان ١٠٠٠٠ ساڵ بۆ ٤٥٠ هەزار پێش زاین. ئەم هۆشیاریەی مرۆڤ بە لوغزی عەشتار ناوبراوە ، کە پابەندە بە مێژووی شارستانیەتی بابلیەکانەوە ، وەکو پێشتر باسم کرد چوون سروشتی زەوی و کشتوکاڵ بە سروشت و بەرهەمی ژنەوە چوێندرابوو
عەشتار خوداوەندی گەورەی دایک بووە ، هێمای خۆشەویستی و سێکس ؛ جوانی و میهرەبانی ، هێز و شەڕ بووە لای بابلیەکان ، بەرانبەر بەمە ئینانا لای سۆمەریەکان ، عەشارۆت لای فینیقیەکان، ئافرۆدیت لای یونانی ، ڤینۆس لای ڕۆمانی و دایکە میترا لای کورد. بە شیوەیەکی گشتی لای هەموان هێمای خوداوەندی دایک ، پیت و بەرەکەت زاڵ بووە بە سەر هێماکانی دیدا کە لە سەردەمی بابلیەکاندا باوەڕییان پێ ىووە . عەشتار کچی خوداوەندی مانگ ' سین ' بووە ، دایکی خوداوەند ننکال بووە ، براکەی ' ئۆتۆ' خوداوەندی هەتاو ، خوشکەکەی ' ئەرشیکیجال' خوداوەندی جیهانی ژێر زەوی واتە خوداوەدنی مردووان بووە. چیرۆکی عەشتار بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە گەلگامشدا داڕێژراوە
پەرستگەی عەشتار لە لایەن نبوخود نەسری دووهەمەوە پادشای بابلیەکان لە ساڵی ٥٧٥ پ ز لە عێراقی ئەمڕۆدا دروست ئەکرێت . لە سەر دیوارەکانی بە پێێ ژمارەی ئەو ساڵە وێنەی ٥٧٥ پێنج سەد و حەفتاو پێنج ئاژەڵ لە سەر دیوارەکانی ئەنەخشرێت.دوای پێی ئەوترێت دەروازەی بابل ، چونکە خاوەنی گەورەترین و بەناوبانگترین دەروازەی ئەو کاتە ئەبێت بە هۆی نەخش و ماتریاڵە نایابانەی لێێ دروستکرابوو.Robert Koldewey ڕۆبێرت یوهان کوڵدوەی ( ١٠-٠٩-١٨٥٥ _ ٤-٢-١٩٢٥ )کە ئارکیوالیجیست و پسپۆڕی بواری شوێنەوار ناسی ئەڵمانیە ، لە ساڵی ١٨١٩ وە بەوە ناسراوە کە یەکەم کەس بێت شاری بابل و ئاسەوارەکانی دۆزییوەتەوە و هەر لە بەر ئەوەشە ئێستا ئاسەواری بابل و دەروازەی عەشتار لە مۆزەخانەی برگاموون لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ، گوایە لە ڕێگەی ئەم زانایەوە گوازراوەتەوە. هەر ئەویش ئەڵێت باخچە هەڵواسراوەکانی بابلی دۆزییەوە کە لە ساڵی ٥٨٠ پ.ز دا لە لایەن نبوخود نەسرەوە دروستکراوە تەنها پێنج ساڵ پاش دەروازەی عەشتار.
کۆڵدوەی دوو سێ نهێنی لە لێکۆڵینەوەکانیدا لە سەر بابل درکاندووە، یەکیکیان تیوریەکی نوێی ئارکیوالیجیست کە دۆزینەوەی خشتی قوڕ بووە ، مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێشتر تیوری بونیادنانی خانووبەرە بووە ، هەتا ئەو کاتە ئەم زانایەدۆزێتەوە تیوریەک نەبووە لای ڕۆژئاوایەکان. واتە سەرەتای شارستانیەتی بونیادنان و بیناسازی لەڕۆژهەڵاتدا . دووەم ، باس لەوە ئەکات کە شارستانیەتی بابلیون و ئاسەواری عەشتار ، بە باخچە هەڵواسراوەکانیشەوە لە لایەن عوسمانیەکانەوە بە تەواوی ون و خاپور کرابێت و لە سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلام و فتوحاتەکانی زیاتر زیانیان پێ گەیاندووە بەڵام عوسمانیەکان خاپوریان کردووە. دیارە سەردەمی عوسمانیەکانیش وەکو ئێستای داعش و مێژووی ڕابردووتریش شۆڕشی ئیسلامیان ئەکرد ، بۆیە دوژمنی شارستانیەت و شوێنەواری شارستانی بوو و هەرچیک شارستانیەتێک لە دەستی فتوحاتە ئیسلامیەکان مابێتەوە عوسمانیەکان بۆیان تەواوکردوون لە کاولکاریدا و ئەمڕۆش داعش ئەو ئەرکە تەواو ئەکات. خاڵی سیهەم کە لەلایەنئەم زانایەوە باسکراوە ئەوەیە کە نبوخود نەسر هەردوو دەروازەی عەشتار و باخچە هەڵواسراوەکانی لە پێناوی هاوسەرەکەیدا دروست کردووە. ئەم دوو فاکتەرە شارستانیە ئەچنە ڕیزی حەوت شتە سەرسوڕهێنەرەکەی جیهانەوە. بەلام سەرسوڕهێنەرانە عەرەب و ئاینەکەیان ئاڵای ڕەشی مەرگ لە شوێنی بەرزیەکەنەوە، چوونکە عەرەب دامەزرێنەری نەبووە
پاش نزیکەی سەدەیەک لە گواستنەوەی بەشێکی بچووک و دۆزراوەی ئەم شوێنەوارە بۆ ئەڵمانیا ، عەرەب چاوی ئەکاتەوە و تێ ئەگات کە شوێنەوار ڕەسەنیەتی شارەستانیەت و مێژووی پێ ئەسلمێنێرێت، بە تایبەت لە جیهانی ڕۆژئاوادا، بۆ سەلماندنی خۆیان وەکو یەکێک لە نەتەوە بنەچەیی و ڕەسەنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی عەشتار لای عەرەب و عێراقیە تێکەڵەکانی ئەمڕۆ ئەبێت بە هیمای شارستاینەت و شانازی کلتوری و بەڵگە بۆ یەکەم شارستانیەت بوونی ئەوان و لەوانەوە مرۆڤ فێری ژیانکردن بووە و پێستی ئاژەڵی و بەربەریەت فڕێداوە و و پێستی مرۆڤایەتی ژیاندۆستی پۆشیوە. تێڕامانی مرۆڤ لەوێدا چەق ئەبەستێت لەو چاوکردنەوەی عەرەبدا خاوەنی مێژووەی ڕاستەقینە کە کلدانیەکانە لە ڕووی سەلماندنی ئەو شارستانیەتەوە وەکو بەڵگەی مێژووی ونکراون ، وەکو بەڵگەی مرۆییش ئەمڕۆ خۆشیان لە عێراقدا لە لایەن داعشەوە لە ناو ئەبرێن و ون ئەکرێن.
تا ئێرە بوونی خوداوەند بەڵگەی دروستبوونی هۆشیاری داوەری و بەڕیوەبردن ئەگەیەنێت لای مرۆڤ. ئە وکاتەی هۆشیار ئەبێتەوە سەبارەت بە هێز و ئەو تەکنیک و ستراتیژانەی کە مرۆڤ وێک ئەخات و پێکەوە ژیانی ئاشتاینەی بۆ فەراهەم ئەهێنێت. بیکردنەوە لە بوونی خوداوەند جگە دروستکردنی بەڵگەیەک هێڵە راستەکانی ژیانی پێ بنەخشێنرێت و ترسێک مرۆڤ لەو هێڵە سوورە نەچێتە دەرێ وەکو ڕایەڵەیەک بۆ بوونی پرەنسیپی کۆمەڵایەتی ، کە دواجار ئەم دیدەبینیە ئەبێت بە بونیادی یاسا و داوەری، دۆزینەوەی کاریگەری ئومێدیش بووە لە رێکخستنی ژیاندا. ئەو مرۆڤەی بە ئومێدەوە لە بتێک یان بەشێک سروشت ڕوانیوەوە و پاراوەتەوە بۆ چاکبوونەوە لە نەخۆشیەکان و چارەسەری کێشەکانی ژیانی، ، سایکۆلۆژیای ئومێد هەستی ئەیجنسی وپشتیوانی لا دروستکردووە ، هەبوونی ئەو بارە سایکۆلۆژیەش چارەسەری نێوەی هەر کێشەیەکی مرۆڤە. درککردن بەو ڕاستیە وایکردووە ئەو سروشتانە لە سەرجەم دیانەت وکلتورەکاندا هەتا ئەمڕۆ پەیڕەو بکرێت و هەر کلتوریەکیش ڕێژەیەکی تیا بگۆڕێت بۆ ئەوەی مۆرکی ئەتنیکی خۆی بەسەرەوە بە جێ بهێڵێت.
مۆرکی ئەتنیکی و مێژووی کورد بە هەر یەک لەشارستانیەتە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتدا نەخشاوە ، پشت گوێخستن و لێکۆلێنەوە نەکردن لە سەر موڵکی مێژووی کورد وایکردووە کە تەنانەت کورد خۆشی ئەو مێژوو و مۆرکە کودانە نەناسێتەوە . وون بوون لە نێو زانیارە نادروستەکانی دەرەوە و نەبوونی غەمی لۆکاڵ بەرانبەر ئەو زانیاریانە کورد بە گشتی و ئیزیدی بە تایبەتی کردووە بە قوربانی و ئەو کلتورەی هەموو نەتەوەکان وێنایان کردووە لە ژیانیاندا بۆ ئێزیدی پەسەند ناکرێت و ئەبێت وێناکردنی مەرگی . چونکە ئێمە نەتەوەیەکی مناڵێن فەیلەسووفی ڕۆمانی سیسیرۆ ئەڵێت ، هیچ شتێک دەربارەی ڕووداوەکانی پێش لە دایک بوونی خۆت نەزانیت. مانای ئەوەیە تۆ هەمیشە مناڵیت. ئەمە بۆ نەتەوەش هەر راستە، هەر نەتەوەیەک دەربارەی مێژووی ڕابردووی خۆی نەزانێت هەمیشە نەتەوەیەکی مناڵە ، مناڵیش پیویستی بە چاودێر هەیە و ناتوانێت سەربەخۆ بێت.
ئێمە کارێکمان بە عەشتار نیە ئەگەر کورد پشکی لەو شارستانیەتدا نەبێت و پەیوەندی بە جینۆسایدی ئێزیدیشەوە نیە ئەگەر ئێزیدی سەرقافلەی ئەو پشکە نەبێت. کەواتە پشکی کورد لە شارستانیەتی سۆمەریدا بە تایبەت لە بایۆگرافی خوداوەندی دایک عەشتاردا چی یە؟ و چۆن هەتا ئەمڕۆ ئێزیدی بووە بە درێژە پێدەر و پارێزەری ئەو پشکە ؟  
سەرچاوەکان:

  • Barham, Lawrence; Mitchell, Peter (2008). The First Africans: African Archaeology from the Earliest Toolmakers to Most Recent Foragers. Cambridge World Archaeology. Oxford: Oxford University Press.
  • Trans. N. K. Sandars. Harmondsworth The Epic of Gilgamesh.: Penguin, 1985.
  • The Hanging Gardens of Babylon”. http://www.unmuseum.org/hangg.htm.


لە ژمارە223ی ڕۆژنامەی باسدا بڵاو بووەتەوە

Thursday, January 22, 2015

مرۆڤ: تێڕامان لە سروشت و ژن پەرەستی

جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری ئێزدیەکان
کازیوە ساڵح
5
__ مرۆڤ یەکەم شت زەوی-خاکی ناسیوە. سروشتی زەویشی بە سروشتی ژن چواندووە ، لە بەر ئەوەیە ئەوترێت خاکی دایک نەک خاکی باوک
مرۆڤ: تێڕامان لە سروشت و ژن پەرەستی:
سەرەتای شارستانیەتەکان ئەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥٥٠٠ پێنج هەزار و پێنج ساڵ بەر لە ئێستا. ئەو کات تەنها چەند شارستانیەتێک لە جیهاندا هەبوو، بەڵام یەکەمیان ئەو شارستانیەتە بوو کە کوردیش ( دیارە ئێزیدیش ئەگرێتەوە) بەشێک بوون و نیشتەجێی ئەو یەکەمین شارستانیەتە بوون . چوون مێژووی شارستانیەتەکان لە دۆڵی دوو ڕوبار ( دیجلە و فرات ) لە ٣٥٠٠ ی پێش زایین بۆ دۆڵی نیل ( میسری کۆن )٣٠٠٠پ ز دەستی پێکردووە . پاشان * شارستانیەتی دۆڵی ئندۆس ٢٤٠٠پ ز دەرکەوتوو کە شوێنی پاکستانی ئەمڕۆ ئەکات، پاشان دۆڵی دەریای زەرد لە سین دەرکەوتووە لە ٢٠٠٠پ ز. (Brownو 2008) . شارستانیەتەاکنی دی ، بەوەی ڕۆژئاوا شەوە نزیکەی سەدەیەک دوای ئەم شارستانیەتانە سەر هەڵ ئەدات .
ئەو کات مرۆڤ بەرانبەر دیارەدە سروشتیە سەر سوڕهێنەر و تەرجەمە نەکراوەکان بوونەوەریەکی نەوی و بێ دەسەڵات بووە. لە گەڵ ئەوەی ئەوترێت ئاوەزی مرۆڤ سەرەتایی بووە ، بۆیە نەیواتوانیوە ڕووبەڕووی دیاردەکان ببێتەوە . بەڵام من ئەوە بە زیادەڕووی ئەبینم بەراورد بەو کار و داهێنانە کراون لەو کاتەدا ، بەڵکو پێم وایە لەو کاتەدا مرۆڤ یەکەم زیان لێ کەوتووی کەمی ژمارەی خۆی بووە. چوون "لە سەدا سێ ٣% سەر زەوی مرۆڤی تێدا بووە و لە سەدا نەوەد و حەوت ٩٧% سروشت و زەوی بەتاڵ بووە" (MacCready, 1998) لەو سەردەمەدا.کەواتە توانای ژمارەی مرۆیی کەم بووە نەک توانای عەقڵی. بەو بەڵگەی هەتا ئەمڕۆش جگە لە سەرسوڕمان بۆ ژمارەیەک لە کارەکان و داهێنانە پزیشکی و بە تایبەت دەرمانی ڕووەکی، مۆمیاکردنی مرۆڤ، نەخشەی ئەندازیاری ،تا هەنوکەش تەکنیکی ژمارەیەک لە کارەکانیان نەدۆزراوەو پەی پێ نەبراون.

لە مەسەلەی ڕووبەڕووبونەوەی مرۆڤ لە گەڵ سروشتدا یەکەم شت بیری لێکردووەتەوە زەوی بووە. زەوی یەکەم فاکتەری ژیان بووە ناسیویەتی و بەر بوومی خواردووە و بە سەرچاوەی سەرەکی ژیانی مرۆڤ ناسراوە. ناسینی زەوی وای لێکردووە تەنها بیر لە سروشت نەکەنەوە بەڵکو سروشتی مرۆڤیش بخەنە ژێر تاقیکردنەوە. لێرەوە مرۆڤی کۆن لە زەویدا بۆ سروشتی مرۆڤ گەڕاوە، بۆ نموونە ، سروشتی زەوی بە سروشتی ژن چواندووە، بینویەتی ژن و زەوی سروشت و کردار و بەرهەمیان وەکو یەکە. ژنیش تەنها بوونەوەرێک سروشتی زەوی هەبێت. لایان وابوو ژن تەنها بوونەوەرێکە هەڵگرو هێنەری مناڵە ، تەنها مناڵەکە ناخاتەوە بەڵکو ئاگای لێی دەبێت و جەستەی ئەوەندە پیتی تیدایە کە بەخێوی بکات. هەر وەکو چۆن زەوی دەنکێ گەنم لە هەناویدا هەڵدەگرێ و ئەوەندەشی خۆراک داداتێ ببێت بە سەدان دەنکە گەنم و لێرەوە ژیان و بەردەوامی بە تاکەکان ئەبەخشێت، واتە ئەوەی جەستەی زەوی بە مرۆڤی گەورەی دەدات، جەستەی دایک بە مناڵی ئەبەخشێت. بۆیە زەوی ناوی نراوە دایکی میهرەبان و دایکە گەورە. لێرەوە هەموو هەوڵێک دراوە دایکە زەوی توڕە نەکرێت، خزمەت بکرێت ، شانامەی پیا بوترێت هەتا ئەگات بە ئاستی پەرەستن. تێڕامانەکانی تەنها لە میانەی سوڕی زەوییە نیە بەراورد بە ژن. بەڵکو لە هەماهەنگی سوڕی زەوی و سوڕی مانگدا و هاوتەریبی لە گەڵ سروشتی ژندا هاتووە. چوون پاش زەوی مانگ و ڕٶژ ، بە تایبەت سووڕی مانگ و دەرکەوتن و دیار نەمانی ئەبێت بە خولیای مرۆڤ.
لێرەوە مرۆڤ بیری بۆ لای پەروەردگار و دروستکار ، ڕۆژ و مانگ ، زەوی و ئاسمان و ڕۆناکی تاریکی ڕۆشت. بەڵام زەوی بە گرنگترین سەرچاوە مایەوە لایان. بە تێگەشتن لە مانگ ژن پایەگایەکی گرنگتری بۆ دەستەبەر بوو. چوون کە سروشتی مرۆڤیان بەراورد کرد بە سروشتی مانگ بینیان ژن تەنها بوونەوەریەکی سەر زەوی بوو سروشتی لە گەڵ سروشتی مانگدا ئەگونجێت. بینیان سووڕی مانگانەی ژن یەکسانە بە سوڕی خوڵانەوەی مانگ لە ماوەی ٢٨ بۆ ٢٩ ڕۆژدا . بینیان جوڵەی مانگ و دەرکەوتنی هیلال لە چواردەدا ، پاشان سێ ڕۆژ بەرەرەو دیار نەما ئەچێت ، وەکو چۆن سووڕی مانگانەی ژن لە ماوەی سێ بۆ چوار ڕۆژ بەرەوە نەمان ئەچێت ( الجندی، ١٩٩٨،Budge, 2010 , Kriwaczek, 2012 ). ئەوەی مرۆڤی کۆن پەی پێ نەبردووە ئەو ڕاستییە کە سووڕی مانگ ودەرکەوتنی بەدر لە ١٤دەدا لە سووڕی مانگانەی ژندا کاتی دەرکەوتنی هیرموونی پیتاندنە . لەو سووڕەدا ژن دووگیان ئەبێت.لێک چوونی سروشتی بایۆلۆجی و بەرهەمی ژن بە بەرهەم و فاکتەرەکانی سروشت وایکرد مرۆڤی کۆن ڕێزێکی بێ وێنەی بۆ ژن هەبێت ، چوونکە تەنها بووەنەوەێکی سەر زەوی بوو کە سروشتی خوای هەبوو . لای ئەوان خوا زەوی و ئاسمان و مانگ و ڕۆژ و ڕۆناکی و ژن هەمووی یەک بوون. لەم ڕوانگەیەوە زەوی و ژن بە یەکەوە ناو نرا دایکەگەورە. ئیتر ئەم کلتورە ژنی کرد بە خواوەند و یەکەم دەسەڵاتی سەر زەوی. .
ئەفسانە لە میانەی کێشەکانی مرۆڤ لە تەک ژینگەی دەروربەر هاتووەتە ئاراوە ، ئاراستەی هۆشیاری مرۆڤی کردووە دەربارەی تەگەرەکانی ژیان . لە بەر ئەوەی یەکەم کێشەی مرۆڤ لە گەڵ سروشت بووە ، سروشتیش ناونرا دایکە گەورە. بۆ ڕازیکردنی دایکە گەورەو پاڕانەوە لێی پەیکەریان بۆ دروستکرد و لە شوێنی تایبەت و خاوێندا دایان ناوە کە دوای ناوی نرا پەرستگە و وەکو خواوەند پیرۆزکران . لەم ڕوانگەیەوەیە لە ناو سەرجەم کلتورەکان و مرۆڤایەتیدا دایک لە هەموو بوونەوەرێک رێزی زیاتر لێ ئەگیرێت ، هەر لێرەوەیە سەرجەم مرۆڤایەتی ئەڵێت خاکی دایک و زمانی دایک. هیچ نەتەوەیەک خاک بە خاکی باوک یان خاکی تەنانەت خواش ناو ناهێنیت. لە لیستە ئەو مرۆڤە ڕەسەنانەی کۆندا کورد و ئێزیدی هەیە، کوریش دایکە خودای هەتا ئەمڕۆش هەیە، بەڵام ئێزیدی کلتور و زەپۆشەکەی پاراستووە . ئەگەر ئێزیدی شەیتان پەرستن چۆنە سەرجەم مرۆڤایەتی باوەڕییان بە زەپۆشەکانیان هەیە و لە بەرزترین بواری ئەکادیمییەوە هەتا قسەی سەرشەقامێک ئەو کلتورەی ئەوان بەکارئەهێنێت لە مامەڵەکردن لە گەڵ خاک و چواندنەکانی . .
یەکەم جار سۆمریەکان کلتوری خواوەندی ژنیان داهێنا ، پاشان هەر نەتەوەو نەژادێک هەمان ڕێبازیان گرت و ناوی خۆی هەبوو بۆ ئەم دایکە گەورەیە و بە پێی توانای جوانناسی خۆیان وێنای پەیکەر و ناوی دایکە گەوەیان ناوە. کوردیش دایکە گەورەی خۆی هەبووە ناوی میدرا ،میترا بووە و ئێزیدیش پێی ئەڵێت ئانا ، میترا ، بەڵام گرنگترین ناوی ئەم خوداوەندە عەشتار بوو. ئەبێت چی وایکردبێت عەشتار بە گرنگترین هێمای خواوەندەکان سەیر بکرێت تەنانەت لە سەردەمی فرە خوایشدا؟ ئەی پەیوەندی عەشتار بە ئێزیدیی کوردەوە چیە ؟ بەشی داهاتوو وەڵامی ئەم دوو پرسە ئەداتەوە.

سەرچاوەکان:
  • Budge, Ernest Alfred Wallis (2010) Babylonian Life And History. Trade Paperback

  • Brown, Robert W (2006) Ancient Civilizations to 300 BC Introduction: The Invention and Diffusion of Civilization. The University of North Carolina at Pembroke.
  • Kriwaczek, Paul (2012) Babylon: Mesopotamia and the Birth of Civilization. St. Martin's Griffin
  • MacCready,Pual, ( 1998) , Ted lecture , ted talk broadcast
  • الجندي، خليل ( ١٩٩٨) نحو معرفة حقيقة ألديانة ألأيزيدية , , رابوون، السويد
*لە بابەتێکی جیاوازدا دێمەوە سەر مێژووی شارستانیەتەکان وە بۆچی لێرەدا وشەی پاشان م دەست نیشان کردووە بەر لە هند، پەیوەندی هیند و شارستانیەتەکەیان چییە بە کوردەوە.

لە ژمارە ٢٢٢ ی ڕۆژنامەی باسدا بڵاو بووەتەوە

Monday, January 12, 2015

ئێزیدی چی یە؟

جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کولتووری ئێزدییەکان
کازیوە ساڵح

٤


کورد یەکەم نەتەوەیە کە كولتووری فرەخواوەندیی گۆڕیوە بۆ یەک خودایی
لە كولتووری ئێزیدا پاکوخاوێنی و پۆشاکی سپی پۆشین گرنگییەکی زۆری هەیە
ئێزیدی وشەیەکی ئاری یە واتای یەزدان ئەکات، لە هەزارەی سێهەمی پێش زایین بوونی هەبووە و یەکێکە لە کۆنترین ئاینەکانی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی گەورەدا
ئێزیدی چی یە؟
لە یەکێک لە لێکۆڵینەوە مێژوویەکاندا سەبارەت بە زمانی سۆمەری و کلدانی و ئاشووری لە سەر یەکێک لە لەوحەکانیان وشەی ئێزیدی بە پیتی مزماری و لە سەردەمی سۆمەریدا نووسراوە کە کۆنترین شارستانیەتی مرۆڤایەتیەیە
ئەم تەختەیە لە لایەن دکتۆر خەلیل جوندیەوە ( 1998) لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی ' نحو حقيقة الديانة ألأيزيدية" بڵاوبووەتەوە ' ئێ زی دی 'بە زمانی ئاسۆری و کلدانی واتە ' ئەچینە جێی حەق' لە زمانی کوردیدا کە کەسێک ئەمرێت ئەڵێن گەڕاوەتەوە شوێنی حەقی خۆی، واتە ئەوەی ئەوترێت کلتوری مرۆڤی کۆن و پێش ئیسلامە. لە کلتوری ئێزیدا واتای ڕۆحی خێر و بێگەرد ئەگەیەنێت. ئەو کەسانەی لە سەر ڕێگەی راستن و بێگەردن . هەر لەم ڕوانگەیەوە لە کلتوری ئێزیدا پاک و خاوێنی و پۆشاکی سپی پۆشین گرنگیەکی زۆری هەیە و خۆیان لە سیكیسی دەرەوەی خێزان ئەپارێزن چوون باوەڕیان وایە ئەوان ئەبێت بێگەردی ڕۆح و جەستە و لایەنی ناوەکی و دەرەکی خۆیان بپارێزن. .
چەمکی ئیزیدی لە سەرجەم زمانە کۆنەکاندا بە واتایەکی پیرۆز هاتووە، زۆربەی لێکۆڵەران کۆکن لە سەر ئەوەی ئێزد Ized ڕەگی پێهاتەی ئێزیدیەو لە زمانی سەنسکرێتیدا بە Yajata هاتووە ، واتە خوداوەند ، لە زمانی پەهلەویدا بە Yazd هاتووە واتە شایانی پەرستن. لە زمانی ئاڤێستادا بە Yazata هاتووە واتە خودا . لە زمانی ئاریدا کە زمانی کوردی پێک ئەهێنێت و زمانی ئێزیدی بووە بە Yazdani و Yazdan هاتووە کە واتای یەزدان ئەکات l(Rashow,2001، Menzel,1938) نەک شەیتان . هەتا ئێرە و لە سەرجەم زمناەکاندا ئێزیدی پیرۆزترین واتای بەخشیوە و ئێزیدی واتە مرۆڤی یەزدانی یان خودا پەرەست. یەزدانیش وشەیەکی ئاریە نەک ئێرانی. ئاری یان ئارامیش زمانی یەکەمی کوردە.
کۆمەڵێ سەرچاوەی مێژووی لەوانە ( 1987Guest, ، الجندی. ١٩٩٨ ) لە سەر ئەوە کۆکن کە ئایدیای تاک خودایی بۆ یەکەم جار لە لایەن ئێزدییەوە هاتوەتە ئاراوە و لە ئمپراتۆری میدیادا پەراکتیک کراوە و واتە ، کورد یەکەم نەتەوەیە کە کلتورە فرە خواوەندی گۆڕیوە بۆ تاک پەرستی و یەک خودایی . ئێزیدیەکان پێیان وایە خودا لە هەموو شتێکدا هەیە و ئەو بنەمای سەرجەم دروستکراوەکانی کەونە. ئەوان کاتێک ڕۆژ و مانگ و ڕۆناکی پیرۆز ئەکەن لە ڕوانگەیەوە کە بە ڕۆحی خودا پیرۆز کراوەو دروستکراوە. یەک خودا و حەوت فریشتەیان هەیە . ئەکرێت ئیسلام ئەمەیان لە ئێزیدی وەرگرتبێت ، چوون ئەوان بەر لە ئیسلام بوونیان هەبووە. هەروەها لە ناو ئێزدیەکاندا دوازدە گروپی ڕۆحانی هەیە. ئەم جۆرە گروپە ڕۆحانیانە لە ئاینەکانی بودی وئیسلام، مەسیحی و جولەکەشدا بوونی هەیە و لە دوایدا دێمەوە سەری. ئێزیدی پێک هاتووە لە شێخ و پیر و مورید. هۆزە سەرەکیەکانیان لە ئادانی ، شەمسانی، قاتانی و پیر پێک هاتووە . تەنها لە ناو خۆیاندا هاوسەرگیری ئەکەن نەک تەنها بە هۆی ئاینەکەیانەوە ، بەڵکو لە ڕووی کلتوریشەوە تەنانەت هەندێ لەو خێزانە ناوبراوانەش لە گەڵ هۆزێکی دی ئێزیدی هاوسەرگیری ناکەن، ئەمەش تەناه پەیوەندی هەیە بە شیوازی پراکتیزی باوەڕەکەیانەوە یان کلتوری ڕێبازەکەیان .
بە پێی لێکۆڵینەوەی لێکۆڵیاری ئەڵمانی لۆڤەری نابۆ و ساغکردنەوەی لە لایەن جوندییەوە ئاینی ئێزیدی لە هەزارەی سێهەمی پێش زایین بوونی هەبووە و یەکێک لە کۆنترین ئاینەکانی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی گەورەدا . هەر هەمان سەرچاوە جەخت لە سەر سێ گەورەترین خواوەند ئەکات لە ڕێبازی ئێزیددا، ئەوانیش خوداوندی ڕۆژ یان هەتاو ( لە زمانی کوردیدا هەردوو وشە بەکاردەهێنرێت) کە لە زمانی سۆمەریدا بە دینگرئۆتۆ لە زمانی بابلیدا بە شەماس هاتووە کە هەمان مانای هەیە . ئەم شەمسە لای ئێزدی ناوی ئانانا یان میترای خوداوەندی دایک یان دایکە گەورە. خوداەندی دووەهم " شێخ سن " بووە خوداوەندی مانگ لە زەمانی میسۆپۆتامیاشدا بوونی هەبووە و بە زمانی ئەوان پێێ وتراوە " ناتا" . بەڵام لای بابلیەکان "سین" خواوەندی پیتاندن بووە لای ژنان. سێهەم " شێخ ئادی" یە خوداوەندی باران و خێر و بەرەکەت. ئەم شێخ ئادی یە لای عەرەبکراوە بە شێخ هادی هەندی جار بەڵام وەکو پێشتر باسم کرد خۆی لە بنەمادا خەڵکی لوبنانە وناوی ' عدی' واتە ناوی عەرەبی هەبووە ئەگەر خۆشی عەرەب نەبووبێت. پێویستە ئەوەمان لا ڕوون بێت کە خواوەند مانای خودا ناگەیەنێت ، چوون خودا God ئەکات کە یەزدانە ، خواوەندیش Goddess ئەکات کە مرۆڤ خۆی دروتسی کردووە یان ناوی لێ ناوە بۆ نموونە خودای جوانی تا ئێستاش لە زمانی ڕۆژانە و شیعریدا بەکار ئەهێنرێت . ئەمەیان چواندنە بە هێزیەکی تایبەت و یان تایبەتمەندێکی جیاواز.
کەواتە ئێزیدی و واتای ئێزیدی فارسی و عەرەبی نیە، دابڕاوی ئیسلام نیە ، هیچ پەیوەندیەکی بە ئاینی ئیسلامەوە نیە و ئاینی ئیسلام ئەو ئاینەیە بە درێژایی مێژوو ئێزیدی جینۆساید کردووە. هەر لە بەر ئەوەش پەیوەندی بە ئیسلامەوە معاویە و ئەمەویەکانەوە نیە ، کوشتنی حوسینیش جگە لە وەهمێکی ئیسلامی لە سەر زەوی راستی بوونی نیە. لەوەش زیاتر "پەیوەست بوون بە یەکتاپەرستی پرەنسیپێکە ئێزیدی سازشی لە سەر ناکات. لای ئەوان خودا یەک تاکەو هاوبەشێکی نیە. ئەو خودا و دروستکاری فریشتە و مرۆڤ و سروشت و هەموو بووەکانیەتی. بۆیە بانگی ئەکەن ' خا' یان {یەزدان} ‌کە ناوی خۆشییان لێ وەرگرتووە." ( عبود، ٢٠٠٥). کەواتە خودای ئێزیدیەکان جیاواز نیە لە خودای سەرجەم مرۆڤەکانی سەر زەوی، ئەوانیش وەکو هەموو مرۆڤەکان بۆ نموونە بابلیەکان ، میسری کۆن خوداوەندیان دروست کردووە بۆ کێشە جیاوازەکانی ژیانی خۆیان ، شتێکی دەرەوەی کلتوری مرۆڤایەتی نەکردووە. کەواتە ئایە بۆچی تەنها ئێزیدی هەتا ئەمڕۆش پێیان ڕەوا نابینرێت وەکو مرۆڤەکانی سەردەمی خۆیان خاوەنی هەمان مێژوو بن؟ ئایە بۆچی ئێزیدی و مرۆڤ بە گشتی پێویستی بەوە هەبوو خواوەند دروست بکات؟

سەرچاوەکان:



Menze, Theodor l; Yazidi, Encylopedia of Islam, London IV, p- 1164 a, Leiden ) 1913-1938) Used by Rashow, Khalil J. (2001 )
Rashow, Khalil J. ( 2001 ) An Introduction into Yezidi Religion History, Göttingen Universit. Lecture to : The Centre of Asia and Africa Study in Kiel University ( ZAAS ) at 27.6.2001
الجندي، خليل ( ١٩٩٨) نحو معرفة حقيقة ألديانة ألأيزيدية , , رابوون، السويد
عبود، زهير كاظم ( ٢٠٠٥) عدي بن مسافر: مجدد الديانة الأيزيدية ، مؤسسة الدراسات العربية , بیروت ، لبنان


ئەم بابەتە لە ژمارە ٢٢١ ی ڕۆژنامەی باسدا بلاو بووەتەوە




Saturday, January 10, 2015

نیشتمان




من ئەمویست هەمیشە
ڕۆخسارت بە خەونمدا هەڵواسم
چەند بێ ڕەحم بوویت نیشتمان
تەنها ئازارت لە دەنگمدا جێ هێشت
کازیوە ساڵح