Monday, April 7, 2014



''کازیوە ساڵح'' لە نێوان (١٠٦١) نووسەردا خەڵاتی (نەجیب مەحفوز)ی ئەمساڵی بردەوە. 
 
 
دوێنێ \١٠\٢٠١٣) پێگە ئەلکترۆنییەکانی میسر بڵاویانکردوە کە ''کازیوە ساڵح'' لە نێوان (١٠٦١) نووسەردا، خەڵاتی (نەجیب مەحفوز)ی ساڵی ٢٠١٣ی بۆ چیڕۆک و رۆمان بردەوە.

بە هۆی ئەم خەڵاتە بێجگە لە بایەخپێدانی دەزگای (نەغمە) بە نووسەر، (١٠٠٠) دانە لە بەرهەمەکەشی چاپ دەکرێ کە (٢٠٠) دانەیان بە نووسەر دەبەخشرێ، هەروا خەڵاتەکە لە ئاهەنگێکی گەورەدا لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیریی میسرییەوە (درعی نەجیب مەحفوز) بە کەسی براوەی دەبەخشێ.

''کازیوە ساڵح'' بێجگە لەم خەڵاتە، دوو جار لە بواری چیرۆکدا براوەی (خەڵاتی ئامیتا)ی ئیتالیی بووە بۆ ئەدەب و هونەر، هەروا (خەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کەنەدا)شی بۆ بەهرەی سەرکردایەتییکردن وەرگرتووە، کاندیدی (خەڵاتی پۆڵ یوزی کەنەدیی)ش بووە بۆ ئەو کەسانەی کاریگەرییان لەسەر رەوتی بەرەوپێشەچوونی فرەنەتەوەیی هەیە لە نێو کۆمەڵی کەنەدییدا.

لە پەیوەندییەکدا ''کازیوە ساڵح'' رایگەیاند کە بەخشینی خەڵاتەکە دەکەوێتە پاش گەڕانەوەی ئەو لە کوردستان، هەروا لەبەرئەوەی دوو سیمناری لە زانکۆی ئەلبانیی لە ئەمەریکا هەیە تا (٢٥ی ١٠) ناتوانێ کاتی پێویست تەرخان بکا بۆ چوونە میسر. هەر لە بارەی ئەم خەڵاتەشدا لە بەرسڤی دوو پرسیاری رۆژنامەنووسێک گوتی:

''خەڵاتەکەم لە سەر چیڕۆکی (دەزگیرانە قوڕینەکەم) وەرگرتووە، وەک نووسەر و خوێنەری چیڕۆک دەزانم لە مەسەلەی پێکبەستنەوەی رووداو لە ناو چیرۆکدا تەکنیکێکی زۆر تایبەتم لەم چیرۆکەمدا بەکارهێناوە کە پێشتر لای هیچ نووسەرێک نەمبینیوە. چەند ساڵێک بەر لە پرۆگرامێکی خوێندندا لە لایەن نووسەریکی کوردەوە بۆ حکومەتی هەرێم پێشنیازکرابوو کە ئەم چیڕۆکە بخرێتە نێو میتۆدی خوێندنەوە''.

''بردنەوەی خەڵات هاندەرە و کارێکی باشە، منیش بە تایبەت دڵخۆشم بەم خەڵاتە زیاتر لەوانی دیکە کە وەرمگرتوون لەبەر دوو هۆکارە:
یەکەم: خەڵاتی (نەجیب مەحفوز)ە.. ئەو کەڵە نووسەرەی وایکرد میسرم خۆش بووێ.. ئەویش لە سەرەتادا بە هۆی بەرهەمەکانیەوە و پاشان بە هۆی ناسینی رۆحی جوانی ئەو مرۆڤە داهێنەرە.
دووەم بەختەوەرم پێی چونکە بە هۆی ئەم خەڵاتەوە جارێکی دی میسر دەبینمەوە کە زۆر بیری دەکەم. من لە چەند ساڵی رابردوودا دەبوو لەوێ خەڵات وەربگرم، بەڵام پاش ئەوەی ماوەی دوو ساڵ لە سەر کەیسی (کچە ئەنفالکراوە بە میسر فرۆشراوەکان) بێ ئومێد بووم لەگەڵ میسر، یەکەم کاردانەوەم وازم لە رێکخراوی مافی مرۆڤی میسریی هێنا کە ئەندامی کارایان بووم، بە تایبەت پاش ئەوەی لە رێگەی رێکخراوەکەوە خانمی یەکەمی میسرم ئاگادار کردەوە و ئەویش هیچی نەکرد و تەنها گوتبووی ''ئەو بەڵگەنامەیە ساختەیە.. گەر راست دەکەن با کۆپیە راستەقینەکە بنێرن''، ئیدی بڕیارمدا تا ئەو سیستەمە لەسەرکار بێ من نەچمە میسر.
خۆشبەخت بووم کە پاش ئەو دڵشکاندنە سیستەمەکەیان زوو رووخا، بەڵام هێشتا جێگەی ئومێدی من نەبوو، بۆیە ئێستا شادمان و بەختەوەرم کە دۆخەکان گۆڕاون و لە لایەک من خەڵاتەکەم پەسەندە و لە لایەکی دیکەش دەتوانم بە میسر شاد ببمەوە''.

٤

No comments:

Post a Comment