Tuesday, December 30, 2014

سەری ساڵ


پەردەکان لادە
لەم چراخانی زەمینەوە
تاریکێک مەزاری ڕۆحی تەنیوم
مەگەر تەنها
مۆمەکانی کۆبانی بتوانن
چرای ساڵم داگیرسێنن
کازیوە ساڵح

Wednesday, December 17, 2014

ڕۆژی ئاڵای کوردستان


                                                                            
                                          


ئێوارەت باش گەریلا
ئێوارەت باش پێشمەرگە
ئەی ئایەتە نووسراوەکانی
سەر پەڕەی پیرۆزی ئاڵاکەم
ئەی ناوە خەتەم کراوەکانی
سەر دڵی ئەوانەی
ڕوو لە هەتاو ، ڕوو لە ئێوە
ڕۆژانە نوێژ بۆ کوردستان ئەکەن

کازیوە ساڵح

Tuesday, December 16, 2014

جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری ئێزدیەکان



جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری ئێزدیەکان
کازیوە ساڵح
بەشی سێهەم

__ هەر نەتەوە و گروپ و تاکێک ئەوەندەی شارەزا یی لە مێژووی ڕابردووی خۆیدا هەیە ، ئەوەندە ئامادەیە بۆ بوونیادنانی داهاتوو
ڕاڤەی لێکۆڵیارەکان بۆ چەمکی ئێزیدی
       سەبارەت بە خودی شێخ ئادی لێکۆڵینەوەکەی گەیست دەریئەخات کاتێک تورک لە ساڵی ١٠٧٥ ناوچەکانی ئەڵەپ و دیمەشق ئەگرن ،  شێخ ئادی لە تەمەنی لاویدا بووە چووەتە بەغدا بۆ ئەوەی تەسەوف لە دیوانی غەزالیدا بخوێنێت کە یەکێک لە خوێندکارەکانی شێخ عەبدلقادری گەیلانی بووە. ئەو کوردەی ڕێبازی قادری داهێنا.. پاش فێربوون شێخ ئادی بەغدا بە جێ ئەهێڵێت و ئەچێت بۆ لالش ، چوون ئەو ناچە شاخاوییە کە زیاتر عەشیرەتی هەکاری نیشتەجێبوون پێشتر داڵدەی سوفیەکی دیکەیان داوە ناوی ئەبو حەسەن عەلی بووە کە لە ساڵی ١٠٩٣دا مردووە. (  گەیست، ١٩٨٧) پاش دروستکردنی چەندین چیرۆک وەکو ئەوەی لە دایک بوونەکەی . شێخ ئادی ئەبێت بە کەسێکی گرنگ لای ئێزدیەکان وهەتا ئەمڕۆش  ئێجگار بە پیرۆز سەیری ئەکەن و مەزاری تایبەتی خۆی هەیە. هەروەکو چۆن شێخ عەبدلقادری گەیلانی هاوپۆلی شێخ ئادی مەزاری خۆی هەیە و لە سەرجەم جیهانەوە موسڵمانەکان سەردانی ئەکەن، بەڵام تەنها کۆمەڵێک یان قادریەکان خۆیان پراکتیزی ڕێبازەکەی ئەکەن و زۆربەی موسڵمانیش دژی ئەوەستنەوە ، بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو دوالیزمەی کە هەر ئەوان ئەچنەسەر مەزارەکەی بۆ کێشە جیاوازەکانی ژیانیان بە تایبەت نەخۆشی . خواردن و ئاوی ئەم شوێنە وەکو زەزەم سەیری ئەکرێت، وڵات بە وڵات ئەڕوات و داوا ئەکڕیت. 

        هەر بەو دوالیزمەی تاک بەرانبەر بە خودی شێخ عەبدلقادر بەراورد بە ڕێبازەکەی قادری . بە هەمان شێوە بە بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی شێخ ئادی موسڵمان بووە ، بە هەڵاواردنی ئەو ڕاستیەی کە باوکی شێخ ئادی ئەگەر هاوسەرەکەی دە ١٠ ساڵیش بووبێت کە جێ هێشتووە کاتێک گەڕاوەتەوە ٥٠ پەنجا ساڵ بووە لە ڕووی زانستییەوە نەسەلمێنراوە  لەو تەمەنەدا  بە ئاسانی مناڵ دروست ببێت. جگە لەوەی چیرۆکی مناڵ بوونەکەی هەر چیرۆکی لە دایک بوونی مەسیحە بەکارهێنراوەتەوە ، لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا شێخ ئادی بە هۆی خزمەتکردن و خۆشەویستیەوە بووبێت بۆ خەڵکەکە ، یان بە هۆی چیرۆکی لە دایک بوونەکەی یان ڕوخساری لای ئێزدی پیرۆز بووە و پیرۆزە. ئەمەش شتێکی نامۆ نیە بە کۆمەڵگای کوردی  و ڕۆژهەڵاتیش بە گشتی . کورد ئەوەندە ساکارانە باوەڕی بە کەسێک کردووە بەرماڵێک بدات بە کۆڵیداو بڵێت سۆفیم ، دوژمنانی  زۆربەی کات سیخور و ڕیپۆرت نووسەکانی  لە بەرگی سۆفیدا ناردوەتە ناویانەوە. بۆیە ئەوەی ئێزیدی بەرانبەر بە ئادی کردوەیەتی هەر ئەوەیە کە کورد بەرانەبەر هەموو مەتسوفێکی ئەکات شتێکی دەرەوەی کلتوری ناوچەکە نیە ، بەڵام وەکو هەموو کلتورەکانی بنەما بەتاڵەکانیش کلتوریەکی سەنگین نیە.
       سەعید ئەلدیوەجی یەکێک لە مێژوو نووس و زانا ئیسلامیەکانە، خاوەنی نزیکەی سی کتێبی چاپکراوە و کتێبەکانی بۆ زمانی یابانی و ئەندەنووسی وەرگێردراوە . هەندێ لە سەرچاوەکان ئەڵێن لە ساڵی ١٩١٩دا موفتی سنجار و تەلعفەر بووە. بە بەرچاوگرتنی پێگەی ئاینی و زانستی ئەم نووسەرە دەبوو ڕایەکی جیاوازتری هەبوایە کاتێک دێتە سەر مەسەلی ڕامیاری و بەستنەوەی بە ئێزیدییەوە ، بە بزوتنەوەیەکی سیاسی پێناسەی نەکردبانایە، چونکە هەتا ئەمڕۆش ئێزدیەکان  بە زۆر بووبێت یان خاوستی خۆیان دوورن لە تێگەشتنی سیاسیەوە، بەڵام ئەکرێت لە سیاسەت نەزانی  یان بێ دەسەلاتی خۆیانەوە وەکو کارتێک بەکار هێنرابن،  دیوەجی ئەڵێت،" " ئێزیدیەکان بزوتنەوەیەکی سیاسی ڕەهان، لە ژێر بۆیاخێکی ئاینیەوە دەڕوات بۆ ئەوەی حوکمی ئەمەوییەکان بگەڕێنێتەوە" (الدیوەجی، ٢٠١٣) ئەم وتەیەی دیوەجی تەواو لە وتەی ئەو عەرەبانە ئەچێت کە ئەڵێن کورد بوو سەلاحەدین، شۆڕشی ئیسلامی کرد بوو بە عەرەب. من هیچ ناکۆک نیم لەم ناونانەی عەرەب و ئەو لوغزی گاڵتەکردنەیان بە کورد، چوونکە جگە لە ڕاستی شتێکی دییان نەوتووە. کورد هەتا ئەوێ کوردە کە شۆڕشی کوردی ئەکات ، هەرچی سەردەم و دواخوازییە سەردەمێکان. دیوەجیش هەر ئەمە ئەڵێت ، بەو بەڵگەی زیاتر لە سەری ئەڕواو ئەڵێت ' " ئێزیدیەکان بە شێوەیەک دوای ئادی – عدی- کوڕی مسافر کەوتبوون ، کە ئەوان لە بنەمادا خوا پەرست بوون و خاوەنی حەوت مەلائکە بوون ، بەڵام دوای بوون بە ئادی پەرست ، ئادیش نێردواری ئەمەوییەکان بوو خۆشەویستیان بۆی گەشتووە بە ئاستێک نەزانی ' جهل ' ی لە ناودا بڵاوکردوونەتەوە" ( لا 52-54) . نەتەوە هەیە وەکو کورد شەیداییان هەیە بۆ جەهل، بەڵام ئێجگار دەگەمەنن ئەوانەی جەهل سەروەر ئەکەن بە سەر عەقڵدا. ئەوەی ئێزیدیەکان سەبارەت بە ڕابردووی خۆیان ئەنجامیانداوە و پێشڕەوی ئیسلامیان کردووە بۆ گەیاندنی ئەو مەرامەی پلانیان بووە تەنها جاهلی ژیانکردن ناگەیەنێت . بەڵکو جەهل و نەزانین تەواو سەبارەت بە مێژووی ڕابردوو و ڕێبازەکەشیان ئەگەیەنێت. هەر نەتەوە و گروپ و تاکێک ئەوەندەی شارەزا یی لە مێژووی ڕابردووی خۆیدا هەیە ، ئەوەندە ئامادەیە بۆ بوونیادنانی داهاتوو. نە  تێهەڵشێواندن و ون کردنی مێژووی کورد و ئێزیدی و نە جینۆسایدەکانیشی لە خۆرا نەبووە. لە مێژووی ڕابردوو هەنوکەشدا جەهل پێشڕەوی هەموو کارەسات و گرفتەکانی کردووە.
           ئەم وتەیەی ئەلدێوەجی هەر ئەو باوەڕی  ساکار و کاڵفامێ ئەگەیەنێت کە  ژمارەیەک لە بیرمەندە ڕۆژئاوایەکان باسیان کردووە  لە نێویاندا چۆرچڵ و  ذەیڤد ماکدۆناڵد و.. . پێیان وایە کورد ئەوەندە  بێگانە پەرستە ، هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە و بووە بە دوژمنی خۆی ، لێرەوە ڕۆژهەڵاتیەکانیش بە کوردیش خۆییەوە ئەڵێت کورد خۆ خۆرە. هەتا کۆتایی ئەم بابەتە دەیان نسکۆی مێژووی ئەخوێنیتەوە بە کارەساتە گەورەکانیشیەوە کە ئەو خۆ خۆرییە سەرچاوە و پێهاتەی بووە. لێرەدا ئەم بیرمەندە باس لە لەکەدارکردنی ئاینی ئەکات لە لایەن ئێزیدییەوە لە پێناوی بێگانەدا. لە کاتێکدا تەنانەت لە سەردەمی ئەمڕۆشدا ئێزیدی بە دەگمەن لە سیاسەت ئەگات و تازە لە بواری سیاسیدا چەند تاکێکی جێگای ئەبێتەوە. . ئەو چەند بێگانەیەش لە سەر ئێزیدی نووسیویانە چوونکە بە شێوەی قسەی سەر زار لە خەڵکیان وەرگرتووە و متمانەی نەخستوەتە سەر سەرچاوەی باوەڕ پێکراو زۆر جار سوود بەخش نەبوون جگە لە هەڵە زەقە مێژوویەکان. بۆ نموونە جۆێسەپی فرۆلانی لە کتێبەکەیدا بە ناوی ئاینی ئێزیدیەکان شێخ عەبدلقادری گەیلانی ئەکات بە برای شێخ عدی بن مسافر بەڵام بە پێی ئەو سەرچاوانە یاری سیاسی لە  سەدەی هەژدەوە  بە ڕێبازێک کراوە بۆ تەعریبکردنی کە لە گەڵ بوونی مرۆڤایەتیدا بوونی هەبووە ، یەکەم زمانی سەردەمی مرۆڤایەتی هەبەووە بەر لە عەرەب و فارس بوونی هەبووە ناوەکەشی هیچ کام    لەو واتانە نابەخشێت کە ئەو ڕاڤەکارانە خستوویانەتە ، واتای ئێزیدیش واتای لە هیچ کام لەو زمانانەدا نیە ئەمڕۆ قسەی پێ ئەکرێت. کەواتە ئێزیدی چی یە؟




سەرچاوەکان

·        Guest, John S. ( 1987) The Yezidis , A Study in Survival. KPI London and New York
·        Furlani, Giusepple ( 1940) The Religious of the Yezidis ,Bombay
·        الديوه جي , سعيد ( 2003)  اليزدية،  مؤسسة الدراسات العربية , بیروت ، لبنان.
·        هەروەها ئەتوانیت سەیری ماڵپەڕی نووسەریش بکەییت. saeedaldewachi.com

ئەم بابەتە لە ژمارە ٢١٨ ڕۆژنامەی باسدا بلاو بووەتەوە