Thursday, March 31, 2016

خاتوونێكی كورد دەبێتە نوێنەری ئازاری ژنە ئێزیدییەكان

خاتوونێكی كورد دەبێتە نوێنەری ئازاری ژنە ئێزیدییەكان

خاتوونە نووسەری ناسراوی كورد كازیوە ساڵح، بۆ جاری دووەم لە ساڵی دووەمدا بەشداری كۆنفرانسی ئەندسپلیند دەكات و باسێك لەسەر كێشەی نوێنەرایەتیكردنی ئێزیدی و ئازاری ژنە ئێزیدییەكان پێشكەش دەكات.

لەوبارەیەوە كازیوە بە "وشە"ی راگەیاند: بۆ جاری دووەم بەشداری دەكەم لە كۆنفرانسی ئەندسپلیندی زانكۆی كوین لە پانەڵی كێشەی نوێنەرایەتیكردن، لەو كۆنفرانسەدا باسێك لەسەر كێشەی نوێنەرایەتیكردنی ئێزیدییەكان و ژن وەك نوێنەرێكی زۆر دەستەگرتەكراو و ئازاری ژنە ئێزیدییەكان، پێشكەش دەكەم، دواتر بەشداری فیلمی دیكیۆمێنتاری ئەكادیمیای دیسپلینەكراو دەكەم، ساڵی رابردووش بەشداریم كرد و باسێكم لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە پێشكەش كرد، باسم لە چۆنیەتیی هاوكاری ئەكادیمیای فرە رەهەند كرد لە نوێنەرایەتیكردنی نەتەوەیەكی نوێنەرایەتی نەكراوی وەك كورد . 

ئەو كۆنفرانسە كۆنفرانسێكی ئەكادیمییە و دووپات لەسەر فرە رەهەندی بواری ئەكادیمیا دەكاتەوە، زانكۆی كوین لە شاری كینگستنی كەنەدا ساڵانە رێكی دەخات، هاتنەژوورەوە بە تۆماركردنی ناوە، رۆژی شەموو رێكەوتی  2/4، لە پانەڵی یەكەم بەشداری دەكەم .

كازیوە ساڵح لە ئێستەدا خوێندكاری دكتۆرایە و هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە جینۆساید و كولتوور، خاوەن بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە كەمیونیكەیشن لە زانكۆی یۆرك لە كەنەدا، بڕوانامەی دیپلۆم لە رۆژنامەنووسی لە كۆلیژی شەرەدن لە كەنەدا، بڕوانامەی باڵا لە فشار و تەنگژەكانی پەناهەندە و كۆچبەر لە زانكۆی یورك لە هەمان وڵات، خاوەنی 12 كتێبی چاپكراوە، لە ماوەی شەش مانگدا سێ كتێبی چاپ كردووە بەناوەكانی "لە هەموو شوێنێك ئاسمان شینە" لە دووتوێی 280 لاپەڕەیی و خگیبی الگینی  كۆمەڵە چیرۆك و دەزگیرانە قوڕینەكەم كە لە 28 كورتە چیرۆك لە دووتوێی كتێبێكی 208 لاپەڕەیی پێك هاتووە.

كازیوە ساڵح وەك سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیاز و بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤارەكانی "نڤار" و "نوێكار" كاری كردووە، تا ئێستە هەشت خەڵاتی نێودەوڵەتیی پێ بەخشراوە و لە 12 وڵاتی جیاواز بەشداری كۆنفرانسی نێودەوڵەتی كردووە بە لێكۆڵینەوە لە جینۆسایدەكانی گەلی كورد، ئێستە نێشتەجێی كەنەدایە و خەڵكی باشووری كوردستانە .

وشە/ شاخەوان شێخانی 

http://wishe.net/dreja.aspx?=hewal&jmare=37950&Jor=1#.Vv03e7AlJM4.facebook


AM:11:18:31/03/2016

No comments:

Post a Comment