Wednesday, December 30, 2015

دوالیزمی ئیسلام لە جینۆسایدی کلتوری ئێزدیەکان

جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری ئێزدیەکان
کازیوە ساڵح
بەشی١٧

:دوالیزمی ئیسلام لە جینۆسایدی  کلتوری ئێزدیەکان


وەکو چۆن کورد بە پەروەردگار ئەڵێت خودا، عەرەب  و تورک ئەڵڵا ،  ئنگلیز گاد ، ئیتالی دیوە و گریک ساغۆش ، ئەم دێو ەو ساغۆشە ناوی  بتە خواوەندەکانی کۆنیشیان بووە. گریمان ئێزیدش بە تاوس بانگی ئەکات.هیچ کام لەو نەتەوە و ئاینە جیاوازانە نەهاتوون بەهانە بۆ ئەو ناوە بهێننەوە کە خودای پێ بانگ ئەکەن و کەسیشیان لە ڕووی زمانەوانییەوە شیتەڵی بۆ نەکردووە بۆچی بەو ناوە بانگی ئەکات، سەرچاوە وشەکە چییە و تا چەند گونجاوە لە گەڵ بەهای خودادا. بەڵام  لە میانەی جینۆسایدە یەک لە دوای یەکەکان ئێزیدی لە دەیان سەرچاوەدا ئاماژەی بە چونیەتی بوونی تاوسی مەلک ، ڕەچەڵەک سەرچاوەی ناوەکە کردووە. هەروەکو چۆن  هەر یەک لەو ئاینانەی ناوم هێناون پێیان بڵێت گاد ، خوا ،  دیوە،ئەڵاکەی تۆ شەیتانە پێی تەنها توڕە نابێت هەندێکیان فەتوای کوشتن و بەردەبارانکردنیشی بۆ دەرئەکات. ئێزیدیش کە بە تاوسەکەی ئەڵێت شەیتان پێی توڕە ئەبێت، نەک لە بەر ئەوەی شەیتان پەرستە ، بەڵکو لە بەر ئەوەی وەها تاوانە پاڵ دانە و سوکایەتی پێکردنێک هیچ ئاین و ڕێبازیەکی مرۆڤایەتیش پەسەندی ناکات، لە گەڵ ئەوەشدا سەری کەسیشیان بە شمشێر  نەپەڕاندووە.
دوالیزمێکی دیکە ئەوەیە کە ئیسلام لە بەر ئەوەی یەکێک لە حەوت مەلائکەکەی ئێزیدی ناوی تاوسە بە شەیتان پەرست تاوانباری ئەکات و پێیان وایە تاوس بتێکی بۆ دروستکراوە و ئەو بتەش  نوێنەرایەتی شەیتان ئەکات. گرنگ نیە تا چەند شەیتان بوونی هەیە یان نا ئەوە کێشەی ئەم بابەتە نیە ، چوونکە ئەو بابەتە سەیری ڕوویەکی دی مرۆڤ ئەکات ئەوەیە کە باوەڕی بە مەلائکەو و شەیتان و میتۆلۆجیای ئاینی هەیە . ئەم شەیتانە ئەگەر وجودیشی هەبێت لە ناو ئاینی ئێزیدیدا و بتیان بۆ تاشیبێت ، ئەوا هەردوو ئیسلام وکوردیش خۆیان دەخەنە ژێر بەرپرسیاریەتێکی بنەڕەتیەوە بۆ شیکردنەوەی هەردوو وشەی ئەڵڵا و خودا. ئاشکرایە وشەی یەکم لە آلە و آلاە وە هاتووە کە هەردوو لە زمانی عەرەبیدا بت ئەگرێتەوە ، سەرچاوەی وشەی خوداش ' خود' ە.، کەواتە کورد وشەی یەزدان کە لە بنەمادا وشەیەکی ئاریە و زمانی ڕەسەنی کوردیش ئارییە گۆڕیوە بۆ ' خود' بە واتای ئەو هێزە ڕۆحیە ئەوەندە لە خودی مرۆڤەوە نزیکە کە ئەگەر نەبێت بە خود ئەبێت بە بەشێک لە خود. هیچ کۆمێنتیشم لە سەر وشە عەرەبێکە نیە ، چونکە ئەزانم بە چ دۆخێک و پاش چەند سەدساڵ قورئان وەڕگێردراوەتە سەر زمانی عەرەبی. بەڵام کێشەم ئەوەیە بە ڕەچاونەکردنی ڕەچەڵەکی وشەی ئەڵلا ش عەرەب هەموو ئاجێکتفەکان و سیفاتەکانی خوای کردووە بە ناوی پیاو ، کاتێکیش کەسێک بە خوا بانگ ئەکات بە کفری نازانێت ،ئەم پێشیلکردنەی مافی ئێزیدی  تەواو وەکو ئەوە وایەکەسێک لە سەر ئەوە بکوژرێت چونکە ناوی مەحموودە ، ڕەوف ، ڕەحیم ،  یان ئەحمەد و  هەریەکێک لەو ناوانەی کە عەرەب لە خوای ناوە بە بیانووی ئەوەی ئەوانە ناوی خوان و کەس نابێت هەڵگری بێت.
بە تەنیشت ئەم هەموو ڕتکردنەوەنەشدا ئیسلام پاش جودیزم زۆرترین  سوودی لە کلتوری ئیزیدی وەرگرتووە لەبەرجەستەکردنی پاپ کەڵچەر  کلتوری میللی و ڕۆژانەی خۆیاندا. من نامەوێت هیچ کام لە ئایەتەکان، هیچ کام لە ناو هاتنی ئاژەڵ و باڵندەکان لە قورئاندا و تەنانەت زەوی گەنم و کە پەیوەندیدارن بەم بابەتە وە و بە تاوسی مەلیکیشەوە وەکو باڵندەیەک کە زۆر جار ئێزیدی پێ سەرزەنشت ئەکرێت ، چونکە لێکدانەوەی هەر یەک لەو چەمکانە و  بەراوردیان بە ڕێباز و کلتور و زەپۆشەکانی ئێزیدی  بە چەند کتێبێک تەواو ئەبێت. تەنها چەند نموونەیەکی کلتوری و ڕێبازیەکی زۆر دووبارەی ئیسلام و کورد کە لە ئێزیدی وەرگرتووە ئەخەمە روو   چوون بوون بە کلتوری ڕۆژانەمان بە بێ ئەوەی هەست بکەین ئەوە کلتوری ئەو مرۆڤانەیە جینۆسایدمان کردووە بۆ خۆمان و بە چەندین شێوەش شەرعیەت جینۆسایدی جەستەی و فەوتانی ئێجگاریان ئەدەین.
ئێزیدی ناو و خوداوەندی بۆ گەنم هەبووە و زەپۆشی تایبەتی بۆ ئەنجامداوە. پێێ وابووە گەنم ئەگەر مەلائکەی نەبێت ، ئەگەر هێزیەکی خواوەندی نەبێت ناتوانێت ئەوەندە پایەدار بێت لە ژیانی مرۆڤدا و ئەوەندەش بە پیت بێت لە سکی زەویدا.  بە هەڵاوێردنی ئەو ڕاستیەی چەندین جار بە پیرۆزی ناوی  گەنم و دانەوێلە لە قورئانداهاتووە. وەکو کلتوریش ئیسلام وەکو خۆی ئەم  زەپۆشە ئاینیە ئێزیدی وەرگرتووە، بۆ نموونە موسڵمان بە نان ئەڵێت قورئان ، نان دیارە گەنمە ، لە بری قورئان نان بەرزئەکاتەوە و لە خوا ئەپاڕێتەوە " بۆ خاتری ئەم قورئانە..." نزاکانی لێ پەسەند بکات، پێ پێنان و فڕێدان و بێ حورمەتی پێ کردنی بە کفر ئەزانێت و کەمیشنین ژمارەی ئەوانەی بە تایبەت مناڵان لە سەر ناسازێک بەرانبەر بە نانی بە قورئان ناوبراو سزادراون. بەڵام هەر ئەم مرۆڤانەی سەرچاوەی خواردنەکەیان گەنم یان نان بە قورئان ناو ئەبن واتە وتە و پێشنیار و ڕۆحی خوا، دەستی ئەخەنە سەر سوێندی پێ ئەخۆن” بەم قورئانە” ،بەڵام هەمان مافی لەوە کەمتر بە ئێزیدی نادەن کە کلتورە هاوشیوەی کەی خۆیان پراکتیک بکەن.  لە کاتێکدا ئێزیدی بە وتە و کتێبی خوایی سەیری گەنمی نەکردووە تەنها وەکو سەرچاوەی ڕزق و بەرەکەت پیرۆز و مەلائکەدار سەیری کردووە  .
ئێزیدی باوەڕێیان بە حەوت مەلائکە هەیە و هەر یەک لە ئیسلام، یەهودی و مەسیحیش باوەڕییان بە حەوت مەئکە هەیە. ناشکرێت وا بیربکەینەوە ئێزیدی کە هەزاران ساڵ بەر لەم ئاینانە بوونیان هەبووە و خاوەنی ئەو ڕێبازە بوون، ئەوان رێبازی  ئەو سێ ئاینەیان وەرگرتبێت
پاک و خاوێنی مەرجی سەرەکی جێ بە چی کردنی زەپۆشی ئاینی ئێزیدییە. هەر لە بەر ئەوە لە کلتوری ئێزیدا پاک و خاوێنی و پۆشاکی سپی پۆشین گرنگیەکی زۆری هەیە ، چوون باوەڕیان وایە ئەوان ئەبێت بێگەردی ڕۆح و جەستە بپارێزن. ئیسلام  ئەڵێت “ النظافة من الایمان” واتە پاک و خاوێنی لە ئیمانەوەیە، کلتوری پاک و خاوێنی لە کاتی بەجێهێنانی نوێژ ، هەروەها کاتێک مرۆڤێکی موسڵمان ئەمرێت کە پیویستە بە بێگەردترین شیوە بەڕی بکرێت، پاش خاوێنکردنی کفنی سپی لە بەر ئەکرێت. ئەمە لە بنەمادا ڕێبازی ئێزیدییە
لە ناو ئێزیدیەکاندا گروپی دوازدە ڕۆحانی هەن ، مەبەستم نیە هەموویان ڕاڤە بکەم، تەنها چەند دانەیەکیان لە گەڵ کلتوری ئیسلام و مەسیحیدا بەراورد ئەکەم. یەكێک لەو گروپانە پێی ئەوترێت کوجەک:  ئەمانە هەتا ئاستی چەوساندنەوەی ڕۆح و جەستە پەنا ئەبەنە بەر وەرزشی ڕۆحی ، ' تآمل' بیرکردنەوەی قوڵ ، دوور کەوتنەوە لە هەموو بونەوەر و خۆشیەکانی ژیان . خەڵکی ئێزیدی پێیان وایە ئەمانە ئەتوانن چارەسەری کێشە و نەخۆشیە  قورس و پڕ گریەکان بکەن ، لە ڕێگەی پەیوەست بوونیان بە جیهانی غەیبەوە ، زانینی نهێنی خەڵک و لێ تێگەشتنیان. لای ئیسلام دەروێش ولە کلتوری موسڵاندا  تەنانەت ساحیریش هەردوو بە هەمان کار هەڵئەستن . دەروێش هەمان ڕێزی و تایبەتمەندییان هەیەلە ناو کۆمەڵەگەی موسڵماندا، تا چەند ئاینەکە دانی پێدا نەنێت خاڵێک نیە ، چونکە بووە بە یەکێک لە کلتورە هەر باو بڵاوەکانی نێو کۆمەڵگەو بە سەر ئاینەکەدا زاڵ بووە.

قەوالوون : ئەمانە گروپێکن لە ناو ئێزیدیەکاندا ژمارەیان نزیکەی ١٠٠ کەسێک ئەبێت ، زۆربەیان دانیشتووی بەعشیقە و بەحزانین . قەوالیەکان سەر بە عەشیرەتی دوملی یە ، مامۆسیە و هەکارین و چینی موریدن. ئەمانە کاریان لە بەر کردن و وتنەوەی سرودە  دینی و ڕاوێژکاریەکانە  لە بوونە و مەراسیمەکاندا . بۆیە ئەمانە بە خاوەنی توانای باش لە بەرکردن و بەلاغە و هوتاربێژی ناسروان. هەر ئەمانیش مەراسیمی ناشتنی مردوو بەڕێوە ئەبەن، ( الجندی، ١٩٩٨). لە ناو ئیسلامدا مەلاکان ئەگر بە ئەرکی راستەقینەی خۆیان هەستن ئەم کلتورەیان جێ بە جی ئەکەن ، هەردوو وەکو گوتاربێژ و جێ بە جێکاری مەراسیمی مردو، هەوروەها تێڕوانین کۆمەڵگەش بۆ توانای بەلاغە و گوتاربێژییان هەمان ڕوانگەیە.
فقرا : ئەم گروپە تەنها لە ژن پێک هاتووە ، ئەرکی خۆیان وەکو ڕاهیبە جی بە جێ ئەکەن. پاکیزەن، خۆیان لە هاوسەریەتی بێ بەش ئەکەن ، خزمەتەکانی بابا جاویش پێشکەش ئەکەن،هەروەها لە سەر شاخی لالش و مەزاری شێخ ئادی ڕۆناکی و چرای نەوتی هەڵئەکەن ، جگە لە دروستکردنی-  بەرات- کە جۆرێکە لە خۆڵی پیرۆز.( الجندی، ١٩٩٨) مەسیحیەکان ئەم کلتورەیان لە ئێزیدی وەرگرتووە و لە مەسیحیەتدا ڕاهیبەکان هەمان کار ئەنجام ئەگەیەنن. ئێزیدی خۆڵی پیرۆزی هەیە بۆ دواکەوتووانی ، موسڵمان ئاوی پیرۆزی هەیە و پێێ ئەڵێت ئاوی زەمزەم بۆ دواکەوتوانی، هەرگیزیش ڕێگە بە کەس نادات تەنانەت باس لە عەقڵ نەوی موسڵمان بکات لە ئاوێک بەکارئەهێنێت بۆ چاکبوونەوە و مەرازەکانی دی مرۆڤ، بەڵام ڕێگە بە خۆی ئەدات ئێزیدی بە ئاوەز نەوی و گەمژە ناوزەد بکات لە میدیاکانەوە چونکە خۆڵی پیرۆزی هەیە ،ئەمە لە کاتێکدا رێگە بە خۆی ئەدات کەسێک بە ناوی ئاینە وە مێزی حوشتری بداتێ یان پارچە لاستێکی لە دورگەی عەرەبییەوە بۆ بهێنێت بە ناوی پارچەی پێڵاوەکانی ڕێبەری ئیسلام لە بەر  ٤٥٠٠ ساڵەوە هەڵگیرابێت، ئەمڕۆ کورد زۆر متمانەوە سەرە بۆ ئەو پارچە لاستیکە ئەگرێتبچێتە حزوری ماچی بکات. عەقڵ و مەنتیق و مرۆڤ بوون لە کۆێی ئەو دیاردەیەدا خۆی مەڵاس داوە گرنگ نیە، تەنها گرنگ ئەوەیە زۆرترین کۆیلە مرۆڤ لە کێدا ئەدۆزیتەوە..
میر حەج یان ئەمیری حەج : ئەمەش لێپسراوی مەراسیمی جەج و زەپۆشەکانێتی لە لالش بە تایبەت لە ڕۆژانی جەژنی قورباندا. ئەم کلتورەش لە لایەن ئیسلامەوە تەنها پەیڕەو نەکراوە ، بەڵکو مۆرکێکی ئیسلامیشی  لێدراوە.
وێکچوونەکان تەنها لە رێبازە ڕۆحیەکاندا ناوەستێت و ئەگات بەزەپۆشی  پیرۆزکردنی ئاگر و ئاتەشگەکان و کلتوری ڕۆژانەی زارەکی لە لای کورد کە لە بەشی داهاتودا دەیخوێنیتەوە

سەرچاوەکان
الجندي، خليل ( ١٩٩٨)  نحو معرفة حقيقة ألديانة ألأيزيدية  , رابوون، السويد



No comments:

Post a Comment