Wednesday, December 30, 2015

چەند تێ بینیەک سەبارەت بە کۆنفراسی ئێزیدیەکان

Kaziwa Salih's photo.

ڕۆژی یەک شەمە ١٣-١٢-٢٠١٥ کۆنفرانسی پاراستنی ئێزیدیەکان بە سەرپەرشتی ماڵی کورد لە تۆرۆنتۆ و ڕێکخراوی هاریکاری ئێزدیەکان لە ئەمەریکا بەڕێوە چوو. وەکو میوان و بەشداربوویەکی ئەو بۆنەیە، پێم وایە باشترین بۆنەی کوردی بووە هەتا ئێستا لە تۆرۆنتۆدا بینیومە لە بەر ئەم هۆیانە.
١- ئاگادارم ئەم کۆنفرانسە تەنها لە ماوەی مانگێکدا ڕێک خرا ، لە گەڵ ئەوەشدا لە زۆر وڵاتەوە خەڵکیک لە سەر حسابی خۆی بەشداری کردبوو. لە وڵاتانە ، ڕوسیا ، ئەرمینیا ،ئەمەریکا، ئەڵمانیا و هەندێ وڵاتی دی ئەوروپی.
٢- لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە باشترین بوو هەتا ئێستا ، جگە لەوەی بەخێرهاتن و ماڵئاوایی بە باشی و گونجاو بوو، بەڕێوەبەری پانەڵەکان مەریوان زۆر بە توانا بوو لە گرێدان وبەڕێوەبردنی هەموو بڕگەکان
٣- بۆ یەکەم جار هەموو وتارە کرمانجیەکان کران بە ئنگلیزی و نە ئێمەی سۆرانی قسەکەر و نە ئنگلیزەکان بێ بەش نەبوونی لە تێگەشتن
٤- لەو ماوە کەمەدا نامیلکەی کۆنفراسەکە بە شێوەی پرۆفیشناڵانە چاپ کرابوو
٥- کۆنفراسێکی مرۆیی بوو ، بە هەموو شێوەیەک ڕێگە گیرا لە ' چەلەحانیەی' سیاسی.. تاکی ئێمە زۆری پێخۆشە لاسایی سیاسیەکان بکاتەوە لە گوتاردا چەندین ساڵە بۆنەکانی هەڵبجە وئەنفالمان بە نەڕە نەڕی سیاسیانە لێ ئەشێوێت و کەس ناتوانیت دوو وشەی باش بە بێگانە بگەیەنێت پاشانیش هەر نەڕە نەڕکەرەکان خۆیان ئەچنەوە داوای هاوکاری لەو سیاسیانە ئەکەن کە دژیان نەڕاندوویانە.. ئەم دانەیە لە نەڕەی و پرتە و بۆڵەی سیاسی بۆ مەرامی کەسی بە دوور گیرا.
٦- وەکو هەموو کۆنفراسەکانی جینۆساید خەڵکێک هەبوو ئەزموونی خۆی بەش بکات لە گەڵ ئامادە بوان.
٧- لووسی کە سەرۆکی رێکخراوەکەی ئەمەریکایە توانایەکی باشی دەرخست لە خێرا کۆکردنەوە و خەڵکێکی ئێزیدی کە لە گەڵ ئەو هەموو خراپەی کورد هەتا ئەمرۆش بە تاکی ئێزیدی ئەکات و لە ڕووی کولتوریە ئەیانچەوسێنێتەوە ، خۆیان زۆر بە کورد بزانن و هۆشیان بخەنە سەر لایەنە ئەریەی و جوانەکان هەتا لایەنە بۆگەنەکانی کۆمەڵی کوردی و سیاسەتی کوردی.
٨- یەکەم بۆنەیە دوو تەلەفزیون راستەخۆ بیگۆزێتەوە و چەندین میدیای دیش لە سەری بنوویت
------ چەند تێ بینیەک بۆ باشترکردن لە داهاتوودا----
١- خوازیارم لانی کەم ٦ مانگ بۆ کۆنفراسێک دابنێن نەک تەنها مانگیک بۆ ئەوەی قسەکەرەکان بتوانن ئامانج دەستنیشان بکەن و خۆیان ئامادە بکەن و خۆشتان بەو شێوەیە ماندوو نەبن و وە کاتی زیتارتان هەبێت بۆ بانەگەشە و بانگهێشتی خەڵک.
٢- هەرگیز بۆنە لە سەر ئێزیدی مەکەن بە بێ هەبوونی وتارێک لە سەر ئاین و زەپۆشی ئێزیدی، چونکە خەڵکی خۆشمان و دنیاش بە هۆی هەڵە تیگەشتن لە ئاینەکەیان بێ حورمەتیان پێ کردوون. بۆیە یەک وتاریش بێت هەموو کۆنفراسێک بوترێتەوە هێشتا پێویستە.
٣-یەک چرکەش بۆنەکە دوا نەخەن بۆ ئەوەی خەڵک زۆر بێت .. مادام خەڵکی ئێمە کاتێک ئەچێت بۆ بۆنەیەک وا ئەزانێت بۆ سەر کانی ئەچێت، ئێوە چاوەڕوانیان مەکەن ، تەنها قسەکەرانیشی تێدا بێت دەست پێ بکەن و بەرنامەکەی خۆتان دوا مەخەن. خوازیارم ئەمە یەکەم کۆنفراس نەبێت و ساڵانە جوانتر و سەرکەوتووتر دووبارە ببێتەوە
-----------
ئەوە ماوە بڵێم ئەو هەزاران کەسەی لە جنێوداندا بەهرەدارن، ئەو هەمووەی خۆیان بە پێشەکەوتوو ئەزانن، ئەوانەی باسی مافی مرۆڤ ئەکەن ، ئەوانەی مەسەلەی ژنیان کردوە بە ئامانجی حزبی وئیدۆلۆژی، ئەوانەی خۆیان بە دژی ئیسلام ئەزانن و ئەوانەی خۆیان بە بێ ئاین ئەزانن، ئەوانەش هەندێ جار توندە کوردایەتی و هەندێ جار شلە کوردایەتیمان بۆ ئەکەن لەم بۆنەیەدا بەشدار نەبوون ، هۆکارەکەشی لە سەدا ٩٩%ئەوەیە ؟؟؟؟؟ . . مرۆڤی ڕاستگۆ لە کاتی تەنگانەی خەڵکەکەیدا هەموو پرەنسیپێکی حزبی و ئیدۆلۆژی و ئاینی وەلاوە ئەنێت و روو دەکاتە هاوکاریکردن.

No comments:

Post a Comment