Friday, May 30, 2014

 

   ئەنفالکردنەوەی ’ ئەنفال’ بە داشکاندنی ژمارەی قوربانیانییەکان



هیچ هێزێک لەوە ترسناکتر نییە، خەڵکێک سەرەتا متمانەیەکی مرۆیی یان ئەکادیمی  دروست بکات،  پاشان بە ناوی خزمەتکردنەوە گورزی ژەهراوی لە هەستەوەرترین و قوڵترین برین و گرنگترین سەرچاوەی نیشتمانیت بدات. کورد کە خاوەنی گەورەترین قوربانییە، جۆرێک لە قوربانی، لە ڕووی مێژووییەوە، هیچ نەتەوەیەک وەکو کورد بە درێژخایەنی نەیبەخشیوە، بەڵام هەموویانی بە کورتخایەنی کردووە بە خاوەنی هێزی نیوەدەوڵەتی و سەربەخۆی.


ئێمەی کورد ئەگەر دیدەبینینمان لە سنووری ئەو چەند شارە ئازادکراوەی کوردستان بەرینە دەرەوە، تێدەگەین لەوەی نەک تەنها قوربانیدان، بەڵکو بە شێوەی فەرمی ئێمە لە سەرەتای شەڕی جیهانیی یەکەمەوە ڕووبەڕووی جینۆساید بە واتا تیوری و یاساییەکەی بووینەتەوە. لەنێوانیاندا تا  ئاستێکی کەم کەیسی هەڵەبجە زانراوە لای بێگانە و ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەکان تا ئێستا بێ شوناسە. هەوڵەکان بۆ ناساندن و کارکردن لەسەر جینۆسایدی کورد، تەنها پەرش و بڵاو نین، بەڵکو فرەنێت و فرەڕەهەندیشن. لەنێو ئەو فرەڕەهەندییەدا دوو گرووپ هەن، گرووپێک کاری بۆ ناکات و تەنها خورتە و بۆڵە بەرهەم دەهێنێت. گرووپێک کار دەکات و کارەکانی فرەنێتە، هەندێک کردویە بە پردی بازرگانی، هەندێک بە پۆست و کار، هەندێک بە کاڵا بۆ ڕامیاریی هەڵبژاردن و حزبایەتیکردن، هەندێک بە ئامرازی هەژماردنی هەڵویست و نیشتمانپەروەری و هەندێکیش بە تەباشیری سپیکەرەوەی پەڵەی ڕەشی ڕابردوو. لەنێو ئەو فرەمیکانیزمە دروستکراوەدا، ژمارەیەکی کەم لێبڕاوانە و بەبێ هیچ کام لەو مەبەستە ئاماژەپێکراوانە کار بۆ ناساندنی  کەیسی جینۆساید دەکەن و ئەم ئازارە نەگوتراوە بە سەرچاوەی ئازادبوون و کیانی نیشتمانی دەزانن. لەناو ئەم ژمارە کەمەدا ژمارەیەکی بچووکتر، هەوڵی بەئەکادیمیکردن و ڕاڤەکردنی بە زمانی بێگانە دەدەن و ئەم ژمارەیەش دەگمەنینیان خاوەنی چانسی هاوکاریی میدیایی، مەعنەوی و مادین لە دەرەوەوە و ناوەوەی کوردستان کە گرنگترین سێ فاکتەری تێزی مەیسەرکردنی ئەم ڕەوتەن. بەڵام ئەوەی بەم دواییە بەدیم کرد کە خەڵکێک هەیە ژمارەی قوربانیان جینۆسیادی کورد یان ئەنفال تا ئاستێک کەم دەکاتەوە، دەگەیەنێت بە 90 نەوەد هەزار و کەمتر. ئەم گورزە کوشندەیەش بە زمانی بێگانە دەوەشێنن 



کورد بەهۆی بێبایەخیی دەزگایی و حکوومییەوە، کەمتەرخەمیی نیشتمانی، بەهۆی تا ئێستا ئابلۆقەدانی، خۆی هیچی وای نەکردووە  شیاوی تێڕامان و ڕاڤەکردن بێت، بە شێوەیەکی ئەکادیمی و دروست ببێت بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ کەسانی بێگانە.  ئەوەی تا ئێستا بووە بە سەرچاوە و بە لایەنێکی باوەڕپێکراو ناسراوە هیومەن رایتس واچە، ئەوان بە کەموکوڕیەکانیشەوە قوربانیانی ئەنفالیان  بە  182000 ئاماریان کردووە، ئەم ژمارەیەش بووە بە ژمارەیەکی فەرمی لە ڕووی ئەکادیمیەوە ژمارەیەکی زیاتر بەکار بهێنێت داوای سەرچاوەکەیت لێ دەکات. لەگەڵ ئەوەی  من پێموایە ئەم ژمارەیە کەمترە لە ژمارەی قوربانیی کورد لە جینۆسایدەکانی عێراقدا، لەبەر سێ هۆکار:


یەک: حکوومەتی عێراقی بەر لە فەرمی جینۆسایدکردن و ناونانی بە ئەنفال ڕۆژانە دیهاتەکانی ڕەمی کردووە بە ناوی لێدانی پێشمەرگەوە و دەیان هاووڵاتیی سیڤلی بە شێوەی بەردەوام کوشتووە و  کوشنیشیان نەچووەتە سەر هیچ ڕیکۆردێکی فەرمی.     
دوو: هەبوونی تۆمار لە فەرمانگەکانی حکوومەتدا ژمارەی متمانەپێکراوی کورد لە لادێیەکاندا نابەخشێت، چوون جگە لەوەی لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا هەوڵ دراوە ژمارەی کورد کەمتر بخەمڵێت. دەیان هاووڵاتیی کوردیش لە ترسی سەربازی منداڵیان لە تۆمارگە حکوومەیەکاندا تۆمار نەکردووە و بە دەیانیش کە لە بەشەکانی تری کوردستانەوە هاتوون، خاوەنی شوناسی عێراقی نەبوون.
سێ: متمانە خستنە سەر یادەوەری بۆ خەمڵاندنی ژمارەی دێهاتەکان، وەکو ئەوەی فڵان گوتی وابزانم دێیەکەی من ئەوەندە کەسی تێدابوو، کاری نائەکادیمی و پڕ کەموکوڕییە، لە بیرەوەریدا متمانەی سەد دەر سەدی نەکراوەتە سەر، تەنانەت بەسەرهات واتە چیرۆکی جینۆسایدی و جێگەی مشتومڕە ئەکادیمییەکانە، چوون یادەوەریی تێکەڵاوی خەیاڵەکانی مرۆڤ دەبێت ( ئەمەیان مەسەلەیەکی دیە و دەکرێ لە وتارێکی سەربەخۆدا باسی لێوە بکەم). ژمارە بە زارەکی وەرناگیرێت و هەر کراش پێویستە پرسی هەموو ئەو کەسانەی هێشتا لە ژیاندان لە هەر دێیەکدا بکرێت، نەک تەنها یەک دوو سەرچاوە کە خۆیان خەڵکی شوێنەکە نین و ئەوانیش بە ’دەڵێن’ وەڵام دەدەنەوە.
کورد بەم دواییە خەریکە چەند کتێبێک بە زمانی بێگانە بخاتە سەر ڕەفەکانی خوێندنەوە، بەڵام لەبری بەهێز ڕاگرتنی کەیسی ئەنفال، هەندێکیان هاتوون ژمارەکەی هیومەن رایتس واچ بە درۆ دەخەنەوە و ژمارەیەکی زۆر کەمتر پیشان دەدەن. ئەمە لە کاتێکدا ئێمە تەنانەت ئەگەر تەنها خاوەنی  10 هەزار قوربانیش بین، ئێستە کاتی ئەوە نییە، بەتایبەت بە زمانی بێگانە، چوون هێشتا 10 کەس بە ئەرێنی لەسەر کوردی نەنووسیوە، خاوەنی سەرچاوەی باش نین بۆ لەسەر نووسینمان، کێشەکەمان و جینۆسایدەکانمان دانی پێدا نەنراوە، بەم جۆرە ئاکارە نابەجێیە گومان لای هەر ئنستۆتیشنێکی فەرمیش دروست دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەنفال. جێگەی تێڕامانم نییە ئەم ئەنفالکردنەوەی ’ئەنفال’  لەنێو نەتەوەیەکدا ببینم بە دڕێژای مێژوو خۆخواردە بووە، بەڵام کە دەبینم  ئەم جۆرە بابەتە سانسۆری حکوومەت و چەندین دەزگای فەرمیی حکوومیی لەسەرە بە تەواوی ئەوانەم دێتەوە بیر کە نووسەر و ڕاوێژکاری لایەنە فەرمیە باڵاکان، بەڵام نە خوێندەوارن و نە  خوێنەر. ئەوەی لە خۆ ڕادەبینێت بێحورمەتی بە  ئازاری نەتەوەکەی خۆی بکات، خوازیارم یەک جار بتوانێت لە کۆڕێک یان نووسینێکدا بڵێت جولەکە سەد دانە قوربانیی کەمترە لەو ژمارەی خۆیان باسی دەکەن!

18-04-2014

 

No comments:

Post a Comment