Sunday, October 22, 2017

بەدیهاتنی "خەونی کوردی" بکرێ بە مەرجی لێبووردنخوازی "مەسعود بارزانی".


بەدیهاتنی "خەونی کوردی" بکرێ بە مەرجی لێبووردنخوازی "مەسعود بارزانی".

کازیوە ساڵح 
  
دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە دیدارێک و هەروەها لە پرەزنتەشنێکی زانکۆی یورکدا گوتم" ئەوەی ئەمڕۆ سەرەتاتکێ دەکات سەرەتای سەر هەڵدانی جەنگی جیهانی سێهەمە و ئەم جارە لە ڕۆژهەڵاتەوە سەر هەڵدەدات " یەکێک بوو پشتگیری قسەکەی کردم و گووتی " بەڵێ منیش پێم وایە هەڵدەگیرسێ و لە ئێرانیشەوە دەست پێ دەکات ، چونکە چەکی نەوەوی هەیە " قسەکان لای ئەوان زۆر جێگەی نەدەگرت بەڵام زۆر بە سەر ئەم قسەیەدا تێنەپەڕیوە وا سەرەتای ئەو شەڕە دەرکەوتوە و پێشبینی هاوڕێکەشم هاتە دی لە ئێرانەوە دەستی پێکرد. ئەو مۆدیلەش یەک بە یەک وڵاتەکانی تری ناوچەکە دەگرێتەوە . ئەوەی پەتی بێ دەنگێکی بە مەبەستی درێژخایەنم پێ دەبڕێت ئەو مەترسیانەیە ڕووبەڕووی کوردستان دەبێتەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا. لەم نووسینەدا بە کورتی تیشک دەخەمە سەر ئەگەری ڕوودانی شەڕی جیهانی سێهەم ، لە باردبردن ، یان بە ڕاستی کردنی " خەونی کوردی" لە کەوانەی ئەو شەڕەدا.

         کەوتنەوەی شەڕی جیهانی سێهەم نەبووە بە خولیا و دڵەڕاوکەی لیکۆڵیاران و شارەزایانی بواری سیاسەت، ئەمەش پەرچەکردارێکی زۆر ئاساییە ، چونکە شارەزایانی ئەو بوارە ڕۆژئاوایین و ڕۆژئاوایەکانیش لە شەڕی داهاتوو بێ باکن ،چونکە بە ئاشکرا قازانجی ئەوان دەستەبەر ئەکات. ڕۆژئاوایەکان زۆر چاک لە ئاوزی ڕۆژهەڵاتیەکان شارەزابوون ، کە هەزاران شارەزای بوارە جیاوازەکان لە ناو خۆیاندا هەڵکەوێت و لە پسپۆرەکانی  ڕۆژئاوا و سیاسیەکان گرنگتر بیخاتە ڕوو هێندەی یەک دێڕی ڕۆژنامەنووسێکی لاوازی ڕۆژئاوایی متمانە بە بابەت ، توانا و بۆچوونی ناکەن. ئەکرێت ڕۆژئاوایەکان لە هاوڵاتێکەوە بۆ پرۆفێسۆر و سیاسی و شارەزایەکەوە خەون بەو شەڵەقاندنەی ڕۆهەڵاتەوە ئەبینن . وەکو مرۆڤێک کە خواستم ئازادی و بە ئاشتی ژیانی مرۆڤە، منیش پێم خۆشە ڕاوەشان و شەڵەقاندنێکی سیاسیانە و مرۆڤانە بە ڕۆژهەڵات بە گشتی بکرێت ، بە زۆر چەند پرەنسیپێکی دیموکراسیانە ومرۆییانەیان بە سەردا بسەپێت. بەڵام کوشتنی هاوڵاتیان لە پێناوی بەرژەوەندی چەند گروپێکی دیاری کراو و یەک و دوو وڵاتی زلهێزدا نا، بە تابۆکردنی ‌هەڵگیرسانی شەڕ و کاولکاری. هەرچیەک بووبێت بیانوەکانی گەشبینی ئەوانەی پێیان وایە جاریەکی دی جەنگی جیهانی سێهەم ڕوونادات، ئەو باوەڕ و گەشبینێ لای من ناچەسپێنێ کە هەندێ لە دڵەڕاوکەکانم دەرنەبڕم. پێم وابوو و پێم وایە هەتا ساڵی ٢٠١٢ شەڕیەکی خوێناوی دی دروست دەبێت وەکو سەرەتایەک بۆ شەڕی جیهانی سێهەم .چوون زەمینەی ئەو شەڕەش ماوەی پینج ساڵ لە بارە و هەموو ئەو فاکتەرانەی شەڕەکانی جیهانی یەکەم و دووەمی هەڵگیرسان لە ڕووی سیاسی ، ئابووری و سۆسیوئیکۆنۆمی و سیستمی بەڕێوەبردنیشەوە نەک هەر ئامادەی هەیە بەڵکو لە ترۆپکدایە. دوو فاکتەری مێژووی چواچێوەی هۆکارەکان دەکێشن ، ئەوانیش فاکتەری نەریەتی و فاکتەری مۆدێرنن.
 

فاکتەرە نەریەتیەکان.
 

فاکتەرە نەریەتیەکان کۆمەڵێ هۆکار پشتگیری ئەکات. ناکرێت باس لە هەموو یان بە وردی بکەین ، بەڵام چەند سەرەپێنووسێک پێویستە بۆ وەبیرهێناەوەی چوار دیارترین فاکتەر ئەو وڵاتانەی کرد بە سیستمێکی جیهانی و ناوی نرا سیستمی سەرمایەداری و دوایش کە سیستمی سەرمایەداری سەرخست و هەموو کێشەکانی مرۆڤی بە دووی خۆیدا هێنا. ئەو هۆکارانە کۆڵۆنیالیزم ، کۆیلایەتی ، ئیمپریالیزم و رەیسیزم 'جوداخوازی" بوون.

         کۆڵۆنیالیزمی کولتووری :

مێژووی جیهان دەری دەخات تەنها ئەو نەتەوانەی هێزیەکی سیاسی و ئابوری بەهێزیان هەبووە توانیویانە وڵاتانی دی داگیر بکەن ،توانیویانە ببن بە دەوڵەت ، زۆربەی دەوڵەتانی جیهان کە خاوەنی قەوارەی بەهێزن ئەوانەن کە توانیویانە داگیرکار یان کۆڵۆنیالیزم بن. ئایدیای کۆڵۆنیالیزم لە ئایدیای بە شارستانیکردن و فێرکردنی ژیانی مۆدێرنانەی ئەوی دی " نەتەوە، وڵاتەوە" هاتوە. لەم هاوکێشەیەدا مرۆڤی سپی " مرۆڤی رۆژئاوایی دەکات" خاوەنی ئەو هێز و باوەڕبوونەن کە ئەوان دەتوانن مرۆڤە سەر ڕەشەکان  یان ڕۆژهەڵاتیەکان و ڕەش پێستەکان فێری شارستانیەت و ژیانی مرۆڤانە بکەن، لەوێوە یەکەم جار ئەفەریقایەکان لە لایەن ئەوروپا و ئەمریکا و داگیرکران و پاشان ڕەش پێستەکان سەرەشەکانی وەکو " ئێمە _ڕۆژهەڵاتی" کۆڵۆنیاڵکران.بەڵام کۆڵۆنیالیزم پێوسیتی بە هێزیەکی ئابوری بتەو هەیە و ئەوەی بەخاوەنی ئایدیای کۆڵۆنیاڵی بێت خاوەنی ستراتیژی ئابوریشە لە پاڵیدا . ئابوری بەهێزیش لە تەروازوی دادپەروەی و یەکسانی ناکێشرێت. بۆیە کۆڵۆنیاڵکراوەکان ک کران بە کۆیلە ، وە وەکو فانون ئاماژەی پێدا دەکات سروشتی مرۆڤی داگیرکراو ئەوەیە مەیلی بە لای داگیرکارەکەیەوە  دەڕوات بە ئاستێک بێ ئاگایانە کولتوورەکەی ئەو لە ناوخۆدا زیندوو ئەکاتەوە.
      ئەم جۆرە هەست و خۆ ناپەسەندیە برەوی بە هێزی داگیرکار داو و ئەو  ستراتیژە ئابوریەی سیستمی کۆیلایەتی هێنایە ئاراوەو و سیستمی کۆیلایەتیش سیستمی سەرمایەداری چەند قات سەرخست. ئەمەش تەنها لە ڕێگەی بەکارهێنانی کۆیلەکان  یان داگیرکراوەکان وەکو هێزی کار و کرێکار بە بێ بەرانبەر نەبوو، بەڵکو بەکارهێنانیشیان بۆ ڕووخانی ناوخۆ، یان خودی خۆیان. ئەم شێوە کارکردنەش چینی کۆمەڵایەتی و ڕەیسیزمی ‌هێنایە ئاراوە .لە بەر ئەوەی ڕەیسیزم سیستمی هێزە ، هێزی دەرەکی و ناوەکی توانی بچێتە نێو هەموو کایە جیاواازەکانی ژیانەوە و پۆلینی چینی و وتوێژی دروست کردوە لە هەناوی مرۆڤە کویلەکراوەکان بەر لە وڵاتەکان، هەتا ئێستا مرۆڤایەتی قەرەبووی ئەم ڤایرۆسە کوشندەیە دەدات.. بەڵام سیاسەتی نوێی دنیا لە ڕیگەی سوپاوە داگیرت ناکات ، بەڵکو لە ڕیگەی کولتوورەوە، واتە کولتوور شیوەی نوێی کۆڵۆنیالیزەکردنە. ئەو نەتەوانەی کە کولتووری بە‌یز و تەبایی لە نێوان مرۆڤ و کولتووردا بەرقەرارە کەمتر ئەکەونە بەر مەترسی. بەڵام ئەوەیان لە ڕۆژهەڵاتدا نیە ولای کوردیش هەر نەبووەە.  
        
           لە ڕۆژەهەڵاتدا کورد ئەزموونی درێژخایەنترین کۆڵۆنیالیزەکردنی هەیە، بەڵام لای کورد و لە ڕۆژهەڵاتیشدا بە گشتی پرۆسە کۆڵۆنیالیزە کردن تەنها پرۆسەیەکی دەرەکی نەبو، بەڵکو پرۆسەیەکی لۆکاڵیشدا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕۆژهەڵاتەوە بەرهەمهێنرایەوە بەرانبەر بە هاوڵاتی ، بە هەمان شێوە لە سەردەمەی کۆیلایەتیەوە دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ڕۆژهەڵات میللەتەکانیان کردە ب کۆیلەو ژیانی کۆیلایەتی ژیاون ، گروپێک لە شڕە خۆرەکانی دەوری دەسەڵاتەکانیش ڕۆڵی سپیە داگیرکارەکانی ڕۆژئاواییان بینیوەو ، ئەوان بوون بەو چینە ئیمپریالیزمەی کلتوری کۆڵۆنیاڵیزەکردنی سیاسیەکانی بەرهەم هێنایەوە و بە تایبەت کولتوری ڕەیسیزم کە ئەوانی دەکرد بە سەنتەر و خەڵکی پێچەوانەی ئەوانیش بە داوێن. خولقاندن باڵایەک و نەویەک پۆلێنی سنووری بەهێزیەک و لاوازێک ئەکێشێت. ئەم سنوورە ئەستوورە سنووری نێوان کوێلەو خاوەندارەکانیش بوون، بەڵام هەر وڵات و پارچە زەوێکی دنیا پەیوەندی ئاغا و کویلەی لە سەر بونیادنرابێت ئەو شوێنە خاپور بووە ، ئەو ئاغایە یان دەرمانخوارد یان کوژراوە. ئەمەش . چونکە کۆبونەوەی غەم و چەساندنەوە یاخی بوون یان شێت بوون بەرهەم ئەهێنێت ، ڕقی تۆڵەکردنەوە ئەچێنێت . ئەمڕۆ کولتووری شۆڕشی سپی لە ڕۆژهەڵاتدا دەستی پێکردوەو ، پێ ناچیت بەو زوانەش خەفە بکرێت و نەبێت بە سەدەی لە ناوچوونی هەموو ئەو دکتاتۆرانەی ئەوانیان کردوە بە کۆیلە.
 

هۆکارە مۆدێرنەکان.

‌ هێزی ئابووری : ئاشکرایە هێزی ئابووری و سیاسی وڵاتە زلهێزەکان بە تایبەت ئەمەریکا و بەریتانیا بەرهەمی شەڕی جیهانی دووەم بوو. ئەمڕۆش شەڕیکی دیکە پێوستیە نەک تەنها خواست بۆ بەهێزکردنی ئابوری ئەمەریکا. من نە جادۆکار ونە ئیماندارم هەتا بتوانم خوێندنەوەی داهاتوو بکەم،  بەو راستەخۆیە بڵێم شەڕی گەورە ڕووئەدات، بەڵام بە هۆی خوێندنەوە و لێکدانەوەم بۆ هێزی زل‌هێزەکان وقەوارەی زەوی ودانیستوان ئەتوانم ئەو مەزەندەیە بکەم. جاران وڵاتێکی زلهێز ولاتێکی لاواز  یان چەند وڵاتێکی لاوازی داگیر ئەکرد. ئێستا وڵاتێکی زلهێزی وەکو ئەمەریکا تەنها مەیل نا ، بەڵکو بەرنامە ڕێژی ئەوە ئەکات کە هەموو دنیا داگیر بکات. ئەو ئەگەر تەنها بە کولتوور و زمانیش بێت ئەتوانێت ئەو داگیرکاریە بکات، بەڵام وای مەزەندە ناکەم پلانی داهاتوو تەنها ئەوەندە بێت. پێم وایە ئەوان و کۆمەڵێک وڵاتی زل‌هێزی تر کە پیویستیان بە هێزی زیاترە خۆیان بپارێزن ئەیانەوێت زلهێزی دنیا بن ، لەو دۆخەشدا بیر لە ئیدارەکردنی دنیاش ئەکەنەوە. واتە پیاچوونەوەیەکی ژمارەی دانیشتوان و قەوارەی زەوی ئەکەن. مرۆڤ دوو سەد هەزار ساڵە ژیان لە سەر زەوی ئەکات. لە سەرتای مرۆڤایەتیەوە مرۆڤ و پێداویستەکانی لە دوو دەر سەد کەمتری زەوی داگیرکردبوو ، لە سەدا نەود وهەشتی زەوی بەتاڵ بوو. هەر لە بەر ئەوەش کارەساتی سروشتی زۆر ڕویئەدا و مرۆڤەکان بە کارەساتی سروشتئ ئەمردن(هاوەڵ) . بە پێی لێکۆڵینەوەیەکی کارۆل کیندەر لە ساڵی ١٩٩٨دا ڕێژەی دانیشتوانی زەوی شەش بلیون بوون .
           هەتا تەنها سەد و بیست ساڵ بەر لەو مێژووە واتە ساڵی ١٨١٠ ژمارەی دانیشتوانی زەوی تەنها یەک بلیون بوون. ئێستا کە تەنها یەک دەیەمان لە سەدەی بیتس و یەک بڕیوە ژمارەی دانیشتوان حەوت بلێون پۆینت دووە . هەر بە گوتەی کیندەر خانوو و شوێنی نیشتەجێ بوونی مرۆڤ لە سەدا پەنجا و دووی داگیرکردووە ، ئەمە جگە لە شاخ و دەریاکان. بەم پێیەش ئەوەندە زەوی بە تاڵی نەماوەتەوە کە زەوی بە سەلامەتی بمێنێتەوە و تووشی کارەساتی سروشتی نەبین. لە لایەکی دی لە ساڵی ١٩٩٠ وە لە سەدا حەفتاو پێنجی دانیشتوان کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەبووە و ئەم ڕێژەیەش هەڵدەکشیت. بە پێێ راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دانیشتوانی زەوی هەتا ساڵی ٢٠٢٥ دەبێت بە چواردە بلیون. لە کاتێکدا  ئەو قەوارەی زەوی کە بۆ ژیان ئەبێت ١٥.٧٧پازدە بلێون پۆینت حەفاتاو وحەوت دۆنمە. بەم پییەش زەوی زیاد ناکات وگەورە نابێت وئاو ساڵانە کەم دەکات وپارەش بە هەمان شیوە لە جیهاندا . ئەمە جگە لە کیشەی شەڕ وئاین و نەبوونی دیموکراسی زۆربەی ئەم ژمارانە لەو شوینە کێشەدارانەدا ئەژین، وە هەرکە کێشەشیان هەبوو داوا لە ئەمریکا ئەکەن بۆ هاوکاری و ڕزگارکردن . ئەمەش کێشە سیاسی وئابوری و کولتووری وکۆمەڵایتەی بۆ ناوخۆی خۆیان دروست ئەکات.
      ئێستا بۆ ساتێک بهێنە بەرچاوت ، ئەگەر وڵاتێک بیەوێت ئیدارەی ئەم هەموو کێشەیە بکات کە ئەمریکا خۆی ئێستا ٨٣٠ هەشت سەد وسی بلیون قەرزارە؟ ئەوروپا و زلهێزانەی ئەو کاتە هەمان کێشەیان هەبوو کە شەڕی جیهانی یەکەمیان هەڵگیرسان. پێم وایە ئێستاش شەڕێک هەڵئەگیرسێنن زۆترتن مرۆڤ لەوانەی لای ئەوان بە ئەرک و زیادەن تیا بچیت و دەستیش ئەخەنە ئەو وڵاتانەی دەوڵەمەندن بۆ ئەوەی لانی کەم قەرزەکەیان زیاتر نەبێت. ئەوەشی ئاشکرایە وڵاتانی یەکەم بە هیچ شێوەیەک دەستوەردانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆییان بۆ هیچ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی نەکردوە بە ئەرک و ناکات گەر بەەژەوەندی ئابوری لە سێبەردا نەبێت ، تەنانەت بە ئەرکی نەتەوە یەکگرتوەکان و مافی پەناهەندەییشەوە.

کلتوور و سەرسام بوون: ڕۆژهەڵاتی لەوە تێناگات لە جیهاندا سیستمی ئیشتراکی و دیمۆکراتی هەتا ئێستا بە تیوری ماوەنتەوە و بە تەواوی نەهاتوەتە جیهانی پراکتیکەوە و مافی مرۆڤیش لە زۆربەی دۆخەکاندا تەنها ئامرازێکی ڕازاندنەوەی کاتیە بۆ چەوساندنەوەیەک کە لایەنیکی لاوازی لە پشتە نەک بەهێز.بەڵام ئەو ڕێژە کەمە نمایشیەش دیمکراتیەت و مافی مرۆڤ تەنها لە ڕۆژئاوا پراکتیکیە. لە ڕۆژهەڵاتدا تەنانەت لای عەلمانیترین لایەن و کایە تەنها گەمارۆدان و دۆگماکردنی کۆمەڵێ پرەنسیپە کە لای ئەو بۆ ڕازاندنەوەی قسە بەکاردێت نەک ڕازاندنەوەی ژیان. پراکتیکردنی ئەو چەمکانە تەنها خواستی بوونیان بەرجەستەی ناکات بەڵکۆ مەعریفەی چۆنیەتی بەرهەمهێنانیان دەستەبەری ئەکات. مەعرفیەش توانایەکی هزری باڵاو و کلتوری سەروو مامناوەندی ئەوێت ، ئەو دوو چەمکەش داڕوخاو و ئالودەی وەهمی بوون و غروری ئوروتۆکراسین لە ڕۆژهەڵات، ئەم ڕاستیەش لای رۆژئاواییەکان ڕوونە ، ئەوانیش لە دەرگای ئەم ڕاستیە دەدەن بۆ شەڕی داهاتوو؛ دەرگای پێداگرتن لە سەر پراکتیکردنی مافی مرۆڤ و میکانیزمێکی دیمۆکراسیانە . چونکە ئەوان لایان ئاشکرایە ئەو دوو میکانیزمە لای ڕۆژهەڵاتی کوشتن و دووبەرەکی و هەڵوەشاندنەوەی کایە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان بەرهەم ئەهێنێت ، چوون هەردوو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی خاوەنی مەعریفەی تێگەشتن و پراکتیکردنی نین.
          لە لایەکی دی هێزی سەرسام بوون بە ڕۆژئاواو و بێزهاتنەوە لە ڕۆژهەڵات دوو هێزی پارادۆکس و ئامادەی سەرجەم میدیاکانن. لە هیچ میدیایەکی ڕۆژئاواییدا نرخاندن و بەها بۆ دانانی ڕۆژهەڵاتی و کلتوور، توانا، و مرۆڤایەتی بوونی هیچ بایەخێکی نەبووە ، بەڵام بووە بە بابەتی زۆربەی کلابە کۆمیدیەکان و ستوونە و لێکۆڵینەوە ڕەخنە ئامێز و پێکەنین هێنەرەکان. لە بەرانبەردا میدیای ڕۆژەهەڵاتی بە گشتی ئەو پەیکەرە پڕ ئاشتی و تەبایی و فریادڕەسەیان بۆ ڕۆژئاوا دروستکردوە کە لە سەروو نەوەد دەرسەدی هاوڵاتیان دەستی پەرستنیان لە بەردەمدا بەرزکردوەتەوە و دە دەرسەدیش پێچەوانە. ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا لە ڕۆژهەڵات ڕوودەدات بۆ ئەو دە دەرسەدەیە کە چینێکی کۆنسەرڤەتیڤن ،حەپەسان و مەیلیان بۆ کلتوری کۆن و هزرێکی فاشیزم و نەتەوەییەکی کوێرانە و ئاینێکی چەق بەستووە. ئەمەش نە خەڵاتە و نە ڕوودانێکی ئەرێیانەیە، وە نە لە بەر ئەوەشە کە مەیلیان ڕاکێشن بە لای ڕۆژئاوادا ، بەڵکو ئەو ئاژاوەو و خوێن ڕشتنەی ڕۆژئاوا دەیەوێت لە ڕۆژهەڵاتدا ڕووبدات بە کەس ناکرێت بە ئەو چینە کۆمەڵایەتیە دواکەوتووە نەبێت .
          ڵێرەدا پەسەندە ئاماژە بە ڕۆڵی ئەو چینە کۆنزەرڤەتیڤانە لە سەرخستنی خواست و پلانەکانی وڵاتانی زلهێز و ئەمەریکا بدەین. ئاشکرایە هێزیەک بە ناوی هێزی وەهابیزم کە قاعدە و بن لادن و سعودیەی عەرەبی ترۆپکە و سەنتەری ئەو هێزن. لە ڕووی ڕاگەیناندوە ئەم هێزە بە دوژمنی سەرسەختی ڕۆژئاوا بە گشتی و ئەمەریکا بە تایبەتی و مرۆڤایەتی دەژمێردرێت ،بەڵام لە راستیدا ئەوان تەنها دوژمنی مرۆڤایەتین و دۆست ولاینەگر و هێزی ئەمەریکا و بەریتانیان ،بەو بەڵگەی ئەگەر بۆ دروست بوونی وەهابیزم بگەڕێننەوە ،لە بنەمادا لە لایەن موخابەراتی بەریتانی وە دروستکراون ، ناوی وەهابی- لە ناوی ئەو "عبدلوەهاب "ەی کە سەرەتا هاوکاری هامفەر " مەخابەراتە نێردراوەکەی ئەمەریکای کرد لە عێراقەوە لەوێوە لە گەڵی ڕۆشت بۆ ناوچەی سعودیە " جەزیرەی عەرەبی" بۆ شارەزابوون لەم ڕاستیە پێویستە بیرەوەیەکانی هامفەر (
Memories of Mr. Hampher) بخوێنینەوە لەم کتێبەدا هەموو ئەو ڕاستیانە باس دەکات کە بەریتانیا و وڵاتانی زلهێز چۆن دەستی هەبوو لە دروستکردنی هێزی ئیسلامی وتیرۆریست لە ڕۆژهەڵاتدا.
         دیارە ئەو کات مەبەستی ئەوان ڕوخان ولە ناوبردنی بلۆکی ئیشتراکی و هەموو هێزە عەلمانی وکۆمۆنیستەکانی دنیا بوو. چوون ‌هێزی عەلمانی یەکەم بەربەرەکاری کاپیتالیزم بوون و جگە لەوەی ببوون بە هێز بۆ روسیا. لەناوچوونی هێزی عەلمانی و ململانیە لە گەڵ هێزە سیڤل خواستەکاندا لە ناوچوونی هێزی ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی و چینی مام ناوەندی لێ کەوتەوە. لەوەتەی ئەو دوو هێزە نادیارن دەسەڵاتی گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی دەسەڵاتداری سیاسی و چینی کاپیتالیزمدایە ، کە پارەدارەکانی جیهان دەکات. هەردوو هێزیش واتە هیزی ئابوری ڕۆژئاوا وهێزی ئاینی ڕۆژهەڵات لە هەموو سەردەمێکدا کۆک و تەبا و هاوتەریب بوون لە بەرژەوەندیە جیاوازەکاندا و هاوبەش بوون لە بڕیارە گشتیەکاندا بە ئاقاری بەرژەوەندی هەردوولایان. بۆیە ململانیەکانی جیهان لە سەرەتای ساڵی هەشتاکانەوە گووازراەتەوە بۆ ململانیەی سیادەی سیاسی و ئابووری " باڵا" خوازی لەو دوو دەسەڵاتدا وبەهێزترین و بەرفراوانترین تەکنیکی تەکنۆلۆژیش بەکارهێنراو دەهێنرێت بۆ گواستنەوەی ئەوهێزە، بە شێوەیەک توانای داگیرکردنی هەبێت لە دوورەوە .
       کەواتە لە بری ئەوەی مخابەراتێک بنێرێت بۆ وڵاتەکەت ئامێرێکی تەکەنەلۆژی دەنێرێتە ژووەرەکەتەوە.  هەر وڵاتێک هەوڵی داوە زۆرترین کۆشش بەکاربهێنیت وڵاتەکەی باڵا بێت لەو دوو بوارەدا بتوانێت هێزێکی ناوخۆ دروست بکات بەرانبەر ئەو وڵاتانەی کە دەتوانن ببن بە باڵاترین و زلهێزترین بۆ ئەوەی خۆیان لە ئیمپریالیزمی داهاتوو بپارێزن. هەندێ وڵاتی وەکو سین ، یابان ، ڕوسیا..تد توانیویانە وریانە لە پلانە داهاتوەکانی وڵاتانی زلهیز تێبگەن و ستراتیژیەکی هاوشێوە فەراهەم بێنن لە چوارچێوەی هێزیکی ئابووی و سەربازی و دەگمەنی گونجاو ، ئەم ستراتیژە بوو بە هۆی بە هێزبوونی بەستنی پەیوەندی دیبۆماسی بازرگانی گەورە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا، بە ئاستێک لە تێڕوانینی وڵاتانی زلهێزدا ئەوان فریادڕەسی بەرهەمهێنانی شمەکەکانی بژێوی ژیانن بە تایبەت خۆراک ،پۆشاک و ناماڵ لە داهاتوودا. ئەوەی لە تێگەشتنی پلانی وڵاتانی زلهێز کە ئەمریکا پێشەوایانە دۆڕانی بردەوە جگە لە" دوبەی" وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەوهێزە تەکنۆلۆژیەی کە داهێانی ڕۆژئاوایە و گەیاندیان بە ترۆپک بۆ گواستنەوی ئیمپریالیزمی کلتووری بە ئاستێک پێویست نەکات وەکو سەدەکانی ناوەڕاست هێزی سەربازی و موخابەراتی بنێرنە هیچ وڵاتێک و هێزی ئابوری لە ئیمپریالیزمە نەرەتیەکاندا بەکارنەهێنن لە ڕیگەی هێزی تەکنۆلۆژیە و ئاسانتر و هەرزانتر و ساکارتر جێ بە چی دەکرێت، بە ئاستێک سیادەی ناوخۆی وڵاتانی دی لە ناوچووە و نەک گروپێک و هێزیەکی کۆمەڵایەتی یان عەشیرەتێک دەتوانێت پەیوەندی بە موخابەراتی وڵاتانی زلهێزەوە هەبێت ، بەڵکو تەکنۆلۆژیا ئەم کارەی لە سەر ئاستی تاکیش ئاسانکردوە. لە بەرانبەر ئەم تەوژمەدا دەسەڵاتی سیاسی ڕۆژئاوا لە گەڵ ئەوەی سەرکردەکانی هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا  زۆربەیان هاوپەیمانی ئەمریکان و بە خواستی ئەوانیش بۆ یاریکردن بە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتەوەوەکو بەڕێوەبەری فەرعێک دانراون ، بەڵام فەرمانڕەواییانی ڕۆژهەڵات بە ئاسانی ئەو ڕاستیانە لە یاد دەکەن و تەنکنەلۆژەیەی بۆ بەرفراوانی بەرژەوەندیاکانی خۆیان و بە ئاسانی پارە گواستنەوە و حسابکرنەوە لە بانکەکانی دەرەوە و بە دەستهێنانی نوێترین ئامێر و ئامرازەکانی تەعزیب و تووندوتیژی و لە شەڕی داهاتودا و بەکارهێنانی زمانی و پەیوندی بازاڕیانە و ناسیاسیانە لەم پلانە سیاسیەدا.
       ئەوەی هێزی سیاسی ڕۆژهەڵاتی لێی بێ ئاگایە ئەوەی هاوڵاتی ڕۆژهەڵاتی چی دی هاوڵاتی ئەو وڵاتانە نین کە تێدا دەژین بەڵکو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هاوڵاتی ئەمەریکین یان جیاهنین، جیهانگیری شوناسنامەیەکی دی پێ بەخشیون لە ڕیگەی ئەو هێزەی کە خاوەنی ئیمپریالیزمێکی کلتووری هێندە بە دەسەڵات و باڵایە کە هاوڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی تەنانەت ئەوەشی زمانی ئنگلیزی نازانێت ئاگای لە پرۆگرام و داهێنان و خواردن و دیاردەیەکی ئەمریکی زیاترە هەتا ئەوەی وڵاتی خۆی . چونکە ئەمەریکیەکە باشتر توانیوەیەتی بێتە ناو ژیانی گشتی وتابەتیەیانەوە. سەرسامی و خۆشەویستی هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات وایکردوە کە هەمیشە ئامادەبوون چەندین هێزی ئیسلامی و وەهابی و بە ناو ئوپۆزسیون و عەشایەری لە سەر بودجە و موخابەراتی وڵاتانی زلهێز بەڕێوە دەبرێت. هیچ کام لەو سەرفکردنە مادی و هزری و موخابەراتیانەی ڕۆژئاوا بەرانبەر ڕۆژهەڵات بێ ستراتیژ و پلانی داهاتوو نەبووە، لە دەرەروەی بەرژەوەندی ئەو ستراتیژە جێ بە جێ نەکراوە. ئەمڕۆ کە لای هاوڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ماکدۆناڵێک بەلەزەتر و هەرزانترە لە کەبابێکی کوردی و شاورمەیەکی عەرەبی ؛ کە هەموو شمەک و کل و پەلێکی لە ڕۆژئاواوە بۆ دێت و بازاڕی خۆماڵی بێ بەرهەم و نابووتە ، کە تەکنۆلۆژی فێری کرد داواکاریەکانی لە ڕێگەی نێتەوە لە بازاڕێکی ئەمەریکی بکڕێت هەتا خۆماڵی؛ کە دەتوانێت لە ماڵەکەی خۆییەوە پەیوەندی بە گەورەترینی هێزی دنیاوە هەبێت؛ کە نرخی شمەک لە بازارەکاندا هەمان نرخی وڵاتێکی زلهێز و پارەدار و پڕ کارە، ئەمڕۆ ئیتر مەیلی خۆماڵی لای هاوڵاتیان نەماوەو مەیلی پەسەندکردنی دەسەڵاتیی خۆمالیش کە دەسەڵاتەکانی ڕۆژهەڵات هەمیشە دیکتاتۆری و سەرکوتکەر بوون نەماوە .زەمانی تاکڕەوی و دیتاتۆریەتی هێزە بچوکەکان و دەسەڵات سەپاندنی بە زۆر بە سەر چووە. ئەمرۆ هەموو هاوڵاتێک خۆی بە هاوڵاتی زلهێزێک دەزانێت و داوای مافی لێ دەکات و هەموو وڵاتێکی زلهێزیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو هاوڵاتیانە بە مۆڵکی خۆی دەزانێت تا ئەو ئاستەی لە پێناوی بەرژەوەندیەکاندا بەکاریدەهێنێت.

       ئەمڕۆ ئەو تووە لە سەدەی هەژدەوە بۆ بیست لە ڕۆژهەڵاتدا چێنرا ئامادە و سازە بۆ دوورینەوە ، کە تۆعوی ئیسلامی ڕادیکالیزم و وەهابی بوو. بە کورتی هێزی ئابووری ئەمەریکی کە ڕۆخاوە پێویستی بە شەڕێکی دی وەکو ئەوەی شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم هەیە بۆ ئەوەی هەمان هێزی ئابووری لە ئەمریکا لە دایک بێتەوە. شەڕی داهاتوو بە شێوەیەک دەبێت کە ئەمریکا و وڵاتانی زلهێز ئەمجارە لە ڕووی فیزیکیەوە وەکو داگیرکار و پشتیوانی ئەو شەڕانە دەرنەکەون ، چونکە شەڕەکانی بەو هێزە ناخۆیانە دەکات کە لە ڕۆژئاوادا دروستی کردوون و پێشتر ناومان هێنان.ڕۆژئاوا ئەو ئارامی و دیموکراسیەی کردوەیە بە تایتڵ لە ئیستادا نابینێت و بەڵکو پەشێوەی ڕوخانی یەک بە یەک دەسەڵات دیکتاتۆر و بتە بچوکەکانی ئەمەریکا دەشکێت و بە دواشیدا شەڕی ناوخۆ لە زۆر شوێنی ڕۆژهەڵتدا ڕوودەدات. ئەو شەڕانەش مەرجن بۆ گەڕانەوەی هێزی ئابووری ئەمەریکی.
 

کوردستان : بە دیهاتنی "خەونی کوردی" یان گەرمترین مەکۆی شەڕ:

گەر کورد بیەوێت میللەتێک بێت خاوەنی کیان و قەوارە پێویستە ببێت بە خاوەنی " خەونی کوردی" هاوشێوەی " خەونی ئەمریکی - 
American Dream" ئەمە خەونێکی گشتگیرە ، پێویستە بەرنامەڕێژێکی نیشتمانی هەبێت کە هەموو بە یەکەوە بیبینین و بە یەکەوە کاری بۆ بکەین .ئەم جۆرە خەونە کۆی هەموو خەونە سیمبۆلی ، ڕۆحی و مەعنەویەکانە ئەوەی .بەدیهاتنی خەونی کوردی بەرەو ئاقاری بەدیهاتن ئەبات باڵاکردنی ئەو ڕۆحە نیشتمانیەیە کە کورد بە یەک دەنگ بڵێت من کوردم کەواتە من هەم .هەر وەکو چۆن ئەمەریکیەک ئەڵێت من ئەمەریکم کەواتە من نایابم. کورد خاوەنی ئەو قەوارە بەهێزە نەبووە ببێت بە کۆڵۆنیالیزم بۆیە کۆڵۆنیاڵکرا.

        کوردستان گەرمترین ناوچەی شەڕ دەبێت ئەگەر بەم عەقڵە سیاسیە نەزۆکەی ئێستا هێزی سیاسی و ئابوری کوردستان بەڕێوە ببرێت. گەرمترین چونکە کوردستان لە شەڕە بە هێزەکاندا کیانی سیاسی و دەوڵەتی خۆی لە دەستداوە، لەو شەڕانەی لە ڕۆژهەڵاتدا ڕووددەدات ، کە شەڕی بە هێزتر دەبن لە ڕووی تەکنۆلۆژی ، هزری کۆمەڵایەتی و سیاسی شەڕکەران ، چونکە شەڕی داهاتوو هێزی سەربازی بەڕێوەی نابات بەڵکو ئەو چینە مام ناوەندیەی لاوان بەڕێوەی دەبات ساڵانێکە بوون بە چینی خواروو یان هەژار، بە کورتی شەڕی کویلەکان و دەرمانخواردکردنی کۆیلەکارانە. لەم شەڕانەشدا مەرجێکی زۆر گونجاو و دۆخێکی زۆر لە بارە جاریەکی دی ئەو کیانە بە دەست بهێنێتەوە لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە. وڵاتانی داگیرکاری کوردستان و دراوسێ خاوەنی هزریەکی سیاسی زۆر بتەو و شارەزاترن لە هێزی سیاسی کوردی و بەر لەوەی دەسەڵاتی ئێران برۆخێت و شەڕەکان بگات بە تورکیا و سوریا، وەکو بەهێز ترین خەفەکاری بیر و پلانی نیشتمانی بۆ ئازادکردنی کوردستانی گەورە ، ئاگری شەڕی ناوخۆ لە کوردستان هەڵدەگیرسێت . ئەمەش تەنها بە دەستی ئەو هێزە موخابەراتیانەی هەڵناگیرسێت کە ئەو وڵاتانە لە کوردستاندا دروستیان کردوە ، بەڵکو بە ئارەزووی هەردوو دەسەڵاتی زلهێزی ناو کوردستان( یەکیەتی و پارتی) وەکو دوو حزبی هەمیشە بە توندی خۆیان گرێداوە بەو وڵاتانەوە و بەرژەوەندی ئابووری گەورەیان لە گەڵ پێک هێناون ، ئازادی تەواویان پێداون کە خاوەنی بنکەی موخابەراتی ئاشکرابن لە کوردستان ( ئەمە لە کوردستاندا نەبێت لە مێژووی هیچ وڵاتێکدا ڕووی نەداوە ، دەسەڵاتی وڵاتەکە ڕێگە بە دوژمنانی بدات بنکەی موخاربەراتی بکەنەوە ) ،لە لایەکی دییەوە وەکو هێزی کارو و چالاکی ئابوریان لە کوردستاندا چەسپاندوە، هەر یەک لەم فاکتەرانەش بەهێزترین کلتوری داگیرکارین ، واتە ئەو دوو حزبە ڕیگەخۆشکەری ئەو شەڕە بوون نەک هەر لە ڕووی بەکارهێنانی سیستمی دیکتاتۆری و چەساندنەوە و زۆرکردنی ڕێژەی هەژاری و ناعەدالەتی و گەندەڵی، بەڵکو لە ڕێگەی بونیاننای سەرخان وژێرخانی ئابوری وموخابەراتی هەر یەک لە داگیرکەرانی کورد لە کوردستانیشدا ئەو دۆخە نائارمیە دێتە ئاراوە. بەڵام ئەوەی ئەو دوو حزبە پێویستە بە ئاگاوە لەم قۆناغەدا مامەڵەی لە گەڵدا بکات ،مێژووی ڕابردووی سیاسی وپەیوەندیە دیبۆماسیەکانیەتی بە تایەبت لە گەڵ ئیسرائیل لەم دۆخەی ئێستادا . هەردوولایان هەرچەند ئەمەریکا پێشتر بەکاری‌هینابێتن بۆ بەرژەوەندیەکانی لە عێراقدا لە ئەمڕۆدا تۆپی خۆی خستوەتە گۆڕەپانی ڕۆژەهەڵات لە بەرژەوەندیشیدا نیە ئەو دوو هێزە سیاسیە کوردیە بە هەمان هێز و دەسەڵاتی جاران بمێننەوە. لە هەمانکاتیشدا لە بەرژەوەندیدایە، نەک تەنها لە هەموو رۆژهەڵتدا شەڕی ناوخۆ هەڵبگیرسێت و شەرعیەتی دەستێوەردانی ناوخۆی بداتێ. ئەوەی دەسەڵاتدارانی کوردستان لەو نەهامەتیە ڕزگار دەکات پشت بەستنە بە هێزی ناوخۆ " کوردستانیان" و ڕازی کردنی ناوخۆ دەتوانێت لەو قەیرانە کوشندە ڕزگاری ببیت.
 

داڕشتنەوەی پلانی کۆنگرێس بۆ کوردستان.

لە بەر ئەوەی وەکو وتمان کوردستان توانای داگیرکاری نیە ، ئەو مەرجانەی تێدا نیە کە وڵاتانی تری تێدا بووە بە دەوڵەت ، واتە ناتوانێت کۆڵۆنیاڵیزم بێت بەڵام لە میانەی ئەو شۆڕشە سپێدا کە هەموو ڕۆژهەڵات دەگرێتەوە لە ماوەیەکی کورتدا دەگات بە سوریا و تورکیاش ، لە کاتی نەوی بوونی کۆڵۆنیالیزەکانیدا کورد چانسێکی گەورەی هەیە بۆ سەربەخۆی، ئەویش لە ڕێگەی خۆڕێکخسنی ناوەکی و هێز لە یەکتری وەرگرتن، ئەو هێزەش پاش ئەوەی هەڵگیرسان لە بەغداد دەست پێدەکات پێویستە لە باشوری کوردستانەوە دەست پێ بکات. کوردستانیش پێویستی بە داڕشتنەوەی سیستمێکی دیموکراسی وپلانێکی گۆنگرێس ئاسا بەرقەرار ئەبێت.

‌       هێزی ناڕازی و ئۆپۆزسیونی کوردستان و هەردوو حزب ( یەکیەتی و پارتی)یش پێویستە ئەوە بزانن نە بە ڕاپەڕین و نە بە ڕازیبوونیش بەو دۆخە ژیانیان ناگۆڕێت . ناشایستەترین بەراوردکاری خۆ بەراوردکرنە بە میسر ، پێویستە هەموو لەوە تێبگەین نەک بەشێکی بچووکی بە ناوئازادی کوردستان ، بەڵکو تەنانەت هیچ وڵاتێکی عەرەبیش وەکو میسری پێ ناکرێت و دەرئەنجامی میسریشیان نابێت ، ئەمەش تەنها بە هۆی پەیوەندی سیاسی میسر –ئیسرائیل ، میسر – ئەمەریکا و پەیوەندیە سنوریەکانی نێوان نیە ،تەنها بە هۆی پەیوەندی جیاوازی میسر نیە . بەڵکو بە هۆی  سەرخانی کولتووری و هێزی مەعریفی میسریەکانیشە لە هەموو بوارێکدا و ئەزموونی سیاسی و دبلۆماسی درێژ خایەن و هێزو ڕۆحی نیشتمانی و ژمارەی میسریەکانە. میسریەکان لە هەموو ساتێکدا میسری بوونی خۆیان پێش ئیسلام بوون و عەرەب بوونیش خستوە، جگە لە گروپە توندڕەوەکان. پێجەوانەی وکرد کە عەرەب ن یە و ئیسکللام بوونی پێش کورد بوون خستووە.
      میسریەکان هەر هێزیەکی موخابەراتی ئیسرائیلی و بیانی و عەرەبیان لە ناودا دروستکرابێت کارەکانیان بە قازانجی میسر گەڕاندوەتەوە . میسریەکان دەوڵەتیان هەیە و داگیرکاری گەورەترین شارەستانیەتی جیهانن کە شارستانیەتی قوتبیەکانە ، واتە کۆڵۆنیاڵیزم بوون. کوردەکان هەموو هێزە دەرەکیان ناو کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوە و داگیرکردن و خاپورکردنی کوردستان دروست بوون ، دەوڵەت نیە، ژمارەی کەمە ، خۆی بە ءێراقی دەزانێت نەک کورد ، ئامادەی هاوکاری بێگانە بکات بۆ ڕوخان نەک یەک دەستی بۆ بونیادنان.. ئەم ڕۆحی خۆ نەنناسی و ئنتما نەبوون بۆ خود ،ون بوونی شوناسی هاوڵاتی بوون تەنها خاپورکاری لێ دەکەوێتەوە نەک گۆڕینی باردۆخ.. بزوتنەوە ئیسلامیەکان لە میسرەوە سەریان ‌هەڵدا زۆرترین هێز و درێژترین مێژوویان هەیە لەو وڵاتەدا میسریەکان کە زانیان بە کەڵکی ئەو دۆخە دیموکراسیە نایەن، لە گەرمەی ڕاپەڕیندا هەموو هێزەکانی تری میسر بیریان لە یەکگرتن کردەوە . کوردەکان جگە لە هێزە توندڕەوە هاوردەکان هیچ هیزیەک نیە بەرگریان بکات ، تەنانەت ئەگەر " گۆڕان" یش وەکو هێزیەک کە ئێستا بوونی هەیە پێشەوایی ڕاپەڕین بکات بەو شوناس و مێژووەی ئێستای نە لە بەرژەوەندی خۆیانە و نە لە بەرژوەندی کورد. بەڵام لە هەمان کاتیشدا بێ دەنگ بوون لە بەژەوەندی هیچ لایەکیان نیە ، بۆ ئەوەی بێ دەنگ نەبێت پێویستە خاوەنی پلانێکی نووسراو بێت کە هەموو کوردێکی ناڕازی پشتگیری بکات.

      دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتی پێویستە ئەوە تێبگەن گەر بیر لە وێنە گەورەکەی بکەنەوە ، نەک ئەو وێنە بچوکانەی ئێستای خەڵکی بێزار کردوە . دەرئەنجام نەک هەر دەسەڵات و خۆیان لە دەست دەدەن ، بەڵکو ئەو بەشە ئازادەی کوردستانیش لە دەست دەچێت ، پێویستە ئەوە بزانن لە بەر ئەوە ئەم سەدەیە بە سەدەی لە ناوچوونی دیکتاتۆرەکان دەژمێردڕیت ، سەروەت و سامانی دەرەوەشیان دادیان نادات ، چونکە یاسایەکی گشتی دەردەچێت بۆ گەڕاندنەونەوەی سەروەت و سامانی دەرەوەی ئەو دیکتاتۆرانە بۆ گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکانی خۆیان ، هەموو وڵاتێکیش چونکە سیستمی باجی هەیە قازانج دەکات لەو پرۆسەیەدا. بۆیە لە ئێستادا ئەوەی پێویستە نووسینەوەی پرۆتۆکۆلێکە بۆ چونیەتی بەڕێوەبردنی کوردستان و بە شێوەیەک نە هیچ لایەک بڕوخێت و نە هیچ لایەکیش بکرێت بە دیکتاتۆر، بەڵکو سیستمێک سیاسی لە شێوەی ئەمەریکا پێک بێت ئەو پارتانە ببن بە ئەندامی کۆنگریس و مۆدێلی سەرکردە نەهێڵن وەکو کەنەدا تەنها سەرۆکی حکومەت هەبێت نەک سەرۆکی کوردستان. ئەو کات بڕیارەکانی کوردستان بە پێی بڕیاریەکی گشتگیر دەبێت لە لایەن کۆنگرێسەوە دەدرێت کەپێویستە ئەندامەکانی لە کەسانی بەهێزی سیاسی و ڕاوێژکاری پسپۆڕ پێک دێت . ئەو کات پێوستە پەڕلەمانتاران کاری ڕاستەقینەی خۆیان بکەن و بگەرێنەوە ناو خەڵک و نووسینگەکانیان بچێتە ناو گەڕەکەکانەوە و هەرئەندام پەڕلەمانێک لە گەڕەکێکدا دابنرێت و لە میانەی ئەوانەوە کێشەی هاوڵاتیان ببێت بە کێشەی حکومی چارەسەری خێرای هەبێت.
        ئەوەی کە هەیە ئێستا پەڕلەمانتاران لە کوردستان کاری کۆنگرێس دەکەن گەر پرسیان پێکراو ، لێپسراوی کۆمیتەش کاری پەڕلەمان ( دیارە تەنها بۆ ئەو کەسانەی خۆی ئارەزووی دەکات ). ئەم هاوکێشەیە گەر بۆ هەموو ڕۆژهەڵات گونجاو بێت هەر لە سەرەتاوە بۆ کوردستان ناشایستە بووە و نەاگونجاوە. گەر " گۆڕان " لە توانایدا هەبێت گۆڕانکاری بکات چاکترە بەم تیورە نوێانەوە بێتە ناو کۆمەڵ و لە گەڵ کۆمەڵدا ئەم داڕشتنە نوێیانە ڕووبەڕووی دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتی بکاتەوە و لەوە تێبگات فاکتەرە نەرییەکانی شۆڕش بە کەڵکی ئەمڕۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد نایەن ، توندوتیژی نەفرەتێکە هەر لایەک بەکاری بهێنێت خراپترین دەرئەنجامی بۆ سەر مانەوەی خۆیان ئەبێت و زەمەنی بێ دەنگی لە تووندوتیژی بە سەر چووە. لە هەموو گرنگتر پێویستە دەسەڵاتدارانی کوردستان لەوە تێبگەن کورد پاش ماوەی کۆڵۆنیالیزم و پۆست کۆڵۆنیالیزم دەرەوە و ناوخۆیە ، بۆیە پێوستە سەرۆکی حکومەتی لە هەموو وڵاتانی دی زیاتر بگۆڕێت بە توانا و ڕه‌نگ و خەڵکی جیاواز و پێویستی بە تاقیکردنەوە و ئەزموونی ناوخۆی جیاواز هەیە بۆ ئەوەی ئنتمای بۆ " خۆی - خود " وەکو کورد هەبێت.

      لەوەش پێویستر ئەوەیە خەڵکی ناڕازی شاری سلێمانی بەرانبەر بەو خوێنەی بە ناهەقڕژا " داوای لێبوردن" ی مەسعود بارزانی ئەوەندە بە ساکاری نەخەنە ڕوو، بەڵکو مەرجی بە دیهاتنی " خەونی کوردی" کە خەونی کوردستانی گەورە وخۆ ئامادەکردن بۆ کارەساتی داهاتوو ، بە خەبەرهاتنەوە و ڕاپەڕینی گشتی و یەک دەستی و گۆڕینی سیستمی فەرمانڕەوای کردن بکرێت پەسەندکردنی لێبوردنخوازی.



ی٢٠١٠


 تێبینی: 
١- ئەم ئەمەی بڵاوکراوتەوە سەرجەم بابەتەکە نیە ، بەڵکو ئەو بەشەیە کە دەبوو لە ڕۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاو بێتەوە . هەموو بابەتەکەم لە سەر ماڵپەرەکەی خۆم بڵاوکردبووە بەڵام کە ماڵپەرەکەم هاککرا  بابەتەکانیش تیا چوون. یو ئیس پیەکانم ئەگەریم گەر دۆزیمەوە هەمووی بڵاوئەکەمەوە.
٢-  کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ بۆیان ڕۆشت و سەرەتای ٢٠١٠ سەرنووسەرەکی ئەو کاتەی ئاوێنە وتی لاوانی ئەنێدرێن بۆ سەر شەقامەکان ئێستا کاتی ئەم بابەتانە نیە... بۆیە پێم خۆشە بیخوێنتەوە و بەراوردی بکە بە هەموو ئەو ڕووداوانەی لە کورستان وناوجەکەشدا ڕوویدا و بە ئاوەز ومۆراڵی ئەو توێژەش پێیان دەترێت ڕۆشنبیران لە پشت هەموو کارەساتە خوێناویەکانەوەن.
٣- لێرەدا لە بری کولتوور  ' کلتورم ' نووسیوە، چونکە ئەو کات نەمئەزانی بە کولتوور ئەنووسرێت هەتا دوو ساڵ بەر لە ئێستا لە دکتۆرە کوردستان موکرانیم پرسی بۆ ڕێنووسی ڕاست و ئەویش کولتووری پێشنیازکرد ، کە پێم دروستە و ئەو خۆی پسپۆرە لە بواری زمانەوانیدا. ئێستا پێم خۆشە وەکو خۆی بێت بەڵام ئەگەر بە کتێب بڵاومکردەوە هەڵکەان ئەگۆڕم.
٤- سەرچاوەکان لە سەر ئەم بابەتە نیە و ئەبێط لە سەر کۆپیە سەرکیەکە بێت ، ەگر دۆزیمەوە ئەویش 
چارەسەر دەبێت.. 
٥- ئەم بابەتە کاتی خۆی لەساڵانی ٢٠٠دا هەوەها ٢٠١١یشدا لە  ماڵپەرەکاندا بڵاوکراوەتەوە.

No comments:

Post a Comment