Wednesday, January 28, 2015

عەشتار

جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کلتوری ئێزدیەکان
کازیوە ساڵح
٦
عەشتار
 
شوێنەوارە کلپوریەکانی ناوچەکانی هلال خەسب و دۆڵی ڕافدەین،شتال حیوک و خوارووی ئەنازۆل و چیای زاگرۆس بوونی دوو جۆر شارستانیەتی سەلماندوە یەکێکیان چەرخی بەردین ، ئەم چەرخە سێ ملیون و چوارسەد ساڵ دڕێژەی کێشاوە و لە نێوان ٦٠٠٠-بۆ ٢٠٠٠ پێش زاین کۆتایی هاتووە ( 2008Lawrence& Peter) بە دوای ئەم مێژووەشدا شارستانیەتی کشتوکاڵی دەرکەوتووە کە کە مرۆڤ تێدا فێری کشتوکاڵ و ئاژەڵ پەروەردەکردن و نیشتەجێ بوون بووە ئەمەش مێژووەکەی ئەگەڕێتەووە بۆ نێوان ١٠٠٠٠ ساڵ بۆ ٤٥٠ هەزار پێش زاین. ئەم هۆشیاریەی مرۆڤ بە لوغزی عەشتار ناوبراوە ، کە پابەندە بە مێژووی شارستانیەتی بابلیەکانەوە ، وەکو پێشتر باسم کرد چوون سروشتی زەوی و کشتوکاڵ بە سروشت و بەرهەمی ژنەوە چوێندرابوو
عەشتار خوداوەندی گەورەی دایک بووە ، هێمای خۆشەویستی و سێکس ؛ جوانی و میهرەبانی ، هێز و شەڕ بووە لای بابلیەکان ، بەرانبەر بەمە ئینانا لای سۆمەریەکان ، عەشارۆت لای فینیقیەکان، ئافرۆدیت لای یونانی ، ڤینۆس لای ڕۆمانی و دایکە میترا لای کورد. بە شیوەیەکی گشتی لای هەموان هێمای خوداوەندی دایک ، پیت و بەرەکەت زاڵ بووە بە سەر هێماکانی دیدا کە لە سەردەمی بابلیەکاندا باوەڕییان پێ ىووە . عەشتار کچی خوداوەندی مانگ ' سین ' بووە ، دایکی خوداوەند ننکال بووە ، براکەی ' ئۆتۆ' خوداوەندی هەتاو ، خوشکەکەی ' ئەرشیکیجال' خوداوەندی جیهانی ژێر زەوی واتە خوداوەدنی مردووان بووە. چیرۆکی عەشتار بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لە گەلگامشدا داڕێژراوە
پەرستگەی عەشتار لە لایەن نبوخود نەسری دووهەمەوە پادشای بابلیەکان لە ساڵی ٥٧٥ پ ز لە عێراقی ئەمڕۆدا دروست ئەکرێت . لە سەر دیوارەکانی بە پێێ ژمارەی ئەو ساڵە وێنەی ٥٧٥ پێنج سەد و حەفتاو پێنج ئاژەڵ لە سەر دیوارەکانی ئەنەخشرێت.دوای پێی ئەوترێت دەروازەی بابل ، چونکە خاوەنی گەورەترین و بەناوبانگترین دەروازەی ئەو کاتە ئەبێت بە هۆی نەخش و ماتریاڵە نایابانەی لێێ دروستکرابوو.Robert Koldewey ڕۆبێرت یوهان کوڵدوەی ( ١٠-٠٩-١٨٥٥ _ ٤-٢-١٩٢٥ )کە ئارکیوالیجیست و پسپۆڕی بواری شوێنەوار ناسی ئەڵمانیە ، لە ساڵی ١٨١٩ وە بەوە ناسراوە کە یەکەم کەس بێت شاری بابل و ئاسەوارەکانی دۆزییوەتەوە و هەر لە بەر ئەوەشە ئێستا ئاسەواری بابل و دەروازەی عەشتار لە مۆزەخانەی برگاموون لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ، گوایە لە ڕێگەی ئەم زانایەوە گوازراوەتەوە. هەر ئەویش ئەڵێت باخچە هەڵواسراوەکانی بابلی دۆزییەوە کە لە ساڵی ٥٨٠ پ.ز دا لە لایەن نبوخود نەسرەوە دروستکراوە تەنها پێنج ساڵ پاش دەروازەی عەشتار.
کۆڵدوەی دوو سێ نهێنی لە لێکۆڵینەوەکانیدا لە سەر بابل درکاندووە، یەکیکیان تیوریەکی نوێی ئارکیوالیجیست کە دۆزینەوەی خشتی قوڕ بووە ، مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێشتر تیوری بونیادنانی خانووبەرە بووە ، هەتا ئەو کاتە ئەم زانایەدۆزێتەوە تیوریەک نەبووە لای ڕۆژئاوایەکان. واتە سەرەتای شارستانیەتی بونیادنان و بیناسازی لەڕۆژهەڵاتدا . دووەم ، باس لەوە ئەکات کە شارستانیەتی بابلیون و ئاسەواری عەشتار ، بە باخچە هەڵواسراوەکانیشەوە لە لایەن عوسمانیەکانەوە بە تەواوی ون و خاپور کرابێت و لە سەردەمی دەرکەوتنی ئیسلام و فتوحاتەکانی زیاتر زیانیان پێ گەیاندووە بەڵام عوسمانیەکان خاپوریان کردووە. دیارە سەردەمی عوسمانیەکانیش وەکو ئێستای داعش و مێژووی ڕابردووتریش شۆڕشی ئیسلامیان ئەکرد ، بۆیە دوژمنی شارستانیەت و شوێنەواری شارستانی بوو و هەرچیک شارستانیەتێک لە دەستی فتوحاتە ئیسلامیەکان مابێتەوە عوسمانیەکان بۆیان تەواوکردوون لە کاولکاریدا و ئەمڕۆش داعش ئەو ئەرکە تەواو ئەکات. خاڵی سیهەم کە لەلایەنئەم زانایەوە باسکراوە ئەوەیە کە نبوخود نەسر هەردوو دەروازەی عەشتار و باخچە هەڵواسراوەکانی لە پێناوی هاوسەرەکەیدا دروست کردووە. ئەم دوو فاکتەرە شارستانیە ئەچنە ڕیزی حەوت شتە سەرسوڕهێنەرەکەی جیهانەوە. بەلام سەرسوڕهێنەرانە عەرەب و ئاینەکەیان ئاڵای ڕەشی مەرگ لە شوێنی بەرزیەکەنەوە، چوونکە عەرەب دامەزرێنەری نەبووە
پاش نزیکەی سەدەیەک لە گواستنەوەی بەشێکی بچووک و دۆزراوەی ئەم شوێنەوارە بۆ ئەڵمانیا ، عەرەب چاوی ئەکاتەوە و تێ ئەگات کە شوێنەوار ڕەسەنیەتی شارەستانیەت و مێژووی پێ ئەسلمێنێرێت، بە تایبەت لە جیهانی ڕۆژئاوادا، بۆ سەلماندنی خۆیان وەکو یەکێک لە نەتەوە بنەچەیی و ڕەسەنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی عەشتار لای عەرەب و عێراقیە تێکەڵەکانی ئەمڕۆ ئەبێت بە هیمای شارستاینەت و شانازی کلتوری و بەڵگە بۆ یەکەم شارستانیەت بوونی ئەوان و لەوانەوە مرۆڤ فێری ژیانکردن بووە و پێستی ئاژەڵی و بەربەریەت فڕێداوە و و پێستی مرۆڤایەتی ژیاندۆستی پۆشیوە. تێڕامانی مرۆڤ لەوێدا چەق ئەبەستێت لەو چاوکردنەوەی عەرەبدا خاوەنی مێژووەی ڕاستەقینە کە کلدانیەکانە لە ڕووی سەلماندنی ئەو شارستانیەتەوە وەکو بەڵگەی مێژووی ونکراون ، وەکو بەڵگەی مرۆییش ئەمڕۆ خۆشیان لە عێراقدا لە لایەن داعشەوە لە ناو ئەبرێن و ون ئەکرێن.
تا ئێرە بوونی خوداوەند بەڵگەی دروستبوونی هۆشیاری داوەری و بەڕیوەبردن ئەگەیەنێت لای مرۆڤ. ئە وکاتەی هۆشیار ئەبێتەوە سەبارەت بە هێز و ئەو تەکنیک و ستراتیژانەی کە مرۆڤ وێک ئەخات و پێکەوە ژیانی ئاشتاینەی بۆ فەراهەم ئەهێنێت. بیکردنەوە لە بوونی خوداوەند جگە دروستکردنی بەڵگەیەک هێڵە راستەکانی ژیانی پێ بنەخشێنرێت و ترسێک مرۆڤ لەو هێڵە سوورە نەچێتە دەرێ وەکو ڕایەڵەیەک بۆ بوونی پرەنسیپی کۆمەڵایەتی ، کە دواجار ئەم دیدەبینیە ئەبێت بە بونیادی یاسا و داوەری، دۆزینەوەی کاریگەری ئومێدیش بووە لە رێکخستنی ژیاندا. ئەو مرۆڤەی بە ئومێدەوە لە بتێک یان بەشێک سروشت ڕوانیوەوە و پاراوەتەوە بۆ چاکبوونەوە لە نەخۆشیەکان و چارەسەری کێشەکانی ژیانی، ، سایکۆلۆژیای ئومێد هەستی ئەیجنسی وپشتیوانی لا دروستکردووە ، هەبوونی ئەو بارە سایکۆلۆژیەش چارەسەری نێوەی هەر کێشەیەکی مرۆڤە. درککردن بەو ڕاستیە وایکردووە ئەو سروشتانە لە سەرجەم دیانەت وکلتورەکاندا هەتا ئەمڕۆ پەیڕەو بکرێت و هەر کلتوریەکیش ڕێژەیەکی تیا بگۆڕێت بۆ ئەوەی مۆرکی ئەتنیکی خۆی بەسەرەوە بە جێ بهێڵێت.
مۆرکی ئەتنیکی و مێژووی کورد بە هەر یەک لەشارستانیەتە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتدا نەخشاوە ، پشت گوێخستن و لێکۆلێنەوە نەکردن لە سەر موڵکی مێژووی کورد وایکردووە کە تەنانەت کورد خۆشی ئەو مێژوو و مۆرکە کودانە نەناسێتەوە . وون بوون لە نێو زانیارە نادروستەکانی دەرەوە و نەبوونی غەمی لۆکاڵ بەرانبەر ئەو زانیاریانە کورد بە گشتی و ئیزیدی بە تایبەتی کردووە بە قوربانی و ئەو کلتورەی هەموو نەتەوەکان وێنایان کردووە لە ژیانیاندا بۆ ئێزیدی پەسەند ناکرێت و ئەبێت وێناکردنی مەرگی . چونکە ئێمە نەتەوەیەکی مناڵێن فەیلەسووفی ڕۆمانی سیسیرۆ ئەڵێت ، هیچ شتێک دەربارەی ڕووداوەکانی پێش لە دایک بوونی خۆت نەزانیت. مانای ئەوەیە تۆ هەمیشە مناڵیت. ئەمە بۆ نەتەوەش هەر راستە، هەر نەتەوەیەک دەربارەی مێژووی ڕابردووی خۆی نەزانێت هەمیشە نەتەوەیەکی مناڵە ، مناڵیش پیویستی بە چاودێر هەیە و ناتوانێت سەربەخۆ بێت.
ئێمە کارێکمان بە عەشتار نیە ئەگەر کورد پشکی لەو شارستانیەتدا نەبێت و پەیوەندی بە جینۆسایدی ئێزیدیشەوە نیە ئەگەر ئێزیدی سەرقافلەی ئەو پشکە نەبێت. کەواتە پشکی کورد لە شارستانیەتی سۆمەریدا بە تایبەت لە بایۆگرافی خوداوەندی دایک عەشتاردا چی یە؟ و چۆن هەتا ئەمڕۆ ئێزیدی بووە بە درێژە پێدەر و پارێزەری ئەو پشکە ؟  
سەرچاوەکان:

  • Barham, Lawrence; Mitchell, Peter (2008). The First Africans: African Archaeology from the Earliest Toolmakers to Most Recent Foragers. Cambridge World Archaeology. Oxford: Oxford University Press.
  • Trans. N. K. Sandars. Harmondsworth The Epic of Gilgamesh.: Penguin, 1985.
  • The Hanging Gardens of Babylon”. http://www.unmuseum.org/hangg.htm.


لە ژمارە223ی ڕۆژنامەی باسدا بڵاو بووەتەوە

No comments:

Post a Comment