Saturday, September 21, 2013

هۆزمۆدێرنە و تەقەی خۆشی



کازیوە ساڵح

کاڵڤین و هوبز نووسینێکی کارتۆنی بێڵ واترسۆنە ، ئەم 
کارتۆنە وەکوجدلیەکی فکری بەراوردی هەردوو چەمکی فەیلەسوف و شۆڕشگیر لە میانەی پێویستیە مرۆیی ، سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەوە ڕاڤە ئەکات بە زمانی مناڵ و گەورە . بۆ ئەو مەبەستەش کورتکراوەی دوو ناوی دیاری بواری فەلسەفی و شۆڕشگێڕی " جۆن کلیڤەری شۆڕشگێری شۆڕشی فەرەنسی سەدەی شازدەو فەیلەسوفی سیاسی ئنگلیز تۆماس هوبز هەڵدەبژێریـَت . ئەوەی لێردەدا مەبەستمە ئاماژەی یەکێکە لە دیالۆگە پڕ دانایەیەی کالڤینی شەش ساڵانە کە لە باوکی دەپرسێت " باوکە چۆن ئەو سەبازانەی یەکتری دەکوژن کێشەکانی جیهانیان پێ چارەسەر ئەکرێت ؟" باوکی کە لەو کاتەدا ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە و سەیریەکی دەکات و وەڵامی ئەو پرسیارە قورسەی کوڕەکەی بە بێ دەنگی و گەڕانەوە بۆ خوێندنەوەی ڕۆژنامەکە دەسپێرێت ، مناڵەکەش وەڵامی ئەو بێ بێ دەنگی باوکی بە " پێم وایە گەورەکان وا ئەجوڵێنەوە کە ئەزانن چی ئەکەن " هەڵئەسەنگێنێت ".هێنانەوەی ئەم دیالۆگە بۆ گەڕانەوەیەکی کورتە بۆ دۆخی چێژی کوشتن ،دەربڕینی خۆشی و هیپۆکراسی نێو دیموکراسی لە کۆمەڵی کوردیدا. .

کوشتن دەرهاویشتەیەکی دەرونیە گوزارشت لە رک و تۆڵەکردنەوە دەکات لە فۆرمی سادیزمدا بۆ لە ناوبردنی کەسیەک یان گرۆپێک ، دەکرێ هۆکاری جیاوازەکانی ڕەگەزی ، دەستکەوت ، چاوچنۆکی ، دووبەرەکی ،ئیرەیی و مەترسی ئاشکاربوونی نهێنی مەترسیدار و نەخۆشی دەروونی پشت کاکڵەی کوشتن بێت ، باوترین ئامرازیش بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەیە چەک و تەقەمنی – فیشەکە. 
خۆشی : دەرهاویشتەیەکی دەرونیە گوزارشت لە ئاسودەیی دەکات لە میانەی رێکحستنی سۆزەوە لە دەڵنیاییەوە بۆ بەختەتەوەری شێوە دەگرێت ، باوترین ئامرازیش بۆ ئەنجامدانی ئەم کردەیە ئاگری ڕازاندنەوەیە. لە کولتوری کۆمەڵە پێشکەوتوەکاندا ئەو ئاگری ڕازاندنەوەیە جگە لەوەی جوانێکی تایبەتی هەیە و بەکارهێنانی سەلامەتە ، بەڵام وەکوتەقەمەنی ڕاستی دەنگێکی گەورەی هەیە ، ئەمەش سیمبولیەتی بەکارهێنانی واتا بەخش ئەکات ، کە وەکو یادکردنەوەیەک و سوپاسگوزاریەکە بۆ ئەو شەهیدانە و بۆ ئەو سەربازانەی ڕۆژێ لە ڕۆژان بەرگەی ئەو جۆرە دەنگ و ئاگربارانە ڕاستەکانیان گرت و گیانیان بەختکرد. هەر بۆیەش ئەم جۆرە ئاگربازییە لە گەڵ ئەوەی هیچ زیانیەک ناگەیەنێت بەڵام تەنها لە بۆنە نەتەوەیەکاندا بەکاردەهێنرێت نەک بۆنەی بردنەوەی حزبێک لە هەڵبژاردندا. 

لە کۆمەڵی ئێمەدا مەرگ و کوشتن ئامرازێکە بۆ پەرچە کرداری خۆشی و ناخۆشی ، چێژ وەرگرتن لە کوشتن و بینینی مەرگ بووە بە یەکێکە لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی دەربڕینی هەستە جیاوازەکانی تاکی کورد. دەربڕینی دوو کارەکتەری تەواو جیاواز و پێچەوانە لە یەک فۆرمدا کە فۆرمی مەرگ –دۆستی و کوشتنە ، بە یەک ئامراز کە چەک و فیشەکە ستانداری کۆمەڵە هەرەمەکی وناشارستانی و بەربەریەکانە ، هەر کۆمەڵێکی لەو ئاستەوە کە قۆناغە کانی شارستانیەتی نەبڕیوە باز بداتە ناو شارستانیەتی ئەمڕۆ ،بە بێ هێزێکی سیاسی مۆدێرن ، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی هۆشیارکەرەوە ،لەو کەرت بوون و پارچە پارچە بوونەی ڕووبەڕوی بووتەوە ناوەستیەت و مل ئەنێت بەرەوە کەنارەکانی فەنا بوون. لەو ساتەوەی فۆبیای لاسایکردنەوەی مەدەنیەت بووە بە خولیای کەسانێک کە سنورەکانی جیاوازی نێوان کۆمەڵێکی نەریەتی و کۆمەڵێکی مەدەنی، مۆراڵی هۆز و مۆراڵی مەدەنیەت پێ دیاری ناکرێت ، هەموو چەمک و دیاردەکان شوناسی خۆیان لە دەستداوە و بە شێوەیەکی نابەجێ دێنە ڕوو. ئەمە ئەو دۆخە نالەبارەیە کە سیاسی کورد بەر لە " خۆدۆزینەوە " و " ئەودۆزینەوە" دۆخێکی مەدەنی وەرئەگێڕێت بۆ دۆخی هۆز و دۆخی "منی ڕاست " و " تۆی هەڵە" ئەمەش ڕاستەوخۆ دەگوێزرێتەوە بۆ کۆمەڵ و دەبێت بە " ئێمەی ڕاست " و " ئێوەی هەڵە " ،کە هەموو چەمکەکانی ژیانمانی بە ڕەنگی خۆڵەمێشی ڕتووش کردووە بە دوا شانازیەکانی مەدەنی بوونشمانەوە کە هەڵبژاردنە. . هەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی یە ، دیموکراسیەتیش بەرهەمی مۆدێرنەیە .میللەتێک بۆ ئەوەی لە بەهای هەڵبژاردن بگات وەکو یرۆسەیەکی ڕاستەقینە لێی بنوارێت نەک پرۆسەی لاسایکردنەوە. پێویستە لانی کەم لە پرەنسیپە سەرەتایەکانی مۆدێرنە بگات کە ڕزگار بوونێەتی لە عەقڵیەتی هۆز و کرداری خێڵەکیانە. مۆدێرنە و دیموکراسی واتە ئازاد بوونی عەقڵ ، سەربەخۆی بیرکردنەوە ، باڵاکردنی کردار و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی کۆمەڵ ." دەکرێ واسەیربکرێت سەر لە نوێ دروستکردنەوەی جیهان بێت لە غیابی خودادا – برایان ئەپلاید " .بۆ ئەزمونی کوردی خوداکانی جیاوازە لە گەڵ ئەوەی برایەن ، بۆ ئێمە غیابی خوداکانی نایەکسانی ، شەڕ و توندوتیژی ، خوداکانی گلانی کۆمەڵی مرۆڤایەتی و ژیانەوەی هۆز ، خودا نەریەتی وبەسەرچووەکانن. 
هەڵبژاردن لە کوردستاندا کەمتر داواو خواستێکی سیاسی بووە ، بەڵکو داواو خواستیەکی جەماوەری و رۆشنبیری بووە، بۆ گۆڕینی ئەو نەریت و سیستمە چەق بەستووەی سەرخان و ژێر خانی ئەوانی لێوە دیاریکراوە ، بەو بەڵگەی کەمترین ژمارەی سیاسی باوەڕیان بە هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و ڕێز گرتن لە ئیرادە خەڵک بە کردار هەبووە . وەلێ مامەڵەکردن لە گەڵ پرەنسیپی هەڵبژاردندا دەمانباتە ئاستی یەقین کە زۆربەی سیاسیەکانی لاوازترین ڕاڤە و تێڕوانینی پێشوەختی بۆ هەڵبژاردن نەبووە بۆیە" کوشتن " بوو بە بەزم نۆشی و شادی سیاسی. 
گەلێک و ئیرادەیەکی سیاسی کە بە توندوتیژی و کوشتن گوزارشت لە خۆشیەکانی خۆی بکات ، نەخۆشی سادیزمی تێپەڕاندووە بۆ ئیفلاسی سیاسی تەنانەت لە ئاستی خۆڕاگرتنیەکی کورت خایەن بە واتاو تێڕوانینەکانی دیموکراسیەت بۆ دەسنیشانکردنی چارەنووسی مرۆڤ ، مرۆڤایەتیش بۆ فەراهەم هێنانی ئاسایش . لە خراپترین باردا کوشتنی هاوڵاتیانێک کە دەکرێت سەرچاوەی خۆشیەکانی ئەوان بووبێتن بە دەنگدان بۆیان ، یان ئەوانیش هەمان هەستیان بووبێت بۆ دەبڕینی خۆشی هیچ ناگەیەنێت جگە لە پیشاندانی ماسولکەی دەسەڵاتسالاری و تۆتالیتاری شوناسێکی دی لە خۆناگرێت. 
گەر لە یەکەم هەوڵدان بۆ هەموارکردنی سیاسیەت و جیهانی کوردی بەرەو ژیانێکی جیاواز و دیموکراسیانە و خۆ ئامادەکردن خۆنوێکردنەوە و وەلاخستنی ڕابردوو ، باوکە سیاسیەکان وەکو باوکی کالڤاین تەنها نیگایەکمان تێئەگرن و پێیان وایە ئەوەی دەیکەن ئەزانن چیە و میللەت بێ ئاگایە لێی ئەوە موژدەی داهاتویەکی تاریکەبە ڕووی ئایندەدا و ناوەڕۆکی زهنی دەسەڵاتدئاشکرا دەکات .ئەوەی ڕوویدا هەنگاویەک بوو بۆ پیشاندانی ترس و تۆبەکردنی مەرگ بۆ داهاتوو و باڵاکردنی تەوتەمی دەسەڵات ، ئەم تۆقاندن و ترس باراندنەش پێشوەخت پانتایەکی گەورەی گوتاری هەردووی حزبی کسک و زەردی داگیرکردبوو ، بە ئاشکرا دەیانگووت هەڵویستیان چی دەبێت گەر براوە نەبن.لە کاتێکدا دەکرێ ئەو ترساندنە کاریگەری زۆری کردبێتە سەر ڕای هاوڵاتیان و لە ترسی هەڵنەگیرسانی شەڕیەکی دی و ترسی پاراستنی گیانی دەنگی بۆ دابێت ، ئەمەش لە میتۆدی دکتاتۆرەکانی جیهاندا باو بووە نەک میتۆدی دیموکراسی ، دەسەڵاتێکی سیاسیش ناتوانێت شتێک بێت لە نێوان دیکتاتۆریەت و دیموکراسیەتدا ، پێویستە خۆی یەکلا بکاتەوە ، دیموکراسیەت و هەڵبژاردن لە نابووت بوون بپارێزی لە ژێر سێبەری مەرگدا. 
بە ناوی دیموکراسیەوە تەوزیفکردنی هیپۆکراسی وبە دواشیدا تاوانبارکردنی ئەوی بەرانبەر و ناونانی هەڵەی هاوڵاتیان و دەرەوەی ئیرادەی ئەوان ، بە ناوی شۆڕشگێڕییەوە دووکایەی سیاسی لە ناوەڕۆکدا دژە یەک و لە ئاستی بەرژەوەندیەکاندا یەک ، دوو کایە یەک نابن یەک ئەکوژن و دەبن بە یەکیش هەر بە کوشتن هەنگاو دەنێن ، دەبێت بکوژ تا چەند چارەسەری کێشەی کوردیان لابێت؟ دەرئەنجام تەنها ڕێگا دەستپێکردنەوەی ژیانە لە فلیم کارتۆنەکانی مناڵی و ئەلفە بێ سیاسەتەوە، بۆ ئەوەی لە کالڤینی شەش ساڵەوە فێربن بکوژ چارەسەری ژیانی لانیە .دەسەڵاتێکیش بای ئەوەندە نەتوانێت تەنانەت ئەندامەکانی خۆی فێری بە هەند وەرگرتنی ژیانی خەڵک بکات مەحاڵە بتوانێت نوێبوونەوە لە سیستمی بە سەرچووی کوردیدا بکات .. 
" هیچ ئاڵایەک ئەوەندە گەورە نیە شەرمەزاری کوشتنی بێ تاوانێک بشارێتەوە –مێژووناس و نووسەر هەویارد زن " ئەبێت پانتایی کام ئاڵا بتوانێت شەرمەزاری کوشتنی کوژاوەبێ گوناهەکانی هەڵبژاردن و دیموکراسی کوردی بشارێتەوە؟ . 



ئەم وتارە لە ژمارە 185 ی ئاوێنەدا 11-8-2009 دا بڵاوکراوەتەوە  .

No comments:

Post a Comment