کازیوە ساڵح کتیبی "رێبەری پاڵگرەیڤ بۆ
جینۆسایدەکانی کورد" بڵاودەکاتەوە
https://mewdamedia.com/articles/46381
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
خانمە نووسەر و ئەکادیمییەکی دیاری کورد کتێبێکی گرنگ سەبارەت بە مێژووی جینۆسایدەکانی کورد بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت نووسین و ئامادەکردنی ئەو کارەی زۆر گرنگە و دەبوو پێشتر بکرایە.
خانمە نووسەر و ئەکادیمییەکی دیاری کورد کتێبێکی گرنگ سەبارەت بە مێژووی جینۆسایدەکانی کورد بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت نووسین و ئامادەکردنی ئەو کارەی زۆر گرنگە و دەبوو پێشتر بکرایە.
د. کازیوە ساڵح، نووسەری بواری جینۆساید و یەکێک لە خانمە ئەکادیمیستە دیارەکانی کورد لە وڵاتی کەنەدا لەبارەی نووسینی کتیبی "رێبەری پاڵگرەڤ بۆ جینۆسایدەکانی کورد" لە لێدوانێکی تایبەتدا بە مەودا میدیای وت "ساڵی ٢٠٠٣ نزیکەی هەشت مانگێک دەبوو گەیشتبوومە کەنەدا، بە ئینگلیزییەکی خراپ نامەیەکم بۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی کەنەدا جان کریتیان نارد و داوام لێکرد کە دان بە جینۆسایدەکانی کورددا بنێت، ئەویش وەڵامی نامەکەی دامەوە و بەداخەوە وەکو تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناساندی. بەر لەوەی ئەو نامەیە بنێرم چەندین رۆژ بە دوای کتێبێکدا گەڕام کە توانبێتی بەشێوەیەک نوێنەرایەتیی مێژووی پڕ ئازاری کوردی کردبێت و ئەوەی خوێندییەوە بەڕوونی مێژوو و دۆزی کورد لە هەموو پارچەکاندا تێبگات و بزانێت هەتا ئەوان نکۆڵی لە دانپێدانانی جینۆساید بکەن، جینۆسایدیش بەردەوام دەبێت".
ئاماژە بەوەیشدەکات "ئەوکات گوگڵ نەبوو بۆ ئەوەی لە ئینتەرنێتدا بۆی بگەڕێیت، بۆیە بە پێ و هێشتا نەشارەزای ئەم شارە زەبەلاحەیش بووم، دەیان کتێبخانە گەڕام، بەڵام هیچ کتێبێکم دەست نەکەوت ئەو مەبەستە بپێکێت".
ئەو خانمە نووسەرە زیاتر باس لە هۆکارەکان و وردەکاریی نووسینی کتێبەکەی دەکات و دەڵێت "ساڵی ٢٠١٢ یان ٢٠١٣ ئەو کات لە نەتەوە یەکگرتووەکان بووم، سەردانی ئەندام پەرلەمانی کەندی (جۆ دانێڵ)م کرد بۆ ئەوەی هاوکاریی کوردانی قوربانیی زەوی لەرزەکەی باکوو بکات. دەیویست لە رێگەی گوگڵ و گفتوگۆیەکی کورتەوە بتوانێت ئەو لە شەش پارچەی کوردستانی خوێناوی بگات. پێموت هەوڵدەدەم کتێبێکی باشت لە سەر کورد بۆ پەیدا بکەم، بەڵام دیسان کاری پارچە پارچەم دەستدەکەوت، شتێکی گونجاو نەبوو کە بەرانبەرەکەت خوێندییەوە لە لایەک لە دۆزی کورد بەشێوەی گشتگیر تێبگات، لەلایکی دیش باسی ئازارەکانی وەکو ئەوەی خۆمان دەیزانین و بینیوومانە بکات".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کتێبەکەی، کازیوە ساڵح قسەی بۆ مەودا میدیا کرد و وتی "ئەم کتێبە بە ژماردنی ئەو جینۆسایدانەی رووبەڕووی ئێزدییەکان کراونەتەوە باسی ٩٤ جینۆسایدی کردووە کە رووبەڕووی کورد کراونەتەوە. هێشتا جینۆسایدی دیکەیش ماون کە باس نەکراون، بۆ نموونە لە دوا ساتدا بەر لەوەی بینێرم بۆ چاپخانەکە بابەتی دوو کەس کە پەسندم کردبوون بەهۆی رەفتاری ناپرۆفیشناڵیی خۆیانەوە دەرمهێنا و بڵاوم نەکردنەوە، بەڵام هیوادارم بۆ چاپی دووەم ئەوانەی باس نەکراون لێکۆڵینەوەی زانستییان لەلایەن کەسانی پسپۆڕەوە لە سەر بنووسرێت".
لەبارەی کتێبەکەی (کازیوە ساڵح)ەوە:
کتێبەکە ناوی (رێبەری پاڵگرەڤ بۆ جینۆسایدەکانی کورد)ە و پێکهاتووە لە ٦٠١ لاپەڕە و لەلایەن دەزگای نێودەوڵەتیی پاڵگرەڤ ماکمیلانەوە، بڵاوکراوەتەوە.
کتێبەکە ناوی (رێبەری پاڵگرەڤ بۆ جینۆسایدەکانی کورد)ە و پێکهاتووە لە ٦٠١ لاپەڕە و لەلایەن دەزگای نێودەوڵەتیی پاڵگرەڤ ماکمیلانەوە، بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی لێدوانی کازیوە ساڵح "لە کتێبەکەدا نزیکەی ٣٠ زانا، توێژەران و پزیشکانی پێشەنگ بەشدارییان کردووە. تیایدا بەدواداچوون بۆ رەهەندە مێژوویی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و یاساییەکانی جینۆسایدەکانی سەر کورد کراون کەوا لە وڵاتانی تورکیا، سوریا، ئێران، عیراق و یەکێتی سۆڤیەت بەرانبەر کورد کراون".

بەرگی کتێبەکەی کازیوە ساڵح
لە رێگەی ئەم بەستەرەوە دەتوانیت داوای کتێبەکە بکەیت:

لە رێگەی ئەم بەستەرەوە دەتوانیت داوای کتێبەکە بکەیت:
https://link.springer.com/book/10.1007/978-3-031-87612-7?page=1&fbclid=IwY2xjawNyIABleHRuA2FlbQIxMABicmlkETE4M0QxNDhTOFFJaTQwaDhzAR4ZxkPRVSXBYO_fnNAyjXJIvf3_7OB0l7DauuZqCqLxsWy6Cfp1pTUCtMAAsA_aem_t2A6n6MvbDG-OtUYIoLpWg#toc
ر.س
No comments:
Post a Comment