فاکته‌ره ڕۆحی و ڕه‌وشتی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی مرۆڤی زیندانی
کازێوه
ساڵح
یه‌کێک له‌و خاڵه گرنگانه‌ی مرۆڤی کورد ههڵیواردووه له ژیانی رۆژانه و مامه‌ڵه‌کردنی له گه‌ڵ ئه‌وی به‌رانبه‌ردا فاکته‌ر ده‌روونییه‌کانه،
له هه‌مان کاتدا خاڵی هه‌ڵاوێردراو و که‌م بایه‌خه له نێو داموده‌زگا حکومی و
مرۆییه‌کان و ته‌نانه‌ت داموده‌زگاکانی په‌روه‌رده و خوێندنیش. زانستی ده‌روونی و
لێکدانه‌وه‌ی ده‌روونی بۆ کرداره‌کانی مرۆڤ و رێز بۆ پرچه کرداره‌کانی له سنووری
لێکدانه‌وه‌دا نه‌خشه‌ی نه‌کێشراوه.
هونه‌ری سنووركێشان له نێوان هه‌سته‌کانی مرۆڤ و عه‌قڵ و کلتوور و نه‌ریتدا بووه
به هونه‌ری ده‌گمه‌ن و درک پێ نه‌کراو. ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و سێ فاکته‌ره کراون به
تێکه‌ڵه‌یه‌کی لێک جودانه‌کراوه و بشێو ئه‌سته‌مه ڕاستی به‌رهه‌م بهێنن. له
ساکارترین دۆخدا، هه‌مووان ده‌زانین به هۆی ئه‌وه‌ی ئاستی خوینده‌واری و هۆشیاریی
له ناو کوردا لاوازه. ئه‌و لاوازییه په‌رده‌پۆشی لایه‌نه نه‌وییه‌کانی ئه‌و
مرۆڤ و سیستمی بهڕێوهبردانانهی کردووه، که به‌شێکی گه‌وره‌ی هه‌گبه‌ی ده‌روونی
مرۆڤه‌کانی له سه‌ر شان ناوه و به خواستی ده‌روونی خۆی لاسه‌نگی و به‌رز و نزمی
و که‌لێنی گه‌وره ده‌خاته نێوان هۆش و خودی تاک و کۆمه‌ڵه‌وه، شوناسی بوونیی وه‌کو
ئافریده‌یه‌کی خاوه‌نی خۆی لێ داگیر ده‌کات.
شوناسی هاووڵاتی و شوناسی ده‌سه‌ڵات
مرۆڤ ته‌نها زینده‌وه‌رێکه مێژوو ده‌نووسێته‌وه، که‌واته مێژووی بێ مرۆڤ و
مرۆڤی بێ مێژووش نییه، له‌و کاته‌وه هاتووه‌ته بوون که‌وتوه‌ته ململانێی سروشت
بۆ دروستکردنی ئه‌و مێژووه و له‌وێ مێژووی دروست کردووه و خۆشی دروستکردووه. به
دروست بوونی هه‌ردوو فاکته‌ر شوناسی دروست کردوه، که‌واته له بوونه‌وه ململانێیه‌کانی
مرۆڤ له پێناوی ده‌سته‌به‌رکردنی شوناسدایه. سروشتی مرۆڤیش وایه، ده‌یه‌وێت هه‌ڵگری
شوناسێکی ملکه‌چ نه‌کراوبێت، له‌و پێناوه‌شدا که‌وته ململانێ له گه‌ڵ سروشت و به
کارهێنانی عه‌قڵ، بۆ ئه‌وه‌ی شوناسی خۆی له ملکه‌چی سروشت ڕزگاری کات و شوناسی
سروشت ملکه‌چی خۆی بکات. له‌وێوه ده‌رکی به‌وه کرد ئه‌و چه‌مکه ته‌نها به به‌کارهێنانی
عه‌قڵ و وه‌رگرتنی زانست فه‌راهه‌م دێت. عه‌قڵ زانستی دۆزیه‌وه و زانستیش هه‌موو
سرۆشتی ملکه‌چی ئه‌و کرد، سروشتی خودی مرۆڤ خۆی نه بێت، له نێویاندا مرۆڤی
زۆردار.
زۆرداری و سته‌میش زیاده‌ڕه‌وی مرۆڤه له سنووری خۆی بۆ وه‌ده‌ست هێنانی شتێک که
مافی ئه‌و نیه، له پێناویشیدا ئه‌تکی ئه‌وی دی و سته‌مکردن لێیان ده‌کات به
ئامانج. به واتایه‌کی دیش سته‌م واته دژهدادوهری.
کۆمه‌ڵی کوردی کۆمه‌ڵێکه ته‌ژی به هه‌ستی نادادوه‌ری و چه‌وساندنه‌وه و سته‌م
لێکراوی، ڕۆحی مڵه‌ما به نه‌بوونی ههناسهکێشێک که مرۆڤ بوونی بسلمێنێت وه‌کو
هه‌موو مرۆڤێکی سروشتی، عه‌قڵ و هۆشیشی لاوازکراوه به‌و هه‌موو زیاده‌ڕۆییانه
لێی کراوه بۆ سڕینه‌وه‌ی شوناس و ملكه‌چبوونی هه‌میشه. مرۆڤی کورد له لایه‌ن
دوژمنانیه‌وه به‌نمره‌ی له خوار که‌مه‌وه سه‌یرکراوه. ئه‌و دۆخه‌ش هێنده
درێژه‌ی کیشاوه، بووه به سروشتی مرۆڤه‌کان، چونکه به درێژایی مێژووی شوناسی
کورد کرابوو به شوناسێکی که‌متر و لاوازتر و بچووکتر له شوناسه‌کانی دی ده‌وروبه‌ری،
شوناسێک بوو بۆ نوکته له سه‌ر دروستکردن و گاڵته‌پێکردن و سووکایه‌تی و ئه‌تک.
پاش زه‌مه‌نی گۆچان به ده‌ست گرتنی خه‌ونه‌کانی، ماوه‌یه‌کی کورت هه‌ست به
ئازادبوونی شوناسی ده‌کات، به‌ڵام جارێکی دی ملكه‌چبوونی به‌دوادا دێت. ئه‌م جار
ملكه‌چبووی ئه‌وانه‌ی ئه‌وی هاووڵاتی قوربانی بۆ دا و، کردی به هه‌ڵگری که‌سایه‌تی
نه‌ته‌وه‌یی خۆی، ئه‌وی هه‌ڵگر بوو به شوناسێکی باڵا و ئه‌می هاووڵاتیش بووه‌وه
به هه‌ڵگری هه‌مان شوناسی نه‌وی جاران. له لایه‌کی دی ئه‌و دۆخه‌ی بووه به
سروشتی تاکی کورد زۆر وه‌کو پیشه خۆشی ئه‌و زیاده‌ڕۆیی و ئه‌تککردنه به‌کار ده‌هێنێت
به‌رانبه‌ر به تاکی دی واته تاک به تاک و ده‌سه‌ڵات به کۆمه‌ڵ.
نێوان خود و هۆشی مرۆڤی کورد که‌لێنێکی هێنده گه‌وره‌ی تێکه‌وتووه هه‌ست به ته‌گه‌ره‌کانی
داڕشتنی شوناسی خۆی ناکات. له نێوانیشیاندا شوناسی حکوومه‌ت و شوناسی ده‌سه‌ڵات
یاری به چاره‌نووس و ئیراده و که‌رامه‌تی شوناسی هاووڵاتی ده‌کات. به ڕاده‌یه‌ک
هاووڵاتی خۆی باوه‌ڕی به بووده‌ڵه‌یی و نابووتی شوناسی خۆی هێناوه له به‌رانبه‌ر
دوو شوناسه‌که‌ی دی‌دا.
ئیراده و زیندان
ئیراده یه‌کێک له گرنگترینی ئه‌و چه‌مکانه‌یه كه فه‌لسه‌فه و فه‌یله‌سووفه‌کانی
له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی فه‌لسه‌فه‌وه سه‌رقاڵکردووه هه‌تا رۆژگاری ئه‌مڕۆ،
ناچمه سه‌ر لایه‌نه فه‌لسه‌فییه‌کانی، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیراده یه‌كێكه
له خاسیه‌ته گرنگه‌کانی شارستانیه‌تی ڕۆژئاوا. ئه‌وه‌ی لامان گرنگه لێره‌دا ململانێی
ئیراده‌یه له پێناوی بووندا، ئه‌وه‌ش له‌و شه‌ڕه ئه‌زه‌لییه‌وه ده‌ست پێده‌کات
که تاکه‌کان له پێناوی مانه‌وه‌دا هه‌ڵیده‌گیرسێنن. لای «شوبنهاور» ئه‌و
ململانێی له پێناوی وه‌ده‌ست هێنانی "ماده" دایه، ئه‌و ماده‌یه‌ش
پێکهاته‌ی کات و شوێنه له شێوه‌و بڕوای باڵابوونیشیدا، له‌و میانه‌یه‌وه ئیراده
دێته بوون، دیارده‌کانیش له یه‌ک کایه‌دا نین، گه‌ر وا بوایه کات و شوێن نه‌ده‌بوو.
به‌ڵام گه‌ر له‌و ڕوانگه گشتییه‌ی «شوبنهاور»ه‌وه بۆ واتای مرۆڤ بگه‌ڕێین،
پێویسته بڵیین مرۆڤ تا باڵاترین ڕاده ئاکتی ئیراده ده‌کات و خۆی به ئیراده ده‌رده‌خات،
به‌ڵام له زینداندا ئه‌و واتایه ده‌گۆڕێت.
زیندان ده‌زگایه‌کی په‌روه‌رده‌کردنی تۆقێنه‌ره، ئه‌و په‌روه‌رده‌ی له به‌رژه‌وه‌ندی
زیندانکهردایه، سزایه‌کی ڕوخێنه‌ره و مرۆڤ له به‌های مرۆڤ بوون بێ به‌ش ده‌کات
که ئازادی یه. له زانستی ده‌روونیشدا دوو جۆر سزا هه‌یه ئه‌وانیش بێ به‌شکردنی
مرۆڤه له شته پیرۆزه‌کانی له گه‌ڵ سزادان. زیندان جێگه‌ی هه‌ردوو فاکته‌ری
تێدا بووه‌ته‌وه و، سزادان و تۆقین تا ڕاده‌ی له ده‌ستدانی ئیراده و عه‌قلی
بیرکه‌ره‌وه، که عه‌قڵ وا له ئیراده ده‌کات بزانێت چی ده‌وێت. هه‌ر بۆیه
زیندان بووه به بڕبڕه‌ی پشتی سه‌رجه‌م سیستمه تۆلیتاری و پاکتاوکه‌ر و سته‌مکاره‌کانی
جیهان. ئه‌و سته‌مه‌ش له ئاینه‌کانه‌وه هه‌تا ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئه‌مڕۆی جیهان
هه‌مان ڕیتمی له خۆ گرتووه، ڕفێنه‌رانی یوسف به زیندانکردنی له ناو بیردا سزای
ده‌ده‌ن. فرعه‌ون هه‌ڕه‌شه‌ی زیندان له موسی ده‌کات، هیتله‌ر و مۆسۆلینی و سه‌دامیش
له هه‌مان فاکته‌ره‌وه ده‌ستیان کرد به پاکتاوکردنی گه‌له جیاوازه‌کانی ژێر چه‌تری
فه‌رمانڕه‌وایه‌تیان. ئه‌و زیندانه‌ی ئه‌مڕۆ له کوردستاندا بۆ هاووڵاتی کورد به‌ر
پا کراوه، پاکتاوکردنیشی به دوادا دێت، دواکه‌وتنیش که‌وتووه‌ته چاوه‌ڕوانی هه‌له
مێژووییه‌کان، که هه‌ر ئێستا هه‌ندێکی به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران و ناڕه‌زایی ده‌ربڕه‌کان
ده‌رده‌که‌وێت.
هه‌موو هاوار ده‌که‌ن لافاوی گه‌نده‌ڵی خنکاندینی! خۆ فرۆشی نه‌ک ته‌نها ژن، هی
پیاویش ته‌شه‌نه‌ی کردووه (شیخ زاناش ته‌نها نموونه‌یه‌ک نییه)، دزی و خیانه‌ت،
نوکه‌ری و جاشایه‌تی، کوشتن و ئه‌تک کردن، جیابوونه‌وه و قه‌یره بوون، کوردستان
بووه به دۆزه‌خی له بارچوونی به‌ها جوانه‌کان، پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی خه‌ونه جوانه‌کان،
که‌س باوه‌ڕی به که‌س نه‌ماوه، نه پرۆژه‌ی رۆشنبیری و بازرگانی و کۆمه‌ڵایه‌تی
جێبه‌جێ ده‌كرێ، نه پرۆژه‌ی مرۆیی و، چه‌ندین گازنده‌ی دی! چی وای کرد ئه‌و هه‌موو
ڕه‌شبینیی و بێ ئومێدییه بڵاو بێته‌وه؟ کێن ئه‌وانه‌ی پاڵنه‌ری ته‌شنه‌کردنی ئه‌و
دیاردانه‌ن؟
چه‌مکی وه‌ڵامده‌ره‌وه له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا گۆڕانی بارودۆخی کوردستانه له
سرۆشتی هه‌رێم، وڵات، ناوچه‌وه بۆ زیندان. مرۆڤی زیندانی یان بیر له فاکته‌ره
ڕۆحییه‌کان ده‌کاته‌وه یاخود فاکته‌ره نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، دواجاریش له فاکته‌ره
ڕه‌وشتییه‌کان.
زیندان و فاکته‌ری ڕۆحی و ڕه‌وشتی و نه‌ته‌وه‌یی
کاتێک کوردستان له میلله‌تی کورد کرا به زیندان، نه‌ک ژیانی ئازاد، هه‌ناسه
دانی ئازادانهشی لێ یاساغ کرا. چه‌مکی نه‌ته‌وه‌یی بوون گه‌یشته لووتکه و، کورد
بوونی به‌رزکرده‌وه بۆ ڕاده‌ی پیرۆز بوون. ئه‌و پیرۆزبوونهی که پاڵ به مرۆڤه‌وه
ده‌نێت قوربانی بۆ بدات و رێگه بۆ گه‌یشتی پیرۆزکراوه‌که بدۆزیته‌وه. ئهرێترین
رێگه‌ش، ڕاپه‌ڕین و وه‌ده‌رنانی دروستکه‌رانی ئه‌و زیندانه بوو. خه‌ڵکی کوردستان
په‌شیمان نه‌بوو له‌و هه‌موو قوربانییه‌ی پێشکه‌شی کرد له پێناوی شکاندنی کلیل و
زنجیره‌کانی ئه‌و زیندانه‌دا. چونکه زه‌مه‌نی خه‌ون بینین به ئازادییه‌وه،
ڕتووشی سه‌رجه‌م زه‌مه‌نه تاریکه‌کانی دی سڕیبووه‌وه، به‌ڵام هه‌ر زۆری پێنه‌چوو
به هۆی ئه‌و هه‌موو جۆری گه‌نده‌ڵی جیاوازه و چه‌وساندنه‌وانه‌ی به شێوه‌ی
جۆربه‌جۆر ڕووبه‌ڕووی تاکی کورد کرایه‌وه، ئه‌و هه‌موو قوربانییه‌ی له بری وه‌فا
به‌ری خیانه‌ت و قه‌رزارباریان چنیه‌وه. خه‌ونی ئازادی کاڵ بووه‌وه و فاکته‌ره
نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی دۆڕاند و، هه‌نووکه بێ بایه‌خترین فاکته‌ره له نێو فه‌رهه‌نگی
کوردی ناوخۆی کوردستاندا، ماوه‌ته‌وه فاکته‌ره ڕۆحی و ڕه‌وشتییه‌کان. هه‌بوونی
ئه‌و دوو فاکته‌ره به‌و زه‌قییه له ناو کۆمه‌ڵی کوردی‌دا گومانی گریمانه‌ی
کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی زیندان ده‌کات به یه‌قین. فاکته‌ره ڕۆحییه‌کان که
زیاتر تێزه ئاینییه‌کان ده‌گرێته‌وه. له میانه‌ی ئاینه‌وه چه‌ندین جۆری سه‌له‌فیه‌ت
و ئیسلامیه‌ت و حزبایه‌تی ئاینی بوون به کاکڵه‌ی به‌رهه‌مهاتووی پاش شکاندنی
کلیلهکهکانی ئه‌و زیندانه‌ی ناوی نرابوو (شمال العراق). ئه‌و هه‌موو گرووپی
توندڕه‌و و سه‌له‌فیه‌ی له کوردستاندا هه‌یه و ژماره‌ی بێ شوماری لایه‌نگیرانیان،
له‌و وڵاتانه‌شدا که مێژووی بزوتنه‌وه‌که‌یان خۆی ده‌دات له سه‌ده‌یه‌ک، ده‌وڵه‌تن،
دانیشتووانی هه‌ر شارێکیان له دانشتووانی باشووری کوردستان زیاتره، هێنده‌ی بسته
خاکه‌که‌ی باشووری کوردستان ژماره‌ی توندڕه‌و و لایه‌نگری توندڕه‌و و سه‌له‌فی و ئیسلامگه‌رای
تێدا نییه و تێیدا دروست نه‌بووه. ئه‌وه‌ش ساکارترین به‌ڵگه‌ی به زیندان بوونی
کوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، مرۆڤی زیندانی که توند‌و تیژی زۆر ده‌بینیت، بێ ده‌سه‌ڵاتی
خۆی و زاڵمی چه‌وسێنه‌ره‌که‌ی ده‌بینیت، ته‌نها ڕوو ده‌کاته هێزێکی نادیار، ڕوو
ده‌کاته هێزی پیرۆز بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی بکاته‌وه له چه‌وسێنه‌ر و به مورادی خۆی
بگه‌یه‌نێت یان ئازادی بکات، به به‌شی هه‌میشه ترس و تۆقاندنی نه‌گۆڕ مرۆڤ له
لایه‌نه ئاینیه‌کان نزیک ده‌کاته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش بنه‌مای سه‌رجه‌می ئاینیهک، له
تۆقین و جیهانی نادیاری پیرۆز پیک هاتووه. کاتێک تۆقاندن و بێ ده‌سه‌ڵاتی ئیراده‌ی
مرۆڤ داگیرده‌کات و نابێت به خاوه‌نی گوتار و عه‌قڵ و ده‌سه‌ڵاتی چاره‌سه‌ر بۆ
کیشه‌کان و هه‌نگاوه‌کانی ژیانی خۆی، خۆی به دۆڕاوی ژیانی هه‌نووکه‌یی ده‌زانێت و
له هه‌مان کاتیش‌دا خۆی به شیاوی قه‌ره‌بووکردنه‌وه ده‌زانێت له لایه‌ن هێزێکی
نادیاره‌وه، له کاتێکدا بوونی نییه له هێزی ئه‌و سه‌رده‌می ئه‌وی تێدا ده‌ژی.
ئه‌ی ئه‌گه‌ر لایه‌نه ڕۆحییهکهشی له ده‌ست بدات؟!
مرۆڤ کاتێک ژیانی بۆ ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ له سه‌ر هه‌مان ریتم و رۆتین بێ
گۆڕانکاری ده‌گوزه‌رێ، وه‌لاوه‌نانی ئه‌و ڕۆتینهش له ده‌سه‌ڵات و ئیراده و
توانای خۆیدا نییه، که بۆ ماوه‌یه‌کی دوور داوا له فریادڕه‌سه‌که، له نادیاره
پیرۆزه‌که ده‌کات، له‌و ژیانه ڕزگاری بکات، قه‌ره‌بووی ئه‌و جۆره ژیانه‌ی بۆ
بکاته‌وه، تۆڵه‌ی له زاڵم بۆ بکاته‌وه، هه‌ق سه‌ربخات به سهرناههقدا. ئه‌و
خواست و داوایانه‌ی به پێی هۆشیاری و تێگه‌یشتنی مرۆڤه‌کان بۆ دیارده و ڕاستییه‌کانی
ژیان کاریگه‌ری نه‌رێ (نه‌یی) و ئه‌رێییان ده‌بێت له سه‌ر ده‌روونی و پاڵنه‌ر ده‌بێت
بۆ به‌هێزکردن و لاوازکردنی هێزی فریادڕه‌س. کاتێک مرۆڤ ده‌گات به‌و ئاسته له بێ
ئومێدی و ئیراده له ده‌ست دان، بۆشایی زۆریش ده‌که‌وێته نێوان عه‌قڵ و رۆحیه‌وه،
په‌یوه‌ندی نێوان عه‌قڵ و رۆحیش له ئاین و لاهووتهکاندا به‌ر له ده‌رکه‌وتنی فه‌لسه‌فه
و تیۆری زانستی باس کراوه تا ده‌گات به سه‌رجه‌م فه‌لسه‌فه و زانست هه‌تا ئه‌مڕۆ،
که عه‌قڵ به جه‌وهه‌ری مرۆڤ داده‌نرێت. واته له ئه‌رکی ده‌ماغی باڵاتره و
هۆشێکی ئازادی هه‌میشه وێڵی گۆڕانی واقیع بێت و رۆحیش ئاوێنه‌ی باڵانوما و به‌رجه‌سته‌کاری
ئه‌و جه‌وهه‌ره‌یه. چونکه ئه‌وه‌ی ئهندازهداره، کات و شوین و ژیانه و، ئه‌وه‌ی
ده‌چێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ندازه و سنوورهکێشانهکان عه‌قڵ و رۆح و هۆشیاری یه. ئه‌و
بۆشاییه به‌ره‌و بیرکردنه‌وه‌ی زۆری ده‌بات، هۆشیاری سنوورداریش، به تایبه‌ت ئه‌و
هۆشیاریه‌ی نه‌رێ(نه‌یی) یه‌و، بارگاوی کراوه به چه‌پاندنی خواست و خۆزگه،
بیرکردنه‌وه‌کانی به‌و لایه‌دا ده‌یبات، چه‌مکی چهپێنراویش له ناو کۆمه‌ڵی
کوردی‌دا، چه‌مکی ئازادی خوده ، هیچ ههناسهکێشێکی دیشی نییه قه‌ره‌بووی بۆ
بکاته‌وه، که ئومێد و ئیراده له ده‌ست ده‌دات، له‌وێدا ته‌سلیم ده‌بێت به‌و ئه‌گه‌رانه‌ی
که به‌ره‌و ڕووی مه‌رگی ده‌کاته‌وه له‌و جۆره مه‌رگه‌ی له کۆمه‌ڵێکه‌وه
سنووردار و ده‌ستنیشانکراوه بۆ یه‌کی دی. له کۆمه‌ڵی کوردیش‌دا له هه‌ر شتێک
زیاتر خۆی له چه‌مکی ڕه‌وشت و گرێیه‌کانی ڕه‌وشتدا ده‌بینیته‌وه، پێناسی ڕه‌وشتیش
به ته‌نها خراوه‌ته چوارچێوه‌ی به‌رته‌سکی جه‌سته‌وه و له هه‌موو پرچهکردار و
ئاکاره مرۆییه‌کانی دی دابراوه. له به‌ر ئه‌وه‌ی ئاین له پرۆگرامی پڕ
توندووتیژیی و دیسیپلینکراوهکاندا خۆی پێشنیار ده‌کات، به شێوه‌یه‌ک که ته‌نها
له چواچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیدار به جیهانی پێشنیار کراوی ئیسلام نرخ و به‌ها بۆ
مرۆڤ داده‌نرێت. ئه‌و نرخه‌ش به ته‌نها ملکه‌چبوونی بێ مه‌رج و بێ پرسی ئه‌وی
مرۆڤه بۆ پرۆگرامی پێشنیازکراو . ملکه‌چبوون وه‌کو مرۆڤ، ملکه‌چبوون وه‌کو بیر‌و
باوه‌ر، ملکه‌چبوونی هه‌ست و هه‌ڵاوێرکردنی هه‌ر هه‌ستێکی خۆڕسک و بۆچوونێکی پاڵنه‌ر،
ملکه‌چبوونی لایه‌نی رۆکهش و فیزیکی، ملکه‌چبوون و بێ ده‌نگی هه‌ڵبژاردن له هۆیه‌کانی
هه‌تا ڕاده‌ی كۆیله‌بوونی ته‌واو، ته‌نها ئازادییه‌ک خواست و پاڕانه‌وه‌یه لای
فریادڕه‌س بۆ چاره‌سه‌ر کردن. ملکهچنهبوونیش به‌و سنوورانه‌ی بۆ جه‌سته‌ی مرۆڤ
دانراوه به پێی کتێبه ئاسمانییه‌كان قورسترین سزای هه‌یه. بۆیه ڕاسته‌وخۆ ڕوو
ده‌کاته ئه‌و سه‌رپێچییه وه‌کو تۆڵه‌کردنه‌وه له سه‌رپێچی فریادڕه‌س که دادی
هاوار و پاڕانه‌وه و خواسته‌کانی ئه‌وی نه‌داوه.
هه‌ر ئه‌و فشاره ده‌روونییه‌ش وا ده‌کات که‌سێک له‌و په‌ڕی چه‌پ ڕوو ده‌کاته ئه‌و
په‌ڕی ڕاست یان پێچه‌وانه‌که‌ی، چونکه ڕۆتینی به‌رده‌وام و نه‌گۆڕ، یاخود به‌ره‌و
پێشنهبردن و چه‌ق به‌ستنی ته‌نانه‌ت هه‌ر ئایدۆلۆژی و کارێکیش، مرۆڤ هه‌ر به‌ره‌و
هه‌مان دۆخی یاخی بوون ده‌بات، به‌ره‌و پێچه‌وانه‌که باوه‌ڕی هه‌ڵگرتوو. ئه‌وه
هه‌مان ئه‌و دۆخه‌یه له زیندانیش‌دا دروست ده‌بێت، حکایه‌تی ئه‌و زیندانییانه‌ش
زۆرن بۆ شکاندنی ئه‌و چه‌پاندن و بێ ده‌سه‌ڵاتی و بێ ئه‌نجامی هاواری فریادڕه‌س كه
ڕوو ده‌که‌نه ڕوانگه‌ی نادروست، یاخود سێکشواڵیهتی ناباو، له هه‌ندێ چیرۆکدا
سێکسی هاوڕهگهزیشی تێدا ئه‌نجامدراوه. ئه‌وه هه‌مان بارودۆخه ئێستا له
کوردستاندا ڕووده‌دات و هه‌تا کلیلی ده‌رگای زیندانه‌که گه‌وره‌تر و قفڵکراوتر ده‌بێت
ئه‌و بارودۆخه‌ش ته‌شه‌نه ده‌کات. گرنگ نییه هۆکاره‌کان چین، گه‌ر به هۆی
هۆکاری سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ئاسایش و هۆشیاری بێت یان هۆکاری دی که
مرۆڤی کورد زیاده‌ڕه‌وی له ڕووکردنی ئه‌و لایه‌نه کردووه، هه‌ر یه‌ک له‌و
توخمانه هۆکارێکن یان به‌ردێكن له به‌رده‌کانی به‌رزکردنه‌وه‌ی دیواری زیندان.
ئه‌وانه‌ی ده‌بن به هۆی دروست بوونی ئه‌و هۆکارانه ده‌بن به هۆی دروست بوونی زیندانه‌که‌ش،
جگه له لایه‌نه‌کانی ئازادی که‌سی و کۆمه‌ڵ و ده‌ربڕین و گوزارشت کردن له خود و
دیموکراسی ئێکسپایه‌ر.
هه‌ڵوێستی دوای زیندان
ئیراده‌ی مرۆڤ که ئیراده‌یه‌کی کۆنترۆڵکراوه به کارلێکه‌ره ده‌روونییه‌کان،
هیچ کات ئیراده‌یه‌کی دروست و پته‌و نابێت به بێ هه‌ڵگری پنت و بنه‌ما دروسته‌کانی
کۆمه‌ڵ و خێزان و ژینگه‌ی گونجاو که ده‌بن به هۆی دروست بوونی ده‌روونێکی کهمگرێ
و دروست.
کۆمه‌ڵی کوردی له بنه‌مادا شاره‌زایی زانستی خوێندنه‌وه‌ی خود و هه‌ڵگری نه‌زمی
خاترگرتنی به‌رانبه‌ر نییه له ناو خوێدا، بۆیه هه‌ر یه‌ک له ئاستی خۆی تاوان و
ناته‌باییه‌کانی کۆمه‌ڵ ده‌گرێته ئه‌ستۆی ئه‌وی دی. تاک ده‌یکات به تاوانی کۆمه‌ڵ،
گرووپ و کۆمه‌ڵ به هی ده‌سه‌ڵات و حزب. حزب و ده‌سه‌ڵاتیش جارێکی دی ده‌یگه‌ڕێننه‌وه
بۆ نه‌زانی و نه‌خوێنده‌واری و لاوازی ڕۆشنبیریی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک. ده‌یه‌وێت له
ئنسانیهت دایماڵێت و بیانکات به ئامێر له کاتی ویستی ئه‌ودا خاوه‌نی رۆشنبیر و
زانایی و تێگه‌یشتن بێت و له کاتی دیشدا گێل و نه‌فام. هه‌ردوو سیفه‌ت به‌و شێوه‌ی
داوا له تاکی کورد ده‌کرێت به‌ره‌و به‌ربه‌رێتی ده‌بات، ده‌کرێ له بۆچوون و
شوێنی جیاوازدا ڕاست و هه‌ڵه‌ی لێ هه‌ڵبهێنجرێت، به‌ڵام له کاتی ئێستا فریا نه‌که‌وتنی
ئه‌و باره مه‌ترسی زیاتر ده‌کات به دیارده و نه‌ریتی کۆمه‌ڵی کوردی، گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی
کوردی هه‌تا ئێستاخۆی له‌و مه‌ترسییانه بێ هه‌واڵ کردووه. به‌ڵام ئه‌و کاته‌ی
پشووی کۆمه‌ڵ ده‌گات به پڕ بوون و قوفڵی ئه‌و زیندانه ده‌شکێنێت، یه‌که‌م زه‌ره‌رمه‌ند
ده‌سه‌ڵات و حکوومه‌ته. له جیهاندا حکوومه‌ت پشت و په‌نای هاوڵاتی و چاره‌سه‌ره
بۆ نه‌خۆشییه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگییه‌کانی، له کوردستاندا به‌ڵای
حکوومه‌ت و نه‌خۆشییه‌کانی حکوومه‌ت هێنده زه‌ق و بارگاوی یه و، بوون به
بارێکی هێنده گران له سه‌ر شانی هاووڵاتی، ئازاری خۆی بیر بردووه‌ته‌وه. ئه‌رکی
حکوومه‌ت بوو له بری ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵی کوردی بگه‌یه‌نێت به‌و بهربهرێته که
ڕۆژانه که‌سێک بکوژرێت به هۆی ئه‌و كێشه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌وه، ده‌بایه ئێستا
ده‌یان داموده‌زگای مه‌ده‌نی و خه‌ڵکانی شاره‌زای ئاماده کردبایه و ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ی
به‌ره‌و که‌ناری مه‌رگ و له ناوچوونی له زیندانه گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندا
نه‌بردبایه. ئه‌و داموده‌زگایانه‌ش كه له ژێر ناوی جیاواز به بانگه‌شه‌ی چاره‌سه‌ری
ئه‌و مه‌سه‌لانه دروست بوون، له دروشم زیاتر هه‌نگاوی پراکتیکیان نه‌ناوه.
تاوانی زۆرتریان له حکوومه‌ت که‌وتووه‌ته پاشکۆ ، ئه‌وانیش یان له پێناوی په‌رژه‌وه‌ندی
و مانه‌وه‌ی خۆیاندا یان له نه‌شاره‌زایی و تێنگهیشتنیان بۆ دیارده‌کان، زیاتریش
به هۆی هه‌ردوو هۆ که که‌سی شیاو له شوێنی شیاودا نین، نه‌یانتوانیوه کاری
کاریگه‌ر بکه‌ن و هیچ هێڵکی خوار ڕاست بکه‌نه‌وه. له کاتێکدا ئه‌وه ئه‌رکی سه‌رجه‌م
مرۆڤه‌کانه، به ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگا و هاووڵاتی و رۆشنبیره‌وه، هێڵێکی
ستوونی بکێشن و ئاقاره ده‌روونی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سیاسییه‌کانی ئه‌و
کۆمه‌ڵه‌ی تێدا بکێشن و بیکه‌ن به خاوه‌نی سه‌رخان و ژێر خانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی پته‌و
و، له له‌قاودانی هۆی هه‌بوونی دیارده‌کان و له په‌نجه خستنه سه‌ر ئازاره‌کان
سڵ نه‌که‌نه‌وه. ئازار و نه‌خۆشییه‌کانی کۆمه‌ڵی کوردی سیناریۆیه‌ک نییه پاش
نمایش کردن کۆتایی بێت و ئه‌رکی بینه‌ریش ته‌نها ته‌ماشاکردن بێت. به‌ڵام وه‌کو
پێشتریش گوتمان کوردستان کراوه به زیندان، مرۆڤی زیندانیش گه‌ر هۆشیاری به خه‌به‌ری
نه‌هێنێت، ماکی جوداخوازی ده‌زانێت له گه‌ڵ مرۆڤه‌کان و شمه‌که‌کانی چوارده‌وری،
نه‌ک ماکی یه‌کبوون و مانه‌وه و به‌رگری.
كانادا، جولای 2006
No comments:
Post a Comment