Wednesday, December 30, 2015

دیداری ژن مەگەزن



سازدانی : کۆراڵ تۆفیق
ث/ سةرةتاى كاركردنء دةستثيَكردنت ضؤن بوو؟
سەرەتای کاکردنم لە بواری نووسیندا سەرەتای دەستکردنم بە نووسین نیە. لە ساڵی ١٩٩٦دا بۆ یەکەم جار لە بواری ڕاگەیاندندا دەست بەکار بووم . سەرەتا چەند مانگيک لە تەلەفزیونی گەلی کوردستان بووم بەڵام لە بەر لە لایەک سەربەخۆ ولە لایەکیش ئەو بوارەی تیا کارم ئەکرد بەشی وەرگێڕان بوو دوور بوو لە خولیای من. پاشان وەکو بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی ئەمڕۆ، لە گەڵ ستافی ڕۆژنامەی ئەمڕۆ کە هەوليریان بە جێ هيشت بوو لە سليمانی نیشتەجێ بوون نزیکەی ساڵيک دەست بە کار بووم. وە لە ساڵی ١٩٩٨ وە گۆڤاريکی تایبەت وفکریم دەرئەکرد بە ناوی ' نڤار' بەڵام بەر لەمانە چەند کورتە چیرۆکيکم بڵاوکردبووە.

ث/ ضيء كآ هاندرت بوو بؤ كاركردن لة بوارى نوسين؟
کۆمەڵيک فاکتەر هاندەرم بوون بۆ دەربڕین نەک بە مەبەستی نووسەر بوون و بە ناوبانگ بوون، بەڵکو بە واتای فڕینی کۆمەڵيک ئازار بۆ سەر رووی پەڕە، لە بەر ئەوەی پەڕە بي دەنگ بوو، ڕاپۆرت نووس نەبوو. ئەو فاکتەرانە یەکەمیان زیندانی بەردەوامی باوکم بە هۆی سیاسەتەوە ، دەرکردنی خۆم لە مۆسیقا و جێ هیشتنی برینیکی قوڵ لە ناخمدا و بە هۆی فڕێدانی دەفتەرەکەشم بە ڕوومدا لە کاتی فەسڵکردنمدا برینێکیش لە سەروو برۆی ڕاستمەوە کە تا ئيستا شوينەکەی قوڵەو هەموو سەیری ئاوينەکردنيک ئەو یادەوەرێ دەبێتەوە بە میوان. هێشتا قوناغی سەرەتایی و ناوەندی بووم کە دەستم دایە نووسینەوەی ئەم برینانە بەڵام لە بەر ئەوەی خوێندنم کوردی نەبوو ئاسان نەبوو لە هەمان کاتدا هەر خواستی نووسینەوەیان هانیاندام خۆم فێری کوردی بکەم. هەتا ئێرە دەربڕینەکان زیاتر بە دەق بوون لەوانەیە خۆم ناوم نابن شیعر بەڵام من هەرگیز لە سەر فەیس بووک نەبيی شیعرم بڵاونەکردوەتەوە.
پاش ئەمە قۆناغی ڕاپەڕین وپاش ڕاپەڕینیش گۆڕانی نەهێنایە ژیانی خێزانی منەوە و لە ڕاپەێنەوە دایکم بوو بە دایکی شەهید، وردە وردە توانەوەی یەکێک لە بەهێزترین وجوناترین ژنەکان وێنەی مۆميک لە داوێنی گردی سەیواندا بوون بە غەميکی دی یەکەم کورتە چیرۆکم بۆ ئەو بوو بە ناوی گۆڕ غەریب و لە تەک چیرۆکيکی دی بە ناوی  فرمێسکی ئاوارەیەک لە کە سەر ئاوارە بوون کۆڕەوی کورد بوو بەرەو ئێران دا بە مامۆستاکەم کە چیرۆک نووس حەمە ڕەشید هەرەسە و ئەویش هەردووکیان لای خۆییەوە بڵاوکردەوە و هاندانەکانی ئەویش لە پاڵ ئازاردا بوون بە هەوێنی نووسین لای من لەو ڕۆژەوە پێنووسەکەم بوو بە ئازار نووس و لە ئازاری خێزان و نادادوەریەکانی بەعس و حزبی کوردییەوە بۆ ئازاری نیشتمان و گەل. 

ث/ وةك ذنيَك ئةو ئاستنطانة ضي بوون كة هاتنة ريَطةى كاركردنت؟
ئاستەنگەکان هەموو شەڕی عەقڵ بوون دژی پووتی عەقڵ و نەزۆکی دەروون ، هەتا ئەمڕۆش شەڕی عەقڵ لە ناو کورددا مەحاڵە ، چوون کورد چاو بەکار ئەهێنێت لە بری عەقڵ ، بۆیە ئاستەنگەکان ئەوەندە زۆر بوون دیدارێک ناتوانێت بیانخاتە ڕوو بەڵام سەرجەمیان پەیونەدی بە شوناسنامەی خۆمەوە هەبووە وەکو ژن ، ژنێک بە عەقڵ بیر بکاتەوە نەک بە جەستە. لە شەڕی فکردا بووم کە دیسان وەکو ژن لێم قبوڵ نەئەکرا ، بۆ نموونە دەسەڵاتدار و لایەنی سیاسی هەبوون ڕووبەڕووی هەڕەشەیان ئەکردمەوە و پێیان ئەوتم " کێت لە پشتە، کێ فێرت ئەکات ئەوانە بنووسیت وبڵيیت ، ئەوەی تۆ ئەیڵێت عەقڵی ژن نیە "  واتە  کەمزانی ژن لە نێو سیستەم و دەسەڵاتی کوردیدا.  شەڕی سەربەخۆی بوون و نەبوون بە لایەنێک درێژترینیان بووە پێ ئەچێت هەتا یاری حزب حزبێنە لە ناو کوردا هەبێت ئێمە لەو شەڕەیان ڕزگارمان نەبێت.شەڕ دژی شوناسنامەی ساختەی زۆر لەوانەی کە کورد بە " گەورە " ناوی دەهێنان ، زۆر لەوانەی هەنووکە کورد خەریکە فێر ببێت پيەیان بڵيت سەربەخۆ نین و ڕۆشنبیری ساختەن، من ١٩٩٦دا پيم وتوون و کارکردنم لە تەکدا ڕەتکردوونەتەوە و شەڕ پي فرۆشتنەکەیم ئەزموونکردووە.
هەموو ئەو ئاستەنگانەی سەرەوە هۆی ئەبوو کە لانی کەم ١٥ پازدە ساڵ بەر نەتەوەکەی خۆم کەوتووم لە پێشبینی ڕووداوەکان و تێگەشتن لە پشتی پەردەکان. ئەوانەی ئەمڕۆ خەڵک باسی ئەکات ، لە مەسەلەی ئیسلامی سیاسی، گەندەڵی، کێشەی ئیداری ، مەسەلەی ژن و  هەتا نابووتبوونی ئەو دەسەڵاتەش ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگانە ئەکردمەوە من هەموویم پازدە ساڵ بەر لە ئێستا باسکردووە.

ث/ ضؤن توانيت بةسةر ئةو ئاستةنطانةدا زالأ بيت؟

چەند کارکتەرێکم تێدایە ئەکرێت زاڵ بێت بە سەر زۆربەی کۆسب وئاستەنگەکاندا ، ئەوانیش: زۆر بە هێزم ، لە خۆشەویستنی نیشتماندا نەبێت لە هەموو شتێکی دیدا عەقڵم زاڵە بە سەر هەستمدا، کۆڵنەدەرم ، پشوو درێژم ،پڕ وزەم ،توانای بەڕێوەبردنم بە سروشتی باڵایە، خاوەنی قسەی خۆمم، تەنانەت ئەگەر پەیمانم بە خودی خۆشم دابێت، زۆریشم پەیمان بە خۆم داوە و پێم شەرم بووە نەیهێنمە دی . جگە لەمانەی  سێ فاکتەری دیش هاوکاری کردووم لە ژیاندا  یەک : سەیری مرۆڤم ئەکەم چۆن بەڕێوەبردنی کەسیەتی خۆی ئەکات، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەسیەتی خودی مرۆڤ پێوەرە بۆ بایەخ یان کەم بایەخی من. دوو: لیستی ڕۆژم هەیە لە مێشکمدا نووسراوە، هەموو شەوێک کە دەچمە جێگە بۆ نووستن سەرەتا بە لیستەکەی مێشکمدا دەچمەوە، لە کەسیەتیەکانی ئەو ڕۆژە ، هەتا کار وئاکاری بینراو وبیستراو، هەرچیەک لە گەڵ بەڕێوەبردنی کەسیەتی مندا نەگونجاو بێت لە خۆمدا و لەوی بەرانبەردا ڕاست وجەپی سووری بە سەردا دێت ودووبارە نابێتەوە، پەشیمانیش نابم لەو ڕاست و چەپ نەخشاندنە.  ئەمەش لە فاکتەرە ساختەکانی دنیای کوردی پاراستوومی . لە مانەش گرنگتر فاکتەری سێهەم، هەرگیز نەمهێشتووە حزبێک وەکو کارت بەکارم بهێنێت، ئەمەش کێشەی زۆری بۆ دروستکردووم، بەڵام تەنانەت لە کێشەکانیشدا نەمهێشتووە لایەنێک دژی لایەنێکی دی کێشەی من وەکو کارتێکی حزبی بۆ خۆی دژی ئەوی دی بەکار بهێنێت و هەرچۆنێک هەوڵدرابێت سەرداوەکان ڕبکێشرێت من هێناومەتەوە دەستی خۆم. ئەمانەش هەموویان متمانە بوون بە خود ئەگەیەنێت و متمانەش لە سەر بنەمای ڕاست مرۆڤ زاڵ ئەکات بە سەر کێشەدا.
ث/ جياوازى كاركردن لة كوردستانء هةندةران ياخود كةنةدا ضية؟

وەکو کاردکردن لێرە قورسترە چوون ئێمە پەناهەندەین و لە گەڵ ئەوەی سیستەمەکە فرە کولتوورە ومافی تاکەکانی وەکو یەک پاراستووە، بەڵام کەنەدییەکان خۆیان وکولتوورەکەیان لە ئێمەی بێگانە وپەناهەندە ئەپارێزن وتا پێیان بکرێت رێگە بە ئێمەی نادەن چانسەکان لە دەستی ئەوان دەربێنین چ لە ڕووی کارکردن وداهێنان وبەرکەوتنی بەخشیشی مادی و بڵاوکردنەوە ..تد.  بەڵام ژن دەتوانێت کەسیەتی خۆی بپارێزێت بە بێ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو شەڕانە ببێتەوە کە پێشتر باسم کردوون. لێرە نەک ئەو نابووت بوونەی ژن بوونی نیە ، بەڵکو مافی زیاتریشی هەیە لە پیاو بۆیە هیچ دەسەڵات وسیستم وتاک و دەزگایەک ناتوانێت هیچ جۆرە فشارێکی بختاتە سەر بۆ ئەوەی شتێکی دی بێت جگە لەوەی خۆی دەیەوێت.       

ث/ تاضةند ذنبوون سةختة لة كؤمةلَطةى كورديدا ؟
تا ئەو ئاستەی هەر نەبێت باشترە. ئەبێت نەک تەنها ژن بوون بەڵکو مرۆڤ بوونیش چی بێت لە کۆەمڵگەیەکدا کە کەس بۆ خۆی ناژی ، هەمووی بۆ ئەوی بەرانبەر ئەژی ، هەر بۆیە هەمووش ڕقی لە ئەوی بەرانبەرە

ث/ دايكايةتي لاى تؤ ضي دةطةيةنيَت؟
 من لە ڕووی بایۆلۆژییەوە دایکایەتیم تاقینەکردوەتەوە ، نازانم ئەو هەستە چیە کە دایکێکی دووگیان هەیەتی و لە گەڵ باوکی مناڵەکەدا چ پلانێک دادەنێن بۆ مناڵەکەیان. بەڵام ئەزانم پاش چەند سالێک لە شەهید بوونی براکەم ، من سەرەتا بووم بە دایکی دایکم و دوایش ئەو ئەرکەم بۆ خۆشکەکەم بە جێهێشت و من بووم بە چاودێری یان دایکی دوو منداڵ کە برای منن و لە گەڵ خۆم بردمن بۆ هەندەران، هەتا ئێستاش کە گەورە بوون لە گەڵ من ئەژین. ئەم ئەرکە فێری کردم دایکایەتی بتی سەنترالیزمی دایک تێک ئەشکێنیت، دایک ئیتر سەنتەر نیە، ئیتر مرۆڤێکی دی سەنتەرە ، گرنگترە لە ئەو. ئەکرێت بۆ ژنانێک کە هاوسەریان هەیە بە هاوکاری مناڵ پەروەردە ئەکەن جیاواز بێت، بەڵام بۆ کەسێک نە ئەو هەست وچاوەڕوانیانەی دووگیان بوون و نە هیچ فۆرمێکی هاوکاریشی هەبێت ئاسان نیە گوزارشتی لێ بکرێت.. تێگەشتم ئەرکێکی هێندە قورسە من تا ئێستا بە دێڕێک نەمتوانیوە گوزارشتێکی پڕ بە پێستی خۆی بۆ بدۆزمەوە. بە ئاستێک بەر لەم ئەرکە حەز و خەونی جوانم بەرانبەر بە مناڵ هەبوو ، بۆشم ئەنووسین، بەڵام ئێستا ئەو خەونانە لە بارچوون. چوون سەرجەم ژیانی مرۆڤ تێڕامان و گەڕانە بە دوایی زانینی نەزانراوەکاندا و دۆزینەوەی نادیارەکاندا کە دۆزرایەوە و ئەزموونکرا ئیتر پەرجووی خۆی لە دەست ئەدات، ئەمە لای من بۆ مەسەلەی دایکایەتیش هەر وایە.

ث/ بؤ خويَندنةكةت بؤضي بوارى جيَنؤسايدء كلتورت هةلَبذارد وةك بوارى ئةكاديمي ؟

لە بنەمادا دەبوو سایکۆلۆژیای کلینیکی بخوێنم لە ئەمەریکا/ نیویورک ، بەڵام لە بەر ئەوەی وەکو خوێندکاری نێو دەوڵەتی حسابیان بۆ کردم و ساڵی نزیکەی پەنجا هەزار تەنها برخی خوێندنەکە بوو، بە هۆی لایەنی مادییەوە نەمتوانی ئەوەی خۆم پێم خۆش بوو تەواوی بکەم. ئیتر وەکو چۆن بە مناڵی لە مۆسیقاکەدا هەستم شکا ، لەمەشدا بە هەمان شێوەو  خواستی هەبوونی دکتۆرام هیچ نەما و هەڵبژاردنیشی تەنها لەو ڕوانگەیەوە بوو جینۆسایدی کورد بچێتە بواری ئەکادیمییەوە . کولتوورم هەڵبژارد چوون سەرجەم کێشەکانی کورد پابەندە بە کولتوورەوە، وە یەکەم هەنگاوی جینۆسایدیش لە کولتوورەوە دەست پێ ئەکات  . بۆ ئەوەی جینۆساید دووبارە نەبێتەوە ، پێویستە لایەن وگرووپی جینۆسایدکراو هەمان ئەو هەنگاوانەی جینۆسایدکەر هەلگرێت لە چاکردنەوەی دۆخی کۆمەڵگەکەیدا و لە کولتوور و سایکۆلۆژیای کۆمەڵگەوە دەست پێ بکات. لە بەر ئەوەش من سایکۆلۆژیای کولتوریم وەکو میتۆدی کارکردن هەڵبژاردووە.

ث/ طرنطترين دةسكةوت لة ذيانتدا ضية؟
دەستکەوتم زۆرەلە ژیاندا کە گرنگن بەراورد بە کۆمەڵگەی کوردی و تێڕوانین لە ژن و ئاکار وبێرو باوەڕی ژنیش لەو کۆمەڵگەیەدا. چەند دەستکەوتیەکیان پێک هاتوون:
لیستێک کار هەیە کە یەکەم ژن بووم لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەنگاوم بۆ ناوە : بانگهێشتکردنم لە میسرەوە ، بەشداری کۆنفراسی عەرەبی سەرکردەکانی عەرەب ، یەکەم کەس بووم کە دەرەوەی رێکخراو مۆڵەتی گۆڤارم دەرهێناو دوو گۆڤاری فکریم دەرکرد ( لە هەلێکدا بە وردی لە سەر ئەم مەسەلەیە ئەنووسم) ، من خۆشکێکی کەم نەبیستووە برا بەرێتە دەرەوە و گەورەیان بکات ، زۆرترین خەڵاتم پێدراوە بەراورد بە کورد، بەشداری زۆرترین کۆنفراس و بۆنەی فکریم کردووە بەراورد نەک تەنها بە کورد بە زانکۆکەی خۆشم ، زۆرترین پۆستی مافی مرۆڤم وەرگرتووە، پێشبینی زۆربەی کێشە وکارەساتەکانی کۆمەڵگەی خۆمم کردووە و زۆر پێشتر لێوەی دواوم ، گەرچی لە بەر ئەوەی کچی حزبێک نەبووم هیچ ڕوناکی نەخراوەتە سەر، ژمارەیەکی زۆر کتێبم چاپ کردووە ، بەڵام ژمارەی چاپ نەکراوەکان زیاترن، لە باشترین زانکۆکانی کەنەدا ئەمەی ئێستا ئەیخوێنم پێنجەم بڕوانامەی خوێندنە بە دەستی ئەهێنم و ..تد ئەمانە جۆرە دەستکەوتێکن هەموو کەس ناتوانێت لە ماوەی  پازدە١٥ ساڵدا هەمووی بە دەست بهێنێت و بەردەوامیش لە ژێر ئەرکێکی قورسی خێزانیدا بێت و کاریش بکات.

ث/ ناخؤشترين شت لة ذيانتدا ضي بووة؟
ناخۆشترین شت پاش لە مردن و شەهید بوونی چەند ئەندامێکی خێزانکەم، ئەوە بوو کە لایەنی مادی رێگرم بوو لەوەی سایکۆلۆژیای کلینیکی تەواو بکەم.  لە پاڵ ئەمانەدا ئێستا هەندێ جار بەو سەفەرانەی خۆمدا دەچمەوە کە تەنها یەک جاریش بۆ خۆشی خۆم سەفەرم نەکردووە ؛ ساتێکیش بۆ خۆشی خۆم نەبووە هەمووی بە کارو چالاکیەوە سەرقاڵ بووم تەنانەت ئەوەندەم بوار بە خۆم نەداوە شار و وڵاتەکان ببینم کە گەڕاوم هەستێکی ناخۆشم لا دروست دەکات لە بێهودەیی ئەچێت.

ث/ شانازي بة ضيةوة دةكةيت؟
بەر لەم پرسیارەی تۆ بیرم لەم پرسیارە نەکردوەتەوە، پێدەچێت مرۆڤ بکەوێتە شانازییەوە ئیتر لە داهێنان بوەستێت . ئەکرێت شانازی بەوە بکەم توانیومە ئەو پرەنسیپەی خۆم هەمیشە پراکتیک بکەم کە یان کارێک نەکەم یان بیگەیەنم بە لوتکە  ، ئەگەر زانیم ئەبێت بە هۆی دۆڕان، لە خەڵکی دی ئازایانەتر و خێراتر بن بڕی بکەم لە ژیانی خۆمدا. 
ث/ سەفەرت بۆ چەند وڵات وبۆچی کردووە؟

پێشتر سەفەرم کردووە بۆ بەشداری بوون لە بۆنەی ئەدەبی یان بۆنەی ژنان یان خەڵات وەرگرتن. بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا لە ١٢ دوازد وڵاتدا بەشداری ئەکادیمیم کردووە و هەندێ وڵاتیشتیان دووبارە بوونەتەوە. بەشدار بوونەکان و بانگهێشتەکان وەکو خوێندکاریەکی زانکۆی کەندی بوون نەک وەکو کوردێک، منیش هەموو هەلێک بە خۆمم وتووە ئەمە یەکێکە لە باشترین فاکتەرەکانی بە جیهانیکردنی جینۆسایدی کورد و ئەگەر منیش نەیەکم کەسیەکی دی نایکات، بۆیە تەنها ئەو سەفەرانەم ڕەتکردوەتەوە کە لە ڕووی مادییەوە نەمتوانیوە پێی هەستم و ئەوانی دی هەرچیەک بووبێت بابەتەکە من گرێمداوە  بە کێشەیەکی کوردەوە، بۆ ئەوەی کورد  دەنگی هەبێت لەو شوێنەدا. تەنانەت هەندێ جار کۆنفراسەکە پەیوەندی بە سیستمی خوێندنەوە هەبووە لە کەنەدادا من هاتووم ڕاڤەی ئەوەم کردووە چۆن خوێندنی فرە رەهەند ئەتوانێت نوێنەرایەتی میللەتانی بێ نوێنەر وەکو کورد بکات لە بواری ئەکادیمیدا بۆ ئەوەی گوزارشت لە ئازاری خۆی بکات. ئەمانە هەموویان باش بوون و دەنگ وڕەنگی کورد بوون ، بەڵام ئەو هەموو ساختە و بێ دەربەستی وناپرۆفیشناڵی وبەژەوەندی خواییە لە سەردانی ئەم دواییەمدا بۆ کوردستان بینیم سەبارەت بە جینۆسایدەکانی کورد کۆمەڵێک نیشانەی پرسیاری لە بەردەم هەموو پرسێکدا پێ داناوم، نازانم ئەگەر ئەو نیشانەی پرسیارانە نەبن بە کۆتی دەستی و قاچم بۆ ئێستا بە دوا. 

ث/ بيَ هيوايةت بةرامبةر ضي؟
بەرانبەر بە عەقڵ و دیدەبینی کورد سەبارەت بە ڕابردوو و ئەمڕۆ و داهاتووی. بەرانبەر بە ساسەتنەزانی وشارەزانابوونی کورد لە ڕاڤەکردن وگەیاندی ئازارە گەورەکەی کە ناوی جینۆسایدە و وڵاتانی دی توانیان بیکەن بە ئامرازی ڕزگار بوونی یەکجاریان و ئێمەش کردوومانە بە ئامرزای کویلە بوونی یەکجاریمان.

ث/ ذن ضؤن دةتوانيَت بووني خؤى بسةلميَنيَت لة كؤمةلَطةيةكي داخراودا، كوردستان بةنمونة؟
لە یەکم دیداری ڕۆژنامەوانیدا لە سەرەتای دەستپێکردنم بە نووسین وتم سروشتی کۆمەڵگە وەکو سروشتی مرۆڤە ، سەرەتا سەر و لاشەی و دوایش دەست و قاچەکانی دروست ئەبێت.  وەکو مناڵ پێ دەگرێت ، کامڵ دەبێت وپیر دەبێت ودەمرێت . هەر چەند کوولتورە ناپەسەند باوەکان گەورە ببن ، ببن بە بەشێک لە سەر و چاو و هزری کۆمەڵگە دواجار پیر دەبێت و دەمرێت ، پێوسیتە هەموو ژنێک ئەمە بزانێت. بۆیە هزری زیندوو ئەو چەند بەردەبارانیش بکرێت لە لایەن عەقڵە پیرەکانەوە ، دواجار ئەوی دوای دەمرێت و زیندووەک ئەمێنێتەوە. گرنگە مرۆڤێکی باو نەبێت، بۆ چاولێکەری شت نەکات ، لە هەمان کاتدا بە دروستی لە کۆنسیپتەکان تێ بگات نەک وەکو ئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە. خاوەنی خوێندنەوە و تایبەتمەندی، دیدە بینی وکەسیەتی خۆی بێت  ، لە هەموویان گرنگتر متمانەی بە خۆی هەبێت و کەسیش لە خۆی چاکتر خۆی ناناسێت بۆیە گوێ بۆ دەنگی ناوەوەی بگرێت نەک ژاوە ژاوی دەرەوە. ئەزموونی من ئەوەی فێر کردم هەر کەس بە ژن وپیاو بەردی تێگرتم بۆ ئەوە بوو ویستی ببێت بە من، یان من ببم بە هی ئەو ، کە هیچیشیان نەبوو بەردەبارانیان ئەکردم ،  ئێستاش زۆریان بە من ئەڵێن مناڵەکانیان بکەم بە خۆم.


کەس ڕەحم بەو کاولەیە ناکات ناوی نیشتمانە


Kaziwa Salih's photo.
لە سەرەتای مانگی ٨وە سارن ئازەر ناسراو بە سەلاح کە پزیشکێکی کورد بوو لە کەنەدا ٤ منالەکەی خۆی دزیوە کە تەمنیان ٣ ، ٧، ٩، ١١ ساڵن، پۆلیسی نێو دەوڵەتی ، ئەنتەرپۆل و پۆلیسی کەنەدی و میدیا و دەزگاکانی مافی مرۆڤ و مناڵان بە خۆییەوە سەرقاڵ کردووە. ئەم کەسە ماوەیەک بوو بە حساب کاری خیرخوازی ئەکرد و سەردانی کۆبانی ئەکرد گوایە هاوکارییان ئەکات و بەزەیی بۆ مناڵانی بێ دایک و باوک کەوتووی کورد دەرئەبڕی ، بەڵام هەمان ڕەوایەتی نادات بە مناڵەکانی خۆی. لە کەنەدا کاتێک دایک و باوک لە یەک جیا ئەبنەوە بە پێی یاسا پیویستە هەردوو لا مناڵەکان بە پێی ئەو خشتەیەی بۆیان دانراوە ببینن، وە ئەگەر کەسێکیان مناڵەکانیان بردە دەرەوەی وڵات-کەنەدا پیویستە مۆلەت وەربگرن. ئەم کوردە بە مۆڵەت مناڵەکانی دەبات بۆ فەرەنسا گوایە بۆ سەفەری ساڵانەیان ئەبات ، لەوێوە مناڵەکانی دەبات بۆ کوردستان بە پێی هەوالەکان ١٥-٨ لە فرۆکەخانەی سلێمانی دابەزیون.
ژنێکی کەنەدی ڕێگە ئەدات هاوسەرەکەی ناوی کوردی بنێت لە هەر چوار منالەکەی (دەرسیم، ڕۆژئاوا، شارەوان ومیتیان )، واتە ڕێگە ئەدات مناڵەکانی بە جۆرە ناوێک بانگ بکرین کە بۆ کولتووری کەنەدی لەو ناو منداڵاندا نامۆیە
متمانە بە هاوسەری پێشووی ئەکات، چوونکە باوکی مناڵەکانیەتی ڕێگە ئەدات بینباتە دەرەوەی کەنەدا
ئەویش ' زۆر مەردانە' کورد بوونی خۆی ئەسلمێنێت ، کەنەدا کوردستان نیە خۆیان واتەنی ژنەکەی ' حیز" بکات بەڵکو بە کەس و کاری بیدات بە کوشتن یان هیچ نەبێت لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە بیکوژێت وەکو ژمارەیەکی زۆری پیاوانی بە ناوی خوێندەوار و زانا و بە ڕەوشتی کورد ئەیکەن، بۆیە مناڵەکانی خۆی لە دایکیان ، لە هاوڕییەکانیان ، لە خوێندن ، لەو هەموو مافەی لە کەندادا بۆ مناڵ دەستەبەرە ئەکات ودەینبات بۆ بەشێک لە دنیا کە ئەمڕۆ دۆزەخی سەر زەوییە . ١٥٠٠٠ هەزار کەنەدی نامەی بۆ سەرۆکی کەنەدا نووسیوە داوای دەستێوەردانی لێ ئەکەن . دەسەڵاتی کوردی کەم بە گەندەڵ ناسراوە لە دنیادا خۆی بێ دەنگکردووە و کە دەبوو هەر لە یەکم ڕۆژەوە بە دەست بە سەری رادەستی پۆلیسی کەنەدی بکردایە و لانی کەم دەربارە تاوانە نێو دەوڵەتیەکان ڕەحمیان بەو کاولەیە بکردایە وەکو لە ناوخۆدا ڕەحمی پێ ناکەن، ژن ڕۆژانە لە بەر چاوی ئاسایش وپۆلیسەکەی ئەکوژرێت و دایک لە دادگادا لە مناڵ دەکرێت.
کورد ساڵی چەندجار میدیای جیهان بە جۆری ئەو توندتیژیانە بەرانەبەر ئەندامانی خێزانی خۆیان ئەنجام ئەدەن سەرقاڵ ئەکات، پیاوی کوردە کچی خۆی کوشتووە، هاوسەری خۆی لە بەرزترین نهۆمەوە هەڵداوەتە خوارەوە، سزای بەعسیانەی منداڵی داوە و دایک دەکات بە دوژمنی مناڵی خۆی ناهێڵێت بیانبینێت، وا ئێستاش مناڵی خۆی دەڕفێنێ و....
تێ بینی: میدیای کوردیش بێ دەنگی هەڵبژاردووە ، پێ ئەچێت بەشدارکردن لە تاواندا ئاسایی بێ ، پاراستنی تاوانباریش کوردایەتی بی.
لەم لینکانەدا گوێ لە هەستی ئەو دایکە بگرە

https://ottawacitizen.com/news/politics/government-urged-to-act-on-canadian-kids-abducted-to-iraq

https://nationalpost.com/news/politics/they-had-been-told-not-to-trust-me-how-alison-azer-briefly-reunited-with-her-abducted-children
https://www.theglobeandmail.com/opinion/article-international-abductions-canada-has-to-move-faster-when-foreign/


چەند تێ بینیەک سەبارەت بە کۆنفراسی ئێزیدیەکان

Kaziwa Salih's photo.

ڕۆژی یەک شەمە ١٣-١٢-٢٠١٥ کۆنفرانسی پاراستنی ئێزیدیەکان بە سەرپەرشتی ماڵی کورد لە تۆرۆنتۆ و ڕێکخراوی هاریکاری ئێزدیەکان لە ئەمەریکا بەڕێوە چوو. وەکو میوان و بەشداربوویەکی ئەو بۆنەیە، پێم وایە باشترین بۆنەی کوردی بووە هەتا ئێستا لە تۆرۆنتۆدا بینیومە لە بەر ئەم هۆیانە.
١- ئاگادارم ئەم کۆنفرانسە تەنها لە ماوەی مانگێکدا ڕێک خرا ، لە گەڵ ئەوەشدا لە زۆر وڵاتەوە خەڵکیک لە سەر حسابی خۆی بەشداری کردبوو. لە وڵاتانە ، ڕوسیا ، ئەرمینیا ،ئەمەریکا، ئەڵمانیا و هەندێ وڵاتی دی ئەوروپی.
٢- لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە باشترین بوو هەتا ئێستا ، جگە لەوەی بەخێرهاتن و ماڵئاوایی بە باشی و گونجاو بوو، بەڕێوەبەری پانەڵەکان مەریوان زۆر بە توانا بوو لە گرێدان وبەڕێوەبردنی هەموو بڕگەکان
٣- بۆ یەکەم جار هەموو وتارە کرمانجیەکان کران بە ئنگلیزی و نە ئێمەی سۆرانی قسەکەر و نە ئنگلیزەکان بێ بەش نەبوونی لە تێگەشتن
٤- لەو ماوە کەمەدا نامیلکەی کۆنفراسەکە بە شێوەی پرۆفیشناڵانە چاپ کرابوو
٥- کۆنفراسێکی مرۆیی بوو ، بە هەموو شێوەیەک ڕێگە گیرا لە ' چەلەحانیەی' سیاسی.. تاکی ئێمە زۆری پێخۆشە لاسایی سیاسیەکان بکاتەوە لە گوتاردا چەندین ساڵە بۆنەکانی هەڵبجە وئەنفالمان بە نەڕە نەڕی سیاسیانە لێ ئەشێوێت و کەس ناتوانیت دوو وشەی باش بە بێگانە بگەیەنێت پاشانیش هەر نەڕە نەڕکەرەکان خۆیان ئەچنەوە داوای هاوکاری لەو سیاسیانە ئەکەن کە دژیان نەڕاندوویانە.. ئەم دانەیە لە نەڕەی و پرتە و بۆڵەی سیاسی بۆ مەرامی کەسی بە دوور گیرا.
٦- وەکو هەموو کۆنفراسەکانی جینۆساید خەڵکێک هەبوو ئەزموونی خۆی بەش بکات لە گەڵ ئامادە بوان.
٧- لووسی کە سەرۆکی رێکخراوەکەی ئەمەریکایە توانایەکی باشی دەرخست لە خێرا کۆکردنەوە و خەڵکێکی ئێزیدی کە لە گەڵ ئەو هەموو خراپەی کورد هەتا ئەمرۆش بە تاکی ئێزیدی ئەکات و لە ڕووی کولتوریە ئەیانچەوسێنێتەوە ، خۆیان زۆر بە کورد بزانن و هۆشیان بخەنە سەر لایەنە ئەریەی و جوانەکان هەتا لایەنە بۆگەنەکانی کۆمەڵی کوردی و سیاسەتی کوردی.
٨- یەکەم بۆنەیە دوو تەلەفزیون راستەخۆ بیگۆزێتەوە و چەندین میدیای دیش لە سەری بنوویت
------ چەند تێ بینیەک بۆ باشترکردن لە داهاتوودا----
١- خوازیارم لانی کەم ٦ مانگ بۆ کۆنفراسێک دابنێن نەک تەنها مانگیک بۆ ئەوەی قسەکەرەکان بتوانن ئامانج دەستنیشان بکەن و خۆیان ئامادە بکەن و خۆشتان بەو شێوەیە ماندوو نەبن و وە کاتی زیتارتان هەبێت بۆ بانەگەشە و بانگهێشتی خەڵک.
٢- هەرگیز بۆنە لە سەر ئێزیدی مەکەن بە بێ هەبوونی وتارێک لە سەر ئاین و زەپۆشی ئێزیدی، چونکە خەڵکی خۆشمان و دنیاش بە هۆی هەڵە تیگەشتن لە ئاینەکەیان بێ حورمەتیان پێ کردوون. بۆیە یەک وتاریش بێت هەموو کۆنفراسێک بوترێتەوە هێشتا پێویستە.
٣-یەک چرکەش بۆنەکە دوا نەخەن بۆ ئەوەی خەڵک زۆر بێت .. مادام خەڵکی ئێمە کاتێک ئەچێت بۆ بۆنەیەک وا ئەزانێت بۆ سەر کانی ئەچێت، ئێوە چاوەڕوانیان مەکەن ، تەنها قسەکەرانیشی تێدا بێت دەست پێ بکەن و بەرنامەکەی خۆتان دوا مەخەن. خوازیارم ئەمە یەکەم کۆنفراس نەبێت و ساڵانە جوانتر و سەرکەوتووتر دووبارە ببێتەوە
-----------
ئەوە ماوە بڵێم ئەو هەزاران کەسەی لە جنێوداندا بەهرەدارن، ئەو هەمووەی خۆیان بە پێشەکەوتوو ئەزانن، ئەوانەی باسی مافی مرۆڤ ئەکەن ، ئەوانەی مەسەلەی ژنیان کردوە بە ئامانجی حزبی وئیدۆلۆژی، ئەوانەی خۆیان بە دژی ئیسلام ئەزانن و ئەوانەی خۆیان بە بێ ئاین ئەزانن، ئەوانەش هەندێ جار توندە کوردایەتی و هەندێ جار شلە کوردایەتیمان بۆ ئەکەن لەم بۆنەیەدا بەشدار نەبوون ، هۆکارەکەشی لە سەدا ٩٩%ئەوەیە ؟؟؟؟؟ . . مرۆڤی ڕاستگۆ لە کاتی تەنگانەی خەڵکەکەیدا هەموو پرەنسیپێکی حزبی و ئیدۆلۆژی و ئاینی وەلاوە ئەنێت و روو دەکاتە هاوکاریکردن.

کەنەدا کۆنفرانسێك بۆ کۆمەك و هاوکاری ئیزیدییەکان بەڕێوەدەچێت

کەنەدا کۆنفرانسێك بۆ کۆمەك و هاوکاری ئیزیدییەکان بەڕێوەدەچێت

12/15/2015


عوسمان عەلی . کەنەدا
لەسەر داخوازی رێکخراوی سندوقی خیرخوازی ئیزیدیەکان لە ئەمریکا ، رۆژی ١٣/ ١٢/ ٢٠١٥ ماڵی کوردی تورونتۆ لە ژێر دروشمی کوشتنی بە کۆمەڵ و ئاوارەبوونی ئیزیدییەکان کۆنفرانسێکی بەمەبەستی هاوکاری وبە جینوساید ناساندنی ئێزیدییەکان لە هۆڵی نۆرت یورك سڤیك سەنتەری - ی تورونتۆ رێکخست .
سەرەتا بە مارشی نیشتمانی ( ئۆ کەنەدا ) و سروودی ئەی رەقیب و ساتێك وەستانی بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی ئیزیدی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان کۆڕەکە دەستی پێکرد . پاشان مەریوان کێستەیی و راژان ئەمین بەخێرهاتنی ئامادەبووان کراو تەوەر و بەرنامەی کۆنفرانسیان بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە.
لەو کۆنفرانسەدا کە رێکخراوەکانی ئەنجوومەنی شەنگال دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا و رێکخراوەکانی ئێزیدی لە وڵاتانی سوید و فەرەنسا و ئەمریکا و کەنەدا و هەروەها نوێنەری حزب و کۆمەڵەی ئەنجوومەنی میللی کلدانی سریانی ئاشووری و سەنتەری کۆمەڵەی جوولەکە لە تورونتۆ و کۆمیتەی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێك هاتبوون لە بەرپرس و کارگێری کۆمیتە سەباح عەنکاوەیی و عوسمان عەلی و بەرێز دوکتۆر رێبوار ئیسماعیل جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ٣ ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئامادەی بوون ژمارەیەك وتار و دوو پانێڵی تایبەت بە جینوساید و کۆمەکی ئاوارەکان پێشکەشکران .
سەرەتا چەتۆ وانی بەرپرسی ماڵی کوردی تورونتۆ لە وتارێکدا بەخێر هاتنی میوانانی کرد و پاشان مەبەستی رێکخستنی کۆنفرانسەکەی لە دوو خاڵدا بۆ ئامادەبووان روونکردەوە یەکەم بۆ گەیاندنی جینوسایدی ئیزیدییەکان لە کەنەدا ، دووەمیش  بۆ  کۆمەك و هاوکاریکردنی ئاوارەکانی شەنگال بەتایبەتیش دوای ئازادکردنی ناوچەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکە بۆ زێدی خۆیان و دابینکردنی پێداوێستی بژێوی ژیانیان .
دوو وتار لەلایەن هادی ئەلیس لێپرسراوی مەڵبەندی زانیاری تورونتۆ و نوێنەری رێکخراوی سەنتەری جولەکە لە تورونتو پێشکەشکران .
  یەکەم پانێڵی هاوبەش تایبەت بوو بە باس و لێکۆڵینەوە لەسەر پرۆسەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پاکتاوی نەژادی و فڕاندنی کچان و ژنانی ئێزیدی  دوای داگیرکردنی شەنگال لە ٣/ ٨ / ٢٠١٤ لە لایەن چەکدارانی داعش و کاریگەری دەروونی لەسەر خەڵکی ناوچەکە ، بەسەرپەرشتی زەکەریا عومەر بۆ هەریەك لە فیکرەت ئیگریك بەرپرسی ئەنجوومەنی ئیزیدییەکان لە ئەڵمانیا و دیندار شێخانی بەرپرسی رێکخراوی لالش لە سوید و کازیوە ساڵح کاندیدی دوکتورا لە بواری جینوساید لە زانکۆی یۆرك و ئەندامی رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و رەفیق سەعنی سەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری ژنانی ئازادکراوی ئیزیدی بەڕێوەچوو .
 بەشداربووانی پانێڵ پشتیوانی خۆیان بۆ کوردانی ئیزیدی دەربڕی و ئاماژەیان بە بەڵگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کوشتنی ژن و پیاو منداڵی ئێزیدییەکان دا کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە شەنگال ئەنجامدراوە . نوێنەری ئەنجوومەنەکانی پانێڵ لە باسەکەیاندا خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا بۆ بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ناساندنی جینوساید ئیزیدییەکان . هاوکات  ڕۆڵی هاوکاری سەربازی و پشتیوانی وڵاتانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو شەڕڤانان لە شەڕی دژە تیرۆری چەکدارانی داعش بەرز نرخاند  . 
لە درێژەی پانێڵدا شرۆڤە و  لێکۆڵینەوە بۆ جینوسایدی ئێزیدیەکان کرا ،  کازیوە ساڵح  چالاکوانی مافی مرۆڤ لە سەرەتای باسەکەیدا وەکو پێناسەیەك ئاماژەی بە ناو کەلتوورو رەچەڵەكی ئیزیدییەکان کرد  ، پاشان تیشکی خستە سەر پرۆسەی جینوسایدی نەتەوەکانی ئەرمەن و جوولەکە و کورد لە سەردەمی ڕابردوودا ، خاتوو کازیوە  بەشێکی پانێڵەکەی تەرخانکرد بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هەمیشە لەناو خەڵکیدا باوە کە بۆچی ئێزیدییەکان زیاتر ڕووبەڕووی جینوساید دەبنەوە و ژنەکانیان لاقە ئەکرێت ؟ ئایا لەبەر ئەوەی موسڵمان نین ؟ کازیوە بۆ ئامادەبووانی روونکردەوە کە ' ئیزیدییەکان لەبەر ئەوەی کە کوردن بۆیە دووچاری جینوساید بوون نەك لەبەر ئەوەی کە موسڵمان نین ، بۆ بەڵگەی ئەمەش  زیاتر روونی کردەوە کە لە میانەی دیداری چەند کەسێكی ئازادکراوی کچان و ژنانی ئیزیدی ئاشکرایان کرد کە ئەوان لەلایەن تیرۆرستانی داعش دوای بە موسڵمانکردنیان و نوێژ کردنیش لاقە کراون یاخود لەبازاڕی کڕین و فروشتندا مامەڵەیان پێوە کراوە .  ئەمە یەکێکە لەو بەڵگانەی کە لاقە کردنی کچانی ئیزیدی پەیوەندی بە نا موسڵمان بوونی ئەوانەوە  نییە. نموونەشی بۆ ئەوە هێنا کە  پێشتریش لە پرۆسەی ئەنفاڵ بە هەمان شێوە کچ و ژنانی کورد کە موسڵمانیش بوون لاقە کراون یان فرۆشراون بە یانەکانی وڵاتانی دیکەی عەرەب ، وە ئەو کەسانەشی مامەڵەی کۆیلەتی و فروشتن بە ژنانی کوردەوە دەکەن هەمووی کەسانی سروشتین لە نەتەوەی موسڵمانی عەرەبن ، کەواتە  ئەم ڕەفتارە پەیوەندی بە کەلتوور و ئاینی خۆیانەوە هەیە . بۆیە هەمیشە ژنانی کورد لەلایەن داگیرکەرانەوە  لەبەر کورد بوون لاقە کراون ، چونکە یەکێك  لە بنەماکانی لاقەکردنی ئینسانی کورد ئەوەیە کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەمیشە کارەکتەرەکانی جینوساید لەناو ئەو  میللەتەی کە لاقە ئەکرێن بەردەوام کارەکتەرەکانی جینوساید خۆی زیندوو ئەکاتەوە  . چونکە داگیرکەران کوردیان بە موسڵمانی ساختە زانیوە  ، ئیتر کورد موسڵمان بێت یان نا لاقە ئەکرێت بۆیە دەبێت کورد خۆی ئەم ڕاستییە بزانێت . ئەگینا هەزاران جاری دیکەش داگیر ئەکرێت و لاقە ئەکرێتەوە .
جێی ئاماژەیە کازیوە ساڵح چالاکوانی مافی مرۆڤ و جینوساید ئاشکراشیکرد کە سەرۆك وەزیرانی نوێی کەنەدا جوستن تڕودۆی ئاگادار کردووە  کە چۆن بایەخ بە ئاوارەکانی سوریا دەدات بە هەمان شێوە کار بۆ ئێزیدییەکانیش بکات و بییانهێنێت بۆ کەنەدا.
فیلمێکی  دیکیۆمینتاری سەبارەت بە داگیرکردنی ناوچەی شەنگال لەلایەن تیرۆرستانی داعش و ئاوارە بوونی خەڵکی ناوچەکە بەرەو کەمپەکانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان و گوزەرانیان لە کەشوهەوای زستانی ناو  ئوردوگاکاندا نمایشکرا .
لە میانەی کۆنفراسەکەدا تابلۆیەکی سەمای ماتەمینی لەلایەن تیپی کۆما دیلان بەسەرپەرشتی فەتحی کەرەکچی پێشکەشکرا . بەجۆرێك سەرنجی ئامادەبووانی بۆ لای پیرۆزی لالشی شەنگال و ئیزیدییەکان ڕاکێشا .
دواتر دووەم پانێلی تایبەت بە کۆمەک و هاوکاریکردنی ئاوارەکانی خەڵکی شەنگال بەبەشداری فەرهاد جوندی لە رێکخراوی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە فەرەنسا وسەیڤی داود نوێنەری ئەنجوومەنی هاوکاری ئیزیدییەکان لە ئەمریکا و سەلام داود چالاکوان  لە رێکخراوی  مافی مرۆڤ لە وڵاتی سوید و لوسی ئۆسویان ژنە چالاکوانی جڤاتی خێرخوازی ئێزیدییەکان لە کەنەدا و دوکتۆر لیلی چارنیڤا لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوو ، باسی بەشداربووانی پانێل بە گشتی گوزارشت بوون لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی شەنگال و دەوروبەری و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان ، هەروەها داواشیان لە سەرمایەداران و رێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان کرد کۆمەکی تەواوی ئاوارەکانی شەنگال بکەن بۆ رزگار کردنیان لە ژیانی ئاوارەیی و مەینەتی کەمپەکان .
لە کۆتاییدا لیژنەیەك لە هەردوو رێکخراوی ماڵی کورد و سندوقی خێرخوازی ئێزیدیەکان پێکهێنرا بۆ وەرگرتنی کۆمەك و یارمەتی ئاوارەکانی شەنگال 

بۆ شەیتان پەرەستەکانی ئەمەریکا ئەیانەوێت بە ئێزیدی بناسرێن؟

جینۆسایدی سایکۆلۆژی و کولتووری ئێزدیەکان
کازیوە ساڵح
بەشی ١٢

                                                   بۆ شەیتان پەرەستەکانی ئەمەریکا ئەیانەوێت بە ئێزیدی بناسرێن؟                                       

   بە پێی بۆچوونەکانی کابتن جۆن سمیت کۆمەڵێک لە هندیە سورەکانی ڤێرجینیا  لە ساڵی ١٦٠٧ دا شەیتان پەرەست بوون (Huber,2014) بەڵام قسەی کەسێکی وەکو سمیت کە سەربازیەکی هەمیشە و کابتنێکی بەریتانی، و خۆی یەکێک بووەلە سەربازانی داگیرکاری هندیەکان زۆر متمانە پێکراو نیە. بەڵام بە شیوەی فەرمی لە ساڵی ١٩٢٣ وە لە بەریتانیا و پاش ماوەیەک لە ئەمەریکاش کۆمەڵەی شەیتانپەرستی مۆڵەتی فەرمیان وەرگرتووە و بوونیان هەبووە.
  لە ڕۆژهەڵاتدا نزیکەی لای هەموو نەتەوەکان و لە هەموو وڵاتەکان لە کۆتایی ساڵی حەفتاکانەوە شەیتان پەرەست هەبووە لە ناو کورددا نەبێت. ئێران یەکیکە لەو ولاتانەی لە سەردەمی پێش زەردەشتەوە شەیتان پەرەستی تێدا بووە و لە گەڵ هەموو سەرکوتکردن و تۆقاندنەکانیشدا نەتوانراوە ببڕ بکرێت و تەنانەت لە ساڵی ٢٠٠٩دا ١٠٤ سەد و چوار کەسیان لە ساتی پراکتیزکردنی زەپۆشی شەیتان پەرەستیدا دەست بە سەرکرد.                           .                      
  لە تورکیادا لە ١٩٩٦دا چەندگروپێکی شەیتان پەرەستی تیا دەرکەوتووە و بە ئاستێک ئەو کاتە دەوڵەتی شپرزەکردبوو کە ١٩٩٧ کامیرەی شاراوەی بۆ ماسیونیەکانیش دانابوو ، لە هەر شوێنێکدا زەپۆشەکانیان بە زمانی عبری بەڕێوە بردبێت دەوڵەت پێی وابوو شەیتان پەرەستی ئەکەن ، لە ترسی بڵاونەبوونەوەی ئەو دیاردەیە ماسیونەکانیشی خستوەتە ژێر فشاری سڕینەوە.                 
لە وڵاتانی عەرەبیدا لە هەموویاندا لە قۆناغە جیاوازەکاندا زۆپۆش و کۆمەڵی شەیتان پەرەستی دەرکەوتووە .
    لە میسردا و لە قەسری بارووندا ساڵی ١٩٩٧ گەورەترین گروپی شەیتان پەرەست گیران کە هەموویان میسری بوون، ئەمانەی میسریش هەموو رەمزیەت و زەپۆش و پۆشاک و جوڵە و سەماکانی شەیتان پەرەستەکانی ئەمەریکا و ئەروپایان جێ بە جی ئەکرد. بە پێی ئەو ڤیدیویەی بە نهێنی گیرابوو. ئەو کات پۆلیس ١٤٠ سەد وچل کچ و کوڕی لێ گرتن زۆربە  لاو بوون تەمەنیان لە نێوان ١٥-٢٤ بوو ، بە پێی هەواڵ و دۆکۆمێنتەکان هەموویان منداڵی دەوڵەمەند بوون. ئەمانە گۆرانی مەرگ و ڕەش بینی ، عەبەس و مخدەرات و سێکس و سەمایەکی بێزرا کەر ، جل و بەرگی ڕەش کلتوری گشتیانە و کەسێکیش ببێت بە ئەندامیان ناتوانێت لیان جیا ببێتەوە بە هۆی هەڕەشەی کەسەک باڵاکانیان ، بۆ ئەوەی زانیاریەکانیان و نهێنیەکانیان پارێزراو بێت. ئەمەی دواییان کەمتر لە گەڵ کولتووری شەیتان پەرەستەکانی ئەمەریکادا وێک دێتەوە، پێدەچێت تەنها عەبەس و یاخی بوونێک بووبیت بەرانبەر بە ژیانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کە لە گەڵ خۆزگە و داوای گەنجاندا نەگونجاوە . کەشەپتان پەرەستەکان لە وڵاتانی کەنداودا دەرکەوتن وەکو هەمیشە ئەمەریکا و جولەکە و ماسوێنیان تاوانبارکرد بە ناردنیان بۆ تێدانی یەکڕێزی عەرەب وئاینەکەیان.  بەڵام  دەوڵەمەند بێت یان هەژار بە شیویەکی گشتی شەیتان پەرەستەکانی ڕۆژهەڵات ئالودەی مادەی هۆشبەر و زیادەڕۆیی و لاقەکردن وکۆمەڵێ کێشەی کۆمەڵایەتی دیکە بوونەتەوە.              
 تا ئێرە ئەو چەندە دێڕە مێژووەی شەیتان پەرەستیم لە ڕۆژهەڵاتدا خستە ڕوو بۆ ئەوەی ڕوون بێت هەموو ئەوانەی کە کوردییان تاوانبارکردووە بە شەیتان پەرەست خۆیان شەیتان پەرەست بوون و هەتا ئەمڕۆش راوی شەیتان پەرەستەکانە لە وڵاتەکانی خۆیاندا.  بەڵام پێویستە ئەوە لای کورد ڕوون بێت ، کورد شەیتان پەرەستی نەبووە چوونکە مەلا و گوتار بێژی وەکو ئەمانەی ئەمڕۆ لە ناو کورددا  بوونیان هەیە نەبوون،
ئیسلامی سیاسەتگەر و ئاینی بەرژوەندی وبازرگانیمان نەبووە، خەڵک وەکو بۆ ماوەیەک کە لە دایک وباوکەوە بۆی ماوەتەوە لە ئاینی ڕوانیوە و تەژی نەکردووە بە هیچ تەوژمێکی دی جگە لە پەیوەندیەکی خودایی، ئەمڕۆ کە هەموو ناچیزەکان کە لەو وڵاتانەی ناوم هێنان و شەیتان پەرەستیان هەیە دەرکەوتووە ئاساییە شەیتان پەرست وهەموو جۆرە پەرەستنێکی دیکەش لە کوردستاندا دەربکەوێت، دەرکەوتنی ئەو جۆرە بە ناو باوەڕدارەی پرۆسەی جینۆسایدی سایکۆلۆژی وکلتوری بەکار ئەهێنن هەموو جۆرە توندڕەوێک لە ناو کورددا ئەهێنێتە ئاراوە بە شەیتان پەرەستیشەوە.                                                        

 لەخوارووی ئەمەریکا و ئەوروپاشدا دەیان گروپی شەیتان پەرەستی دەرکەوتوون ئەوەی لام گرنگە ڕوناکی بخەمە سەرئەو گرووپەی لە ئەمەریکادا لە سەرەتایی سەدەی بیستدا دەرکەوتوون و دەیانەوێت خۆیان بە ئێزیدیەوە بلکێنن . ئەم گرووپە لە لایەن شاعیری ئەمەریکی وە لە ساڵی ١٩٧٠وە دامەزراوە و ناوی ناوە زەپۆشی فێری. (May 21, 1917 – September 20, 2001) ڤیکتۆر هەنری ئەندرسن
Thorns of the Blood Rose  ئەندرسن یەکەم کتێبی شیعری خۆیی لە ساڵی ١٩٧٠ بڵاوکردووەتەوە بە  ناونیسانی
. لەم کتێبەیشدا هەندێ بۆ چوونە عەبەس و نامۆکانی دەرئەکەون، وتویەتی هەر شیعرێکی ئەم کتێبە نامەیەکە بۆ خوداوەندێکی ژن . پاشان لە گەڵ هاوسەرەکەیدا کۆرا ئان ئەندرسن لە سالێ ١٩٧٤ کلتوری فێرییان بڵاوکردەوە و دەیان ئەندامیان لە دەور کۆبووە لە گەڵ ئەوەی هەندێکیان باوەڕییان تا ئاستێک جیاواز بوو ، بەڵام بە یەکەوە ڕێکخراوەکەیان بەڕیوەئەبرد. ئەم ڕێبازەش باوەڕی بە کۆپیبونەوەی ڕۆح هەیە ؛ باوەڕیێان بە سیحر و بەڕێوبردنی زەپۆشەکەی هەیە؛ لە دەستورەکەیاندا هاتووە کە شەیتان بەخشندەیە؛ شەیتان گوزارشتە لە تٶڵە کردنەوە؛ شەیتان میهرەبانە لە گەڵ ئەو کەسانەی شایانی میهرەبانین؛ شەیتان بوونێکی ملموسی هەیە پابەند نیە بە وەهمی ڕوحانی؛ شەیتان گوزارشت لە گوناهەکانی مرۆڤ ئەکات؛ شەیتان نوێنەرایەتی مرۆڤ و ئاژەڵ ئەکات و هەندێ جار پێی وایە ئاژەڵ لە    )                                                                                      Alder,2006(مرۆڤ باشترە و..تد 
ئەندرسن بەردەوام لە دیدار و دانیشتنەکانیدا وتویەتی بە ڕۆح ئێزیدیم، گروپەکەشی وتویانە ئێزیدین ، لە ساڵی نوسەد وسێیەکاندا چەند ئێزیدیەکیان بینیوە و لەوە تێگەشتوون کە ئێزیدیش باوەڕی بە کۆپی بوونەوەی ڕۆح هەیە، ئەمە و بۆچوونەکانی زەردەشت تەنها بەهانەیەکیان بووە بۆ ئەوەی بڵێن ئێزیدین ( عبود،٢٠٠٥)، لە گەڵ ئەوەی کۆمەڵەی فێری وەکو لە پەیڕەوپرۆگرامەکەیاندا هاتووە و شەیتان مەلمووسە و باوەڕی بە وەهمی ڕۆحی نیە و ئێزیدیش ئاینیەکە ڕۆحی یە. بەڵام بۆ سەرۆکی کۆمەڵەکەیان ئەندرسن ناکاریگەرە چوون دەستەواژەی ڕۆحی بۆ هەر ئایدۆلۆژی وڕێبازێک لە روانگەی ڕێز و پەسەندکردنی ئەو ئایدۆلۆژییە دێت نەک یەک بوونیان، سەدان کەس پاش کارەساتی ئێزیدی گووتی ئێزیدم ، پاش کارەساتی ئەرمەنی وتی ئەرمەنیم، ئەگەر لە ساڵی سێیەکانەوە ئەردنسن ڕێزی ئێزیدی گرتووە و لە مێژووی و ڕێبازیان تێگەشتووە ئەمە هەڵوێستێکی ئەرێێیە، بەڵام لە هەمان کاتێشدا ئاکاری دوو جەمسەری لێ ئەکەوێتەوە چوون ئەوان بە ڕاستی شەیتان پەرەستن و جادوگەر و یەکێک لە توندڕەوترین ئەو گروپانە بوون کە لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا حکومەتی ئەمەریکی لە ڕێگەی یاساوە بۆ ماوەیەکی زۆر یاساغیکردن  و لە ناو خەڵکدا هەتا ئەمڕۆش نەفرەت لێکراوون. ناوهێنانی ئێزیدی لە لایەن ئەم جۆرە خەڵکەوە لە ئەمەریکاو ئەروپادا هیچ خزمەتێکی بە ئێزیدی نەگەیاندوو و گەیاندنی مێژووی ڕاستەقینەشیانی بە ڕۆژئاوا گرانترتر کرد. لە لایەکی دی بوو بە بەهانەیەکی بۆ ئەوانەی لە دێرەوە مێژووی کورد وئێزیدی لەکەدار ئەکەن. ئەمە لە کاتێکدا هیچ کام لەو پەیڕەو پرۆگرام و باوەڕانەی لە کلتوری فێری هاتووە  جگە لە کۆۆپیبوونەوەی ڕۆح نەک لە هیچ کام لە کتێبە پیرۆزەکانی ئێزیدیدا نەهاتووە لە قسە زارەکیەکانیشیانەوە نزیک نیە. لە گەڵ ئەوەشدا کورد ئەوەی ئەوان ویستویانە جێ بە جێی کردووە و تەنانەت پاش ئەو کارەساتە گەورەی بە سەر ئێزیدیدا هات هێشتا میدیای کوردی ڕێگە بەو داعشە کوردییانە ئەدات کە ناوی خۆیان ناوە مەلا لە میدیاکانەوە ناتۆرە و تۆمەت و شەیتان پەرەستیان ئەخەنە پاڵ. ئەمە لە کاتێکدا دێت کە لە مێژووی کارەساتەکەوە دەیان نووسین سەبارەت بە مێژووی دروست وڕێبازی ئێزیدی نووسراون ، با ئەوەش لە بیر بکەین لەم سەدەی بیست ویەکەدا کە تاکەکانی جیهان لە سەر مانگ ئەبن بە کرێ چی و عەقڵی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی تەکنۆلۆژییەوە جێگەی بە خوا لەق کردووە و هەموو زۆربەی ئەو کارانەی تا ئێستا تەنها بە توانای خودا باس ئەکرا کۆنترۆڵ کردووە. کورد باوەڕی بە شەیتان و تاوانبارکردنی خەڵک بە شەیتان پەرەستەوە سەرقاڵە، لە هەمان کاتیشدا داوای سەربەخۆی ئەکات. ئەبوو ئەو هەموو ئازارە ئێمەی کوردی لە هەموو مرۆڤەکان مرۆڤترکردبایە، سەیرە مرۆڤی مرۆڤ بتوانێت تەنانەت ئەگەر باوەڕیشی بە بوونی شەیتان هەبوو، شەیتان تاوانبار بکات.        




سەرچاوەکان:
·          Adler, Margot (2006). Drawing Down the Moon: Witches, Druids, Goddess-Worshippers and Other Pagans in America (third ed.). London: Penguin.

·          Iran arrests 104 "devil worshippers": reporthttp://www.reuters.com/article/2009/05/25/us-iran-arrests-devil-sb-idUSTRE54O3RK20090525

·          عبود، زهير كاظم ( ٢٠٠٥) عدي بن مسافر: مجدد الديانة الأيزيدية ، مؤسسة الدراسات العربية , بیروت ، لبنان


.

دوالیزم





کە پێیان ئەڵێم بۆ هاوسەرگیری لە گەڵ فارس و عەرەب و تورک ئەکەن( دیارە لێرەدا مەبەستم بێگانە نیە، من تەنها 
ناوی سێ نەتەوەم هێناوە)، وەها گرێیەک ئەهێننە ژیانی کەسی خۆتانەوە ، پێم ئەڵێن تۆ مۆدێرن نیت، ژیانی کەسی نابێت ئەو لێکدانەوانەی تیا بێت ( واتە کۆیلایەتی و هەتا مردن ڕاستی نەوتن ئاساییە) دوایش کە ئەڵێم بۆ خیانەت ئەکەن، لە گەڵ کەسێکدا یان شەریفانە بژین یان شەریفانە جیا ببنەوە ، ئەڵێن مۆدێرن بە مرۆڤ نابێت ئەوەندە خۆی ببەستێتەوە، خۆ ئێمە خیانەت لە کێ ئەکەین لە دوژمنانی گەلەکەمان.. { ئەمەیان شۆڕشە ها:)} دەی خوایە سوپاس کە بە کورد دروستت کردم ئەگینا چۆن ئەمتوانی لە چەمکێکی قورسی وەکو مۆدێرنە بگەم.